شارپرێس:
سەرۆكی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ ئاشكرایكرد، ئەو پارەی لەبەردەستە بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووان دەگاتە نزیکەی 13 ملیار دینار.
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، بڕی ئەو پارەی لەبەردەستە بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووان دەگاتە نزیکەی 13 ملیار دینار".
دەشلێت، لەقۆناغی یەكەمدا 639 خێزان لەوەرگرتنی قەرەبوەكە سودمەند دەبن.
عەتا محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بڕی قەرەبوەکە کەمترین 400 هەزار دینارەو زۆرترینی چوار ملیۆن و 950 هەزارەو دەڵێت،" بەگوێرەی ئەو زیانەیە كەبەر خێزانەكە كەوتوە".
وتیشی، "هەندێک کەس هەیە زیان بەر ماڵ و ئۆتۆمبێل و شوێن کارەکەی کەوتوە ئەو کەسە هەرسێ قەرەبوەکە دەیگرێتەوە".
ئەمە دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی هاوكارییەكان لەچەمچەماڵ دەستیپێكرد.