به‌فه‌رمى هێنانى ماتۆڕسكیل قه‌ده‌كراو له‌باره‌ى ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكانیشه‌وه‌ بڕیاردرا

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تى هەرێم دوای ئەوەی ڕێنمایی نوێی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی دەرکرد، جارێکی دیکە جه‌ختده‌كاته‌وه‌، بەهیچ جۆرێک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا-ش تۆمارناکرێت.


ڕێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەنێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق یەکخراوە، مەرج‌و ڕێنمایی‌و پێوەری نوێی هاوبەش دانراون‌و بەدەر لەو ڕێنماییانە ڕێگە بەهاوردەکردنی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادرێت.

د. سامی جەلال ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئاشكرایكردوه‌، ڕێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەعێراق‌و هەرێم یەکخراوەو بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بڕاوەو ژێرئاوکەوتوو و سوتاو نادرێت، هاوکات هیچ ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا تۆمارناکرێت.

د.سامی جەلال بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى وتویه‌تى، "بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیاردان لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن، لەهەموو دەروازەکان‌و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ ئامێری سکانەری پێشکەوتوو دادەنرێت، هەموو وردەکارییەکانی ئۆتۆمبێلەکە دەخوێنێتەوەو پێوەرەکان لەلیژنەو هەڵسەنگاندنی کەس دەکرێن بەئەلیکترۆنی".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "خاوەنی پێداویستیی تایبەت لەگومرگ‌و تابلۆو ڕسومات بەخشراوە، دەتوانێت ئۆتۆمبێلی مینی ڤان هاوردە بکات ئەگەر پێنج مۆدێل کۆنتربێت، دوای پێنج ساڵیش دەتوانێت بەهەمان مەرج‌و ڕێنمایی ئۆتۆمبێلێکی دیکە هاوردە بکات، کێشەی براکێت چارەسەرکراوەو بەبەشێک لەشانسی هەژمارناکرێت".

ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی چوارساڵ قەدەغەکراوە، تەنها حکومەت‌و کۆمپانیاکانی دیلیڤەری دەتوانن هاوردەی بکەن، ئەو کۆمپانیاو بازرگانانەی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیان هەیە، فریانەکەوتون هاوردەیان بکەن، یان ئۆتۆمبێلەکانیان لەڕێگه‌ن‌و نەگەیشتون، دەتوانن بەڕێنمایی کۆن ئەو ئۆتۆمبێلانەیان هاوردەبکەن کە مۆڵەتیان بۆ وەرگرتون".

به‌گوێره‌ى ڕێنمایی نوێی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، هەر ئۆتۆمبێلێک بەقاچاغ هێنرابێتە عێراق‌و هەرێم، یان بەپارچەی یەدەگ هێنرابێت‌و لەعێراق لەحیمکرابێت‌و بەیەکەوە لکێنرابێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان‌و بەفەرمی هاوردەنەکرابن، بەهیچ جۆرێک تۆمارناکرێن‌و ژمارەیان پێنادرێت.