شارپرێس:
سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەى حكومه‌تى هه‌رێم كه خۆیشى ڕۆژنامه‌نوس‌و كادیرێكى ئه‌و حزبه‌یه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌لایه‌ن هێزێكى پاراستنى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیيه‌وه ڕفێندرام‌و توره‌كه خرایه‌سه‌رم"، ده‌شڵێت، "سه‌رباریى جوێن‌و سوكایه‌تى، بۆ ماوه‌ى شه‌ش كاتژمێریش لێیاندام"، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "میران به‌كر دوو ساڵه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌نوسینگه‌ى وه‌زیرو ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌ته‌وه نه‌ماوه".
ڕۆژنامەنوس نەبەز ڕەشاد لەشارى هەولێر ئاشكرایكردوه، "میران بەکر لەڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێیڕاگەیاندم، شه‌ش كاتژمێر لەلایەن هێزی پاراستنی مەکتەبى سیاسی یەکێتیی له‌هەولێر ڕفێندرام‌و تورەكە خرایەسەرم‌و با بۆکس لێیاندام".
میران بەکر وتویه‌تى، "لەنزیك باڵەخانەی مەکتەبى سیاسی یەکێتیی کە بەکۆشکی سپی ناسراوە، لامداوەتە دوکانێك شت بکڕم، هێزیکی یەکێتیی کە ئەرکی پاراستنی مەکتەب سیاسی یەکێتییە لەهەولێر، هێرشیانکردەسەرم‌و تورەكەیان لەسەرم ناو شه‌ش كاتژمێر نەمزانی منیان بردە کوێ‌و بەردەوام جوێن‌و لێدان‌و سوکایەتیان پێدەکردم، دواتر لەشوێنێک منیان فڕێ‌دا".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه ئیڤان خاڵە مامەندی هاوسەری میران بەکر لەپەیجی تایبەتی خۆی زانیاریى زیاترى له‌باره‌ى ڕفاندنى هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسویەتی، "ئەوەی بەرامبەر میران بەکر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە کرا له‌لایه‌ن هێزی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، تەنها ڕفاندنی کەسێک نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی شکۆی مرۆڤ‌و یاسایە لەناو جەرگەی پایتەختدا".
ده‌شڵێت، "ئاخر لۆ، لەسەرچی؟ پیاوی کوشتبوو یان سوتاندبوی یاخود هێرشیکردبوو بەچەک؟ جا بەس مابوە تەیارەی لۆ بنێرن، میران حه‌وت هەویەی یەکێتیی‌و ڕۆژنامەوانی له‌گیرفانیدا بوو، ئینجاش توره‌كه‌تان خسته‌سه‌رى‌و ڕفانتان‌و شێوازی داعشانەتان نواند، ئەوەش تەنها لەو دەسەڵاتە بێمتمانانە دەوەشێتەوە کە لەسێبەری خۆیان دەترسن، ئەوپەڕی سەرشۆڕییە، هێزێک بەپارەو چەکی ئەم میللەتە پەروەردەکرابێت، لەسەر ئەمرێک کە لەسەروی خۆیانەوە، وەک "سەگ" بەربدرێنە گیان‌و کەرامەتی گەنجی ئەم وڵاتە".
شارپرێس به‌دواداچونى كرد بۆ ئه‌و ڕوداوه، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه وتى، "ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌ت هیچ زانیارییه‌كمان نییه‌و له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه بیستومانه".
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشیكرد، "ماوه‌ى دوو ساڵه میران به‌كر هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌نوسینگه‌ى وه‌زیرو ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه نه‌ماوه".
هێرشكردنه‌سه‌ر میران به‌كر یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نوسه دیاره‌كانى یه‌كێتیى له‌لایه‌ن هێزێكى ئه‌و حزبه خۆیه‌وه له‌كاتێكدایه، له‌ماوه‌كانى ڕابردودا، میران چه‌ند زانیاریى‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى له‌سه‌ر "گه‌نده‌ڵیه‌كانى" ژنه په‌رله‌مانتارێكى حزبه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه‌و ئاشكرایكرد.
