شارپرێس:
هه‌شت پارتى سیاسیى له‌توركیا ڕاپۆرتى كۆتایی خۆیان ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى توركیا كردوه، له‌كۆى ئه‌و هه‌شت پارته‌ش، ته‌نها پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتى) له‌ڕاپۆرته‌كه‌یدا پرسى هه‌سه‌ده‌ى به‌پرۆسه‌ى ئاشتیى له‌توركیاوه به‌ستوه‌ته‌وه، ئۆجه‌لانیش جه‌ختده‌كاته‌وه، "پرۆسه‌ى ئاشتیى بۆ توركیایه‌و هه‌سه‌ده په‌یوه‌ندیى به‌م وڵاته‌وه نییه".
پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئاک‌پارتی) ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان کردوه‌و تێیدا تێکەڵبونی هەسەدەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کردوەتە مەرج.
ڕاپۆرتەکەی ئاک‌پارتی کە لە15 بەش‌و 60 لاپەڕە پێکدێت، پێشكه‌ش به‌ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا‌و هاوكات سەرۆک ئاک‌پارتی کراوه.
دوای وەرگرتنی بۆچونی سه‌رۆكه‌كه‌یان واته ئەردۆغان، هەینی ڕابردوو لەلایەن مستەفا شەن یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی‌و عەبدولحەمید گوڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو پارتەو جونەید یوکسەل سەرۆکی کۆمسیۆنی داد، ڕاپۆرتەکە ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
دوای ئه‌وه‌ى عەبدولحەمید گوڵ بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک‌پارتی راپۆرتەکەى پێشكه‌شكرد ڕایگەیاند، پێشنیازیانکردوە یاسایەکی تایبەت، سەربەخۆو کاتیی دەربکرێت‌و هەنگاوی پێویست لەڕوی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی‌و بەدیموکراتیکردنەوە بنرێن.
وتیشی:"ئاک‌پارتی پێشنیازی دامەزراندنی میکانیزمێکیشی کردوە بۆ تۆمارکردن‌و پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان".
ئه‌وه‌شى وت، "لەڕاپۆرتەکەدا ناونیشانەکانی وەکو کارە گشتییەکان لەتورکیا، تێڕوانینی ئاک‌پارتی بۆ پرسەکە، ئەو هەنگاوانەی لەسەردەمی ئاکپارتیدا نراون، هەوڵەکانی چارەسەری، ئامانجی سەدەی تورکیا، ئاماژەدان بەوتەی ئەوکەسانەی لەلیژنەکەدا گوێیان لێگیراوە، پێکهێنانی میکانیزمی دیاریکردن‌و پشتڕاستکردنەوەو ئەرکی ئەم میکانیزمە، کاریگەرییە ئابورییەکان، پێشنیازە نێودەوڵەتییەکان‌و مۆدێلی تورکیا، هەن".
به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئاكپارتى، یاسایەکی تایبەت سەبارەت بەپەکەکە دەردەکرێت کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوەو چەک دادەنێت، دواتر پلانی بۆ دادەنرێت کە یاسا چوارچێوەییەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ سنوردار بکرێت.
عەبدولحەمید گوڵ ده‌ڵێت، "ئەو ئەندامانەی دیكه‌ى پەکەکە کە تێوەنەگلاون لەتاوان، دوای دەرکردنی ڕێکاری یاسایی، دێنەسەر سنور، لەلایەن تیمی تایبەتەوە وەردەگیرێن‌و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەوان ناخرێنە زیندان‌و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەمەرج ئازاد دەکرێن، بۆ ئەوکەسانەشی تێوەگلاون لەتاوان‌و ئێستا لەزیندانن، سزاکانیان کەمدەکرێتەوە".
پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌و ڕاپۆرته‌ى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى توركیاى كردوه به‌وردى هاوشان له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه) باسى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده)شى كردوه‌و وتویه‌تى، "پابەندبونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕۆژئاوای کوردستان بەڕێککەوتنی 10ی ئادار، کراوەتە مەرج کە تێکەڵبونی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەخۆدەگرێت‌و ده‌بێت ئه‌و پرۆسه‌یه جێبه‌جێبكرێت".
هاوكات هەریەک لە(ئاک‌پارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەم پارتی، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی ڕەنج‌و پارتی چەپی دیموکرات‌و پارتی ڕێگەی نوێ) ڕاپۆرتی خۆیان پێشکه‌ش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە، به‌ڵام جگه له‌ئه‌ردۆغان‌و حزبه‌كه‌ى، هیچ پارتێكى دیكه‌ى توركیا، پرسى هه‌سه‌ده‌ى نه‌كردوه‌ته مه‌رجى سه‌رخستنى پرۆسه‌كه له‌توركیادا.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتی سەرجەم لایەنەکان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى توركیاوه، تیمێکی تایبەت ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە ده‌كات‌و دواى پەسندکردنیشى لەلایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەوە، ئاراسته‌ى پەرلەمانی تورکیا ده‌کرێت.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، سبه‌ینێ 22ى 12ى 2025، کۆمسیۆنى ئاشتیى په‌رله‌مانى توركیا، کۆدەبێتەوە بۆ نوسینی ڕ‌اپۆرتێكى هاوبه‌ش كه له‌هه‌شت ڕاپۆرتى جیاوازه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، سەرەتاى كۆبونه‌وه‌ى كۆمسیۆنه‌كه له‌میتینگێكدا چوارچێوەیەک دەستنیشاندەکەن‌و پاشان ڕەوانەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانى دەکەن.
جه‌ختكردنه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان‌و حزبه‌كه‌ى له‌سه‌ر پرسى هه‌سه‌ده‌و به‌ستنه‌وه‌ى به‌پرۆسه‌ى ئاشتیه‌وه له‌كاتێكدایه، پێشوتر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌دیداره‌كانى له‌گه‌ڵ وه‌فدى ده‌م پارتى په‌یامێكى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م پارته سیاسییه‌كانى توركیا كردوه‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، پرسى سوریا‌و به‌تایبه‌ت هه‌سه‌ده، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌پرۆسه‌ى ئاشتییه‌وه نییه.
ڕۆژی 10ی ئادارى ئه‌مساڵ، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا‌و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە به‌گوێره‌ى ڕاگەیه‌نراوی سەرۆکایەتیی سوریا، هەموو دامەزراوە مەدەنی‌و سەربازییەکانی سەر بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا یەکدەخرێن.
