شارپرێس:
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (MHP)، لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا ڕایگەیاند کە هیچ بەربەستێکی یاسایی یان دیموکراسی نابینێت بۆ ئەو ڕێپێوانەی کە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) دەیەوێت لە 4ی کانوونی دووەمی 2026 لە ئامەد ئەنجامی بدات.
باخچەلی جەختی کردەوە کە کۆبوونەوە و دەربڕینی داواکاری مافێکی دەستوورییە و بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسییە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە پێویستە زیادەڕەوی لەسەر ڕێکخستنی ئەم ڕێپێوانە نەکرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پارتەکانی دیکە ژمارەیەکی زۆر ڕێپێوانیان ئەنجام داوە.
لەوچوارچێوەیەدا، باخچەلی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەنگاوەکانی دەم پارتی بەرەو بوون بە پارتێکی نیشتیمانیی، بەڵام هۆشداری دا کە داواکردنی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەوانەیە لەگەڵ ڕێڕەوی ئاشتیانەدا نەگونجێت و ڕێگر بێت لە گەیشتن بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر".
باخچەلی ئاشکرای کرد کە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025، بە ئاشکرا داوای ئازادی یان دەرچوونی لە زیندانی نەکردووە. ئەو ئەم بانگەوازەی بە "تاکە سەرچاوەی پابەندکەر" دانا و داوای لە دەم پارتی کرد کە داواکارییەکانیان لەوە بەرزتر نەبێت کە ئۆجەلان خۆی دیاری کردووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
