شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
دوای هێرشی ته‌دمور بۆسه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا، ململانێی گەورە لەناو حکومەتی دیمەشق له‌نێوان ئیخوان موسلیمین‌و شەرع لەلایەک‌و لەنێوان شەرع‌و هاوڕێ جیهادیەکانی پێشوی وەک حوراسه‌دین‌و ئوگور له‌لایه‌كى دیكه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، شاره‌زایان‌و چاودێرانیش پێیانوایه، ئه‌گه‌ر شه‌رع سه‌رجه‌م خواست‌و داواكارییه‌كانى هه‌سه‌ده جێبه‌جێبكات، ئه‌وا به‌ربه‌سته گه‌وره‌كه‌ى سه‌ر ڕێگه‌ى حوكمڕانیه‌كه‌ى نامێنێت.
ئەمەش کێشەی گەورە بۆ شه‌رع دروستكردوه کە ناتوانێت بەئاشکرا شەڕی داعش بکات‌و لەهەمانکاتدا ناشتوانێت شەڕ لەگەڵ ئەو جیهادییەکانه‌ش بکات كه ساڵه‌هایه هاوئاوازو هاوڕێبازن‌و ناشتوانێت لەڕوی سەربازییه‌وه سه‌ركه‌وتوبێت له‌چونى بۆ ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریادا، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ئاشكرابوو، ئه‌وكه‌سه‌ى هێرشیكردوه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا، كارمه‌ندى وەزارەتی ناوخۆی حکومەته‌كه‌ى شه‌رعه.
به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى، هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لەته‌دمور (پاڵمێرا) لە 13ی ئه‌م مانگه، چاوه‌ڕوانكراو، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەحمەد شه‌رع سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، کە پەیوەندییان بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە کردوە.
هه‌روه‌ك چاودێرانى دۆخى سوریا پێیانوایه، ئەگەری زۆر هەیە، هێرشەكه‌ى ته‌دمور، سەرەتای زنجیرەیەک هێرشى دیكه بێت بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا کە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی شه‌رع، ئێستا چالاکی دەکەن‌و لەهەمانکاتیشدا دورنییە كه هێرشى چڕ‌و خوێناویش بۆسەر هێزەکانی سەر به‌شەرعیش ڕوبدات لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی ناو وەزارەتی بەرگریی‌و ناوخۆ، به‌تایبه‌ت گروپه‌كانى (حوراسه‌دین‌و ئوگور).
دەرئەنجامی هێرشه‌كه‌ى سه‌ر ئه‌مریكا كه بوه کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی، کێشە گەورەکانی ناو حکومەته‌كه‌ى شه‌رعى بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرد.
چاودێرانى سیاسیى‌و سه‌ربازیى سوریى‌و كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان بۆ شارپرێس بۆچونى خۆیان ده‌ربڕیى‌و ده‌ڵێن، "ئەحمەد شه‌رع‌و تیمە دیپلۆماسی‌و سەربازییەکەی، بەرگەی هیچ هێرشێکی داهاتوو لەدژی ئەمریکا لەسوریا ناگرن"، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گێڕایه‌وه، تائێستا شه‌رع نەیتوانیوە کۆنترۆڵی هەموو ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە گوایە لەژێر چاودێریی‌و چه‌ترى وەزارەتی بەرگریدان، وەک گروپە چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانى سەر بەتورکیاو گروپە توندڕەوەکانی دیكه‌ى وه‌ك (حوراسه‌دین ئوگور)".
هه‌روه‌ك باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، ئەو هێرشە ئاشکرایکرد كه ئیخوان موسلیمین لەگەڵ گروپه‌كانى حوراسه‌دین‌و ئوگور، لەدژی حکومەتی شه‌رع ڕێکەوتنێکی نهێنیان ئه‌نجامداوه‌و لەدامودەزگا هه‌ستیاره سه‌ربازییه‌كاندا سه‌رقاڵى خۆڕێكخستنه‌وه‌ن‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش دژى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كراوه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بوه، هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه.
سه‌ركیس قەسارجیان ڕۆژنامەنوس‌و شارەزای کاروباری تورکیا شرۆڤه‌ى دۆخى ئێستاى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع‌و گروپه توندڕه‌وه‌كانى بۆ شارپرێس كرد‌و وتى، "سه‌ره‌تا پێویسته سەرنج بخه‌ینه‌سه‌ر ململانێکانی نێوان ئیخوان‌و مەزهەبی سەلەفی کە خودى شه‌رع سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، بێگومان ململانێی نێوان شه‌رع‌و ئیخوانه‌كان زۆر گەورەیە، هه‌ر ته‌نها ئایدیۆلۆژیی نییه، بەڵکو سیاسیشە، بەوپێیەی هەرلایەنێک دەیەوێت بەدیدگای خۆیەوە بێتەسەر دەسەڵات".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سەرکیس قەسارجیان بۆ شارپرێسى ئاشكراكرد، "حكومه‌تى سوریا له‌دوو فراكسیۆنى ئایدۆلۆژیی‌و سیاسیى پێكهاتوه، ئه‌وانیش ئیخوانه‌كان‌و سەلەفیه‌كانه كه شه‌رع سه‌رۆكایه‌تى سه‌له‌فیه جیهادیه‌كان ده‌كات، بەڵام ئه‌وه‌ى زۆر جێگه‌ى سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، بەشێک لەئیخوانه‌كان‌و بەشێکیش لەسەلەفیە جیهادیەکان لەدەسەڵات‌و دامه‌رزاوه هه‌ستیاره‌كان دورخراونەتەوە، ئه‌مه‌ش وایكردوه، كوتله‌یه‌ك له‌ئیخوان‌و جیهادیه‌كان یه‌كبگرن له‌دژى شه‌رع‌و حكومه‌ته‌كه‌ى".
به‌بڕواى قەسارجیان، "نابێت کاریگەریی فاکتەری دەوڵەتی ناوچەکە فه‌رامۆشبكه‌ین، چونكه حکومەتی ئێستای دیمەشق ناتوانێت پاڵپشتی ئیخوان موسلیمین بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئیخوان لەلایەن زۆرێک لەوڵاتانى جیهان‌و به‌تایبه‌ت ئه‌مریكاوه، نه‌ك هه‌ر قبوڵكراو نییه، به‌ڵكو له‌لیستى تیرۆریشدایه‌و سعودیه‌ش له‌پاڵ ئه‌مریكاو ئه‌وروپا دژایه‌تى خۆى بۆ ئیخوان ڕاگه‌یاندوه".
ئه‌وه‌شى وت، "بەڵام لەهەمانکاتدا شەرع ناتوانێت به‌ئاشكرا ئیخوانه‌كان پشتگوێبخات‌و دوریان بخاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى، قەتەرو تورکیا هەردوکیان پاڵپشتی ئیخوان دەکەن‌و لەهەمانکاتیشدا، پاڵپشتێكى گه‌وره‌ن بۆ شه‌رع‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى، هه‌ربۆیه شەرع له‌م نێوانه‌دا هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی نوێ له‌نێوان ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانى له‌لایه‌ك‌و توركیا‌و قه‌ته‌ریش له‌لایه‌كى دیكه‌وه دروستبكات".
قه‌سارجیان زانیاریى گرنگى له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه ئاشكراكرد‌و وتى، "ئەحمەد شه‌رع کۆنترۆڵی هەموو ئەو گروپە چەکداره‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ده‌ستدا نییه كه گوایه ده‌وترێت، سه‌رجه‌م ئه‌و هێزو گروپانه‌ى چه‌كیان له‌ده‌ستدایه، له‌ژێر كۆنترۆڵى وه‌زاره‌تى به‌رگریدان، نمونەی ئەمەش ئەوەیە، لەکاتی ئەو ڕوداوانەی کە لەکەمپی جیهادی فەرەنسی لەئیدلب ڕویاندا، حکومەته‌كه‌ى شەرع نەیتوانیی دۆخەکە کۆنتڕۆڵبکات‌و لەکۆتاییشدا ناچاربوو وەک ناوبژیوانێک دەستوەردان بکات، نەک وەک دەسەڵاتدارێک کە قسەی کۆتایی هەبێت".
ئه‌وه‌شى وت "لەلایەکی دیكه‌شه‌وه گروپه چەکداره‌كانى سەر بەتورکیا، مۆته‌كه‌یه‌كى دیكه‌ن به‌سه‌ر حوكمڕانیى شه‌رعه‌وه، ئه‌گه‌رچى ده‌وترێت هه‌مویان لەژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگریدان، بەڵام تائێستا ئەو گروپە چەکدارانە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بەرگری مامەڵەیان نەکردوەو هەر ململانێیەک کە لەداهاتودا سەرهەڵبدات، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گروپە چەکدارانە دەستبەجێ ڕوو لەتورکیا بکەن‌و بڕیار له‌ئه‌نكه‌ره وه‌ربگرن، نه‌ك دیمه‌شق".
سه‌ركیس قه‌سارجیان بۆچونى وایه، "به‌گوێره‌ى ئه‌و خوێندنه‌وه‌و نزیكایه‌تیه‌ى له‌گه‌ڵ شاره‌زایان‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان هه‌مانه، ده‌توانین وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره به‌ڕونى بده‌ینه‌وه كه ده‌وترێت ئایا شەرع دەتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ئارامکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و پابه‌ندكردنى جیهادییە ناوخۆییەکان دروستبکات له‌چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كاندا، بەڵێ، شه‌رع ده‌توانێت".
زیاتر ده‌ڵێت، "شه‌رع دەتوانێت هاوسەنگی دروستبکات، بەڵام بەهاوکاری دەوڵەتانی ناوچەکەو لەهەمانکاتیشدا به‌هاوكاریى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى خواسته‌كانى هه‌سه‌ده‌ى به‌دیهێناو توانیى متمانه لاى كورد دروستبكات، پێموایه هه‌سه‌ده ده‌توانێت ئه‌و ناڕێكیانه ڕێكبخاته‌وه كه ئێستا له‌چوارچێوه‌ى دیسپلینه سه‌ربازیه‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى‌و دامه‌زراوه ئه‌منیه‌كاندا هه‌ن، ئه‌ویش ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هه‌سه‌ده‌یه دژى جیهادیه‌كان‌و كۆتاییپێهێنانیان".
