بکوژی ئەفسەرەکەی کەرکوک بەکوژراوی دۆزرایەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوک بەپلەی عەقید، تەرمی کەسێکی دیکە لەناو ئۆتۆمبێلکدا لەنزیک ناحیەی تازەی باشوری کەرکوک دۆزرایەوە، کە گومان دەکرێت تەرمی بکوژی ئەفسەرە کوژراوەکەی پۆلیسی کەرکوک بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پۆلیسی کەرکوک لەبونی تەرمێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لەنزیک ناحیەی تازە ئاگاداردەکرێتەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس دەچنە شوێنی ڕوداوەکە، دەرەکەوێت کە تەرمەکە شوێنەواری فیشەکی پێوەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەرکەوتوە کە ئەو تۆتۆمبێلەی تەرمەکەی تیا دۆزراوەتەوە، هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە تاوانی کوشتنی عەقید زەید عادل بەڕێوەبەری پێشوی بنکەی پۆلیسی عەرەفەی پێ ئەنجامدراوە.

هاوکات، شارپرێس زانیویەتی، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی کەرکوک، ئەو کەسەی تەرمەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دۆزراوەتەوە، هەمان ئەو کەسەیە کە ئەفسەرەکەی کوشتوەو دواتر لەنزیک ناحیەی تازە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا خۆشی کوشتوە.

لەهەمانکاتدا، عەبدولئەمیر شممەری وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر کوشتنی ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی کەرکوک هاتەدەنگ و داوایکرد لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت و تاوانباران رێکاری توندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

محەمەد سەردار