شیکاریی: سیروان
عوبەید
جیهان بەرەو وەرچەرخانێکی
مێژوویی هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت بە "میتۆدی بازرگانی"
کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت، ئەورووپا لەبەردەم قەیرانی ناسنامە و
ئاسایشدایە. لەم شیکارییە چڕەدا، سێگۆشەی گرژییەکانی نێوان ترەمپ، پۆتین و
زێلینیسکی تاوتوێ دەکەین و تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵی شاراوەی چین، ئێران و کۆریای
باکوور لە نەخشەی نوێی جیهاندا.
دۆخی سەربازی و سیناریۆکان بۆ
ساڵی٢٠٢٦: پێشبینی دەکرێت لەسەرەتای ساڵی
نوێ (٢٠٢٦)، بەرەکانی جەنگ بچنە قۆناغی چەقبەستوویی یان یەکلاکردنەوەی ناچارکردن.
لەئێستادا ڕووسیا بەردەوامە لە فشاری توند لەسەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانیا “دۆنباس” و
هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچە ستراتیژییەکان دەدات پێش ئەوەی هەر دانوستانێکی
فەرمی دەست پێبکات. ڕێک ئەو لۆژیکەی کە پێی دەوترێت (Facts on the ground)، سەپاندنی ئەمری واقیع بەرلە مێزی
گفتوگۆ. لەکاتێکدا ئۆکڕانیا لە دۆخێکی بەرگری سەختدایە، بەهۆی کەمبوونەوەی
تەقەمەنی و داخورانی هێزی مرۆیی و تێپەڕاندنی هێڵی سووری بەرگری. وەک سەرچاوە
سەربازییەکان باسی لێوە دەکەن؛ دۆخەکە لەئێستادا زیاتر خۆی لە شەڕی تەکنەلۆژی
سەربازی دەبینێتەوە: فرۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دوورمەودا، کە هەردوولا ژێرخانی
وزەی یەکتری دەکەنە ئامانج بۆ شکاندنی ئیرادەی لایەنی بەرامبەر لەم زستانە سەختەی
ئەمساڵدا.
هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ و
ئەگەری "فرۆشتنی" ئۆکرانیا: چەسپاندنی 'لۆژیکی قازانجی سارد و میتۆدی
مامەڵەگەریی' ترەمپ لە کێشە جیۆپۆلیتیکییەکاندا، گەورەترین وەرچەرخان و مەترسییە لەسەر
کۆی سیستەمی نێودەوڵەتی، لەناویشیاندا داهاتووی سیاسی زێلینیسکی و سەقامگیریی
ئاسایشی کیشوەرە پیرەکە، ئەورووپا. سیاسەتی ترەمپ کە لەسەر بنەمای "ئەمریکا
لەپێش هەموو شتێک" (America First) کار دەکات و جەنگی ئۆکرانیا تەنها وەک
بارگرانییەکی دارایی گەورە دەبینێت و هەوڵەکانیشی بۆ وەستاندنی شەڕەکە پەیوەستە
بەو لۆژیکی چۆن قازانج بکەم؟” چونکە تێڕوانینی ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە وەک
"کۆمپانیایەکی بازرگانی" وایە، کە تێیدا دەبێت هەموو مامەڵەیەک
قازانجێکی ڕوونی بۆ ئەمریکا هەبێت، ئەگەر نا، هەرناوێکی هەبێت هیچ بەهایەکی بۆ ئەو
نییە. میتۆدی"بازرگانی ترس" ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، چەکی هاوکارییەکان و هەڕەشەی
کشانەوە وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنێت. ئەو فشاردەخاتە سەر زێلینیسکی بۆ ئەوەی
ڕازی بێت بە جێگیرکردنی هێڵەکانی ئێستای جەنگ، کە ئەمەش بە واتای دەستبەرداربوونی
خاکی ئۆکڕانیا دێت لەو ناوچانەی ئێستا ڕووسیا داگیری کردوون.
"فرۆشتنەکە" لێرەدا بە واتای بڕینی هاوکارییە سەربازییەکان دێت ئەگەر
ئۆکڕانیا بەپێی مامەڵەی تڕەمپ نەچێتە سەر مێزی دانوستان. لە هەمان کاتدا، هەڕەشەی
لابردنی پاراستنی ماددەی ٥ی ناتۆ وەک کارتێک دژی ئەورووپا بەکار دەهێنێت، و
هەڕەشەی پێدانی "پێشکەوتووترین چەک" بە ئۆکرانیا وەک کارتێک دژی پۆتین.
ئەمە ستراتیژییەکی دوولایەنەیە بۆ ناچارکردنی هەمووان بە قبوڵکردنی
"مامەڵەکانی ترەمپ". لە بەرامبەردا، ترەمپ دەیەوێت وەک
"ئاشتیخوازێک" دەربکەوێت کە ڕێگری لە جەنگی سێیەمی جیهانی کردووە و
پارەی باجدەرانی ئەمریکی پاراستووە. هەروەها، ئامانجێکی تری ترەمپ ئەوەیە کە پەیوەندییەکی
پراگماتی لەگەڵ پۆتین هەبێت بۆ دوورخستنەوەی ڕووسیا لە هاوپەیمانە نزیکەکەی-چین.
درزی ستراتیژی؛ ئەورووپا لە
نێوان سێگۆشەی هەژموونی تڕەمپ و پارادۆکسی ماکرۆن و پراگماتیزمی ئەڵمانیدا: وڵاتانی ئەورووپا لە
ترسێکی گەورەدان، بەڵام هەڵوێستیان یەکگرتوو نییە. فەڕەنسا و سەربەخۆیی ستراتیژی:
ئیمانوێل ماکرۆن و فەڕەنسا جەخت لەسەر "سەربەخۆیی ستراتیژیی ئەورووپا"
دەکەنەوە. ئەمە تەنها کاردانەوە نییە بەرامبەر ترەمپ، بەڵکو ئامانجێکی درێژخایەنی
فەڕەنسایە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا لەسەر کیشوەرەکە. ئەوان پێیان وایە هەر
ڕێککەوتنێک کە تێیدا ڕووسیا بە سەرکەوتوو دەربکەوێت، دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەواوی
کیشوەرەکە.
هەرچەندە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا،
ئیمانوێل ماکرۆن وەرچەرخانێکی لە هەڵوێستەکانی پێشوویدا نیشان دا؛ لە کاتێکدا
پێشتر جەختی لەسەر سەربەخۆیی سەربازی دەکردەوە، تەنانەت باسی لەئەگەری ناردنی
سەربازی ئەورووپی دەکرد بۆ ئۆکرانیا؛ ئێستا داوای گفتوگۆیەکی 'دادپەروەرانە و
شەفاف' لەگەڵ پۆتین دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە فەڕەنسا درکی بەوە کردووە کە
ڕەنگە ترەمپ چیتر پابەند نەبێت بە هاوکارییەکانی بۆ ئۆکرانیا و پاراستنی ڕۆژهەڵاتی
ئەورووپا، کەواتە، بەبێ ئەمریکا، ئەورووپا پێویستی بە دەرچەی دیپلۆماسی هەیە."
* ئەڵمانیا و پراگماتیزمی ئابووری: ئەڵمانیا زیاتر
لەسەر بنەمای "بەرژەوەندی ئابووری" و "بەرپرسیارێتی
مێژوویی"بیر لە ڕووسیا دەکاتەوە. ئەگەرچی ئەڵمانیا هاوکاری سەربازی زۆری
پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە سیاسەتمەدارانی وڵاتەکە دەیانەوێت
پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ ئاسایی بکەنەوە بۆ پاراستنی بازرگانی و وزە.
بۆشایی پیشەسازی و مەترسیی
ئاشتیی سەپێنراو: ئەگەرچی ئەورووپا هەوڵی داوە بودجەی سەربازی زیاد بکات، بەڵام
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە پیشەسازیی سەربازی کیشوەرەکە هێشتا ناتوانێت بۆشایی
گەورەی واشنتۆن پڕ بکاتەوە. ئێستا ئەورووپا وەک دواین ڕێگر لەبەردەم
"ئاشتییەکی سەپێنراو" وەستاوە و جەخت دەکاتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک زیان
بە سەروەری ئۆکرانیا بگەیەنێت، تەنها جێگیرکردنی مێژوویی مەترسییەکانی ڕووسیایە لە
داهاتوودا.
ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆی ناتۆ و
ڕووسیا: ئەم ئەگەرە هێشتا لە ئارادایە
بەڵام لاوازە. هۆکاری مەترسییەکە ئەوەیە کە ئەگەر ڕووسیا هەست بە سەرکەوتنی تەواو
بکات و بیەوێت پەلاماری وڵاتانی باڵتیک یان پۆڵەندا بدات، جەنگی ڕاستەوخۆ دەست پێ
دەکات. یان بەکارهێنانی چەکی ناوەکی تاکتیکی لەلایەن ڕووسیاوە دەتوانێت ناتۆ ناچار
بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بکات. لە بەرامبەردا، هۆکاری دوورکەوتنەوەکە ئەوەیە کە
ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت بچێتە جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ
ڕووسیا. یاخود باشترە بڵێین، ستراتیژی تڕەمپ زیاتر بەرەو مامەڵە
ئابووریەکانە" نەک گەرمکردنی جەنگ کە خەرجی دەوێت.
لەناو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەدا، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ٢٠٢٦دا فشارەکان
بۆ سەر ئۆکرانیا بگەنە لوتکە بۆ ئاگربەستێکی کاتی.. تیایدا:
١. دانوستانی ناچارکراو). ئەگەر هەیە ئۆکڕانیا بەسەر دوو بەشدا دابەش بێت (بەشێکی
ڕۆژئاوایی کە بەرەو یەکێتی ئەورووپا دەچێت، و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کە لەژێر هەژموونی
ڕووسیادایە)، بێ ئەوەی بە فەرمی دان بەو داگیرکارییەدا بنرێت.
٢. دابەشبوونی دیفاکتۆ). لە ئەنجامدا، ئەورووپا ناچار دەبێت زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت،
چونکە متمانەی بە پاراستنی ئەمریکا (چەترەکەی ناتۆ) لە سەردەمی ترەمپدا درزی
تێکەوتووە.
٣. گۆڕانی هاوسەنگی هێز).کورتەی دۆخەکە:
جەنگەکە لە قۆناغی "ماندووبوونی زۆر گەورەی ئۆکڕانیا"دایە. ڕووسیا
دەیەوێت بە زەبری هێز ئەوەی دەستی کەوتووە بیپارێزێت، ترەمپ دەیەوێت بە
"گرێبەستێکی سیاسی" کێشەکە تەواو بکات، و ئۆکڕانیاش لە نێوان هاوکارییە
کەمبووەکانی ڕۆژئاوا و هەڕەشەکانی ڕووسیادا شەڕی مان و نەمان دەکات.
گوتاری جەمسەرەکان؛ سێگۆشەی پڕ
لە گرژی: بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قەیرانە، پێویستە چاو بخشێنینەوە
بەو لێدوانە ستراتیژییانەی کە ئاڕاستەی جەنگەکەیان گۆڕیوە؛ ئەو گوتارانەی کە
ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانی واشنتۆن، مۆسکۆ و برۆکسلن:
١. دۆناڵد ترەمپ و
"کۆتایی چەکی سپی": ترەمپ لە لوتکەی فلۆریدا (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) بە ڕاشکاوی
ڕایگەیاند: "ئێمە چیتر ناتوانین بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی بۆ جەنگێکی
بێکۆتا لە ئەورووپا بە ڕەوا بزانین. یان دەچنە سەر مێزی دانوستان، یان
هاوکارییەکان بە تەواوی دەوەستن." ئەمە پەیامێکی توند بوو بۆ کیێڤ کە
سەردەمی هاوکاریی بێ مەرج (Blank Check) کۆتایی هاتووە و ترەمپ هاوکارییەکان وەک "چەکی فشار"
بۆ سەپاندنی ئاگربەست بەکاردەهێنێت.
٢. ڤلادیمێر پۆتین و
"واقیعی نوێی سەر زەوی": پۆتین لە یانەی ڤاڵدای (کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) وەک
براوەیەک دەرکەوت و وتی: "هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لەسەر بنەمای واقیعی سەر
زەوی بێت. ئۆکرانیا دەبێت بێلایەن بێت و ناوچە ئازادکراوەکان (داگیرکراوەکان)
نابێت ببنە بنکەی ناتۆ." پۆتین لێرەدا دەیەوێت ئەو دەستکەوتانە لە ترەمپ
وەربگرێت کە ئیدارەی بایدن ڕەتی دەکردنەوە، ئەویش چەسپاندنی داگیرکاری و
بێبەشکردنی ئۆکرانیایە لە ناتۆ.
٣. ئیمانوێل ماکرۆن
و "قەدەری سەروەریی ئەورووپی": ماکرۆن لە لوتکەی پاریس (کانوونی
یەکەمی ٢٠٢٥) وەک وەڵامێک بۆ واشنتۆن وتی: "ئەورووپا چیتر ناتوانێت
ئاسایشی خۆی بە قەدەری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە ببەستێتەوە. هەر ئاشتییەک
ئۆکرانیا بکاتە قوربانی، شەرمەزارکەرە و جەنگ دەهێنێتە ناو جەرگەی پاریس و
بەرلین." ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ درزێکی مێژوویی؛ ئەورووپا دەترسێت
مامەڵەکەی ترەمپ ڕووسیا بکاتە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی بۆ سەر تهواوی کیشوەرەکە.
٤. ڤلادیمێر
زێلینیسکی: "ئاشتی بەبێ دادپەروەری نابێت": زێلینیسکی لە وتارێکی
بێهیواییدا، (١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) گوتی: "ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام
تەسلیمبوون نا. ئەگەر هاوبەشەکانمان پشتمان تێ بکەن، بە تەنیا دەجەنگین، چونکە
ئەمە شەڕی مان و نەمانە." ئەم لێدوانە هاواری سەرۆکێکە کە لەلایەن
واشنتۆنەوە گەمارۆدراوە و پەنا بۆ ویژدانی مێژوو دەبات. ئەم لێدوانانە بە ڕوونی
دەری دەخەن کە جیهان لە ناو جەرگەی "سێگۆشەیەکی پڕ لە گرژی"دایە. ترەمپ دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت "گرێبەستەکە تەواو بکات" و دۆسیەکە
کۆتایی پێ بهێنێت، پۆتین لە هەوڵی چەسپاندنی "دەستکەوتەکان" و
بێهێزکردنی هەمیشەیی ئۆکرانیادایە، لە کاتێکدا ئەورووپا شەڕی ڕێگریکردن لە داڕمانی
تەواوەتی کیێڤ دەکات بۆ پاراستنی دواین سەنگەرەکانی ئاسایشی خۆی.
نەخشە ڕێگەی پێشنیارکراوی
دۆناڵد ترەمپ:
پلانەکەی ترەمپ لەسەر بنەمای
تێڕوانینێکی بازرگانی و سیاسی داڕێژراوە، نەک ڕێگە چارەی ئاشتی دادپەروەرانە بۆ
دوو وڵاتەکە.
پلانکەی ترەمپ سێ تەوەرەی
سەرەکی دەگرێتەوە:
.١. سەپاندنی "ناوچەی بێچەک" ترەمپ پێشنیاری
کردووە کە هێڵەکانی ئێستای شەڕ (کە نزیکەی ٢٠٪ی خاکی ئۆکڕانیا لەژێر دەستی
ڕووسیادایە) ببنە هێڵی سنووریی نوێ. پلانەکە بریتییە لە دروستکردنی ناوچەیەکی
پارێزراو بە درێژایی ١٢٠٠ کیلۆمەتر کە هێزە ئەورووپییەکان (نەک ئەمریکییەکان)
چاودێری بکەن. ئامانجی ترەمپ لەمە دوورخستنەوەی سوپای ئەمریکایە لە بەرپرسیارێتی
پاراستنی سنوورەکان و خستنی بارگرانییەکە بۆ سەر شانی وڵاتانی وەک پۆڵەندا،
ئەڵمانیا و بەریتانیا.
٢. دواخستنی ئەندامێتی ئۆکڕانیا
لە ناتۆ:
یەکێک لەخاڵەکان ئەوەیە:
ئۆکڕانیا بە فەرمی بەڵێن بدات تا ٢٠ساڵی داهاتوو هەوڵی چوونە ناو ناتۆ نەدات.
ئەمەش گەورەترین سازشە کە ترەمپ دەیەوێت پێشکەشی پۆتینی بکات. لە بەرامبەردا،
ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پڕچەککردنی ئۆکڕانیا، تا ڕووسیا جارێکی تر پەلاماری
نەداتەوە. ترەمپ لێرەشدا دەیەوێ جارێکی تر قازانج بکات لەفرۆشتنی ئەو چەکانەی
ئەمەریکا بەناوی پێویستی خۆپاراستن بەئۆکرانیا دەیانفرۆشێتەوە. بیانووی ئەمەیە کە
"خاڵی کۆتایی" کێشەکەیە لەگەڵ مۆسکۆ، چونکە پۆتین هەمیشە دەڵێت
ئەندامبوونی ئۆکڕانیا لەناتۆ هێڵی سوورە."
٣. قازانجێکی تری ئابووری” ئاوەدانکردنەوە لە
بەرامبەر نەوت و غاز، ترەمپ دەیەوێت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیاش بکاتە
دەرفەتێکی بازرگانی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. پلانەکە بریتییە لە تەرخانکردنی
گرێبەستە گەورەکانی کەرتی وزە و بونیاتنانەوە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکا. هەروەها،
دەیەوێت ئەورووپا ناچار بکات لەبری غازی ڕووسیا، غازی شلی ئەمریکی (LNG) بکڕن بۆ ئەوەی
"ئاسایشی وزەیان” پارێزراو بێت.
٤. ڕێگرییەکانی ئەورووپا: ئەورووپییەکان بە
توندی دژی ئەم نەخشە ڕێگەیەن لەبەر سێ هۆکار. یەکەم، پێیان وایە ئەمە پاداشتی
دەستدرێژیکارە و ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی پۆتین لە داهاتوودا پەلاماری وڵاتانی تری
ئەورووپی بدات. دووەم، ترەمپ دەیەوێت ئەمریکا تەنها چەک بفرۆشێت و ئەورووپاش
تێچووی ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی سنوورەکان بگرێتە ئەستۆ، کە ئەمە
بەرپرسیارێتییەکی دارایی گەورەیە بۆ ئەرووپا. سێیەم، ئەورووپا دەترسێت
دوورخستنەوەی ئۆکڕانیا لە ناتۆ، سەرەتایەک بێت بۆ لاوازکردنی خودی هاوپەیمانییەکە
و کشانەوەی ئەمریکا لێی.
٥. لەکاتێکدا ترەمپ دەیەوێت
بارگرانییە داراییەکان بخاتە ئەستۆی ئەورووپا: یەکێتی ئەورووپا پاکێجێکی ٩٠
ملیار یۆرۆیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٦ و ٢٠٢٧ ئامادە کرد. داهێنانی ئەورووپا لێرەدا ئەوەیە
کە دەیەوێت لەبری پارەی باجدەرانی خۆی، 'قازانجی سامانی بلۆککراوی ڕووسیا'
بەکاربهێنێت. ئەمە وەک وەڵامێکی پێشوەختە دەبینرێت لەبەرامبەر فشارەکانی ترەمپ کە
دەڵێت ئەمریکا چیتر پارەی تێدا خەرج ناکات.
سیناریۆی
ئاگربەستی تاڵ: ئۆکڕانیا کە لەژێر فشارێکی توندی
واشنتۆن و مۆسکۆ دایە. ئاماژەکان زیاتر بەرەو ئەوە دەچن کە ڕەنگە زێلینیسکی ناچار
بێت "ئاگربەستێکی کاتی" (نەک ڕێککەوتنی ئاشتی هەمیشەیی) قبوڵ بکات بۆ
ئەوەی سوپاکەی لە داڕمان بپارێزێت. خولاسەی کەلام ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت کێشەی
ئۆکڕانیا "بفرۆشێت" بە ڕووسیا لە بەرامبەر جێگیرکردنی دۆخی ئەورووپا و
وەرگرتنی دەستکەوتی ئابووری بۆ ئەمریکا، و هەوڵی دوورخستنەوەی پۆتین لە شی جیپینگ،
بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدات کە ئۆکڕانیا خاکەکەی لەدەست دەدات یان تا چەند ئاسایشی
ئەوڕووپا دەکەوێتەبەر خەتەر.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا
ئەورووپا دەتوانێت بە تەنیا ئۆکڕانیا ڕابگرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە سەیری
واقیعی سەربازی و ئابووری ئەورووپا بکەین، شیکارییە سیاسی و سەربازییەکان ئەوەمان
پێدەڵێن، بەمزووانە، پڕکردنەوەی شوێنی ئەمەریکا، ئەرکێکی یەکجار قورس و پڕ لە
تەحەددییە بۆ ئەورووپا.
١. توانای سەربازی و پیشەسازی: "کەلێنە گەورەکە" هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا لە دوای
٢٠٢٢ەوە بودجەی سەربازییان زیاد کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی خۆپارێزی
تەواو. تا ئێستا ئەمریکا دابینکەری سەرەکی موشەکەکانی وەک (Patriot) و (ATACMS) و قەدیفەی ١٥٥ ملم بووە. کەواتە
ئەورووپا، بەمزووانە ناتوانێت بە تەنیا ئەو بڕە زەبەلاحە دابین بکات کە سوپای
ئۆکڕانیا ڕۆژانە پێویستیەتی. لە ڕووی زانیاریی هەواڵگریشەوە، ئۆکڕانیا بە تەواوی
پشت بە مانگە دەستکردەکان و سیستەمەکانی چاودێری ئەمریکا دەبەستێت، و ئەورووپا
خاوەنی تۆڕێکی هاوشێوە نییە کە بتوانێت جێگەی ئەمریکا بگرێتەوە. تەنانەت فڕۆکەکانی F-16 کە لەلایەن
ئەورووپاوە ڕادەستی ئۆکڕانیا کراون، هێشتا پارچەی یەدەگ و چاککردنەوە و
مەشقەکانیان بەستراونەتەوە بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی.
٢. ئاستەنگە سیاسییەکان: "ئەورووپایەکی
دابەشبوو"ئەورووپا یەکدەنگ نییە. لە کاتێکدا پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک پێیان
وایە "ئەگەر ئۆکڕانیا بڕوخێت، ئێمە نۆرەمانە"، وڵاتانی وەک (هەنگاریا) و
سڵۆڤاکیا هاوشێوەی ترەمپ بیردەکەنەوە و دەیانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ
ئاسایی بکەنەوە. هەروەها، بڕینی غازی ڕووسیا و تێچووی بەرزی وزە لە ئەورووپا،
بووەتە هۆی ناڕەزایەتی ناوخۆیی. حکومەتەکان دەترسن ئەگەر پارەیەکی زۆر بدەنە
ئۆکڕانیا لە کاتێکدا ئەمریکا کشاوەتەوە، تووشی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی توندی خەڵک و
دەنگدەرەکانیان ببنەوە.
کەلێنی ستراتیژی و سیناریۆی
چەقبەستوویی: لە دەرەنجامی ئەم هاوکێشەیەدا، ئۆکڕانیا لە نێوان دوو بەرداشدا
دەمێنێتەوە؛ ئەگەر هاوکارییەکانی واشنتۆن بوەستێت، کیێڤ ناچار دەبێت ستراتیژی خۆی
بۆ "بەرگرییەکی ستاتیک" بگۆڕێت و بۆ پاراستنی جەستەی دەوڵەتەکە، ڕازی
بێت بە لەدەستدانی بەشێک لە خاکەکەی. لە بەرامبەریشدا، پۆتین ئەمە وەک دەرفەتێکی
زێڕین بۆ فشاری زیاتر دەبینێت، چونکە دەزانێت ئەورووپا بە تەنیا خاوەنی ئەو
"دانە تیژە" نییە کە بتوانێت هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدات. پێشبینی من
ئەوەیە کە ئەورووپا توانای پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکای نییە بۆبەدەستهێنانی
سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە، بۆیە باشترین سیناریۆ بۆ ئەورووپا لە ٢٠٢٦دا، ڕەنگە
ڕاگرتنی "دۆخی ئێستا" و ڕێگریکردن بێت لە پێشڕەویی زیاتری ڕووسیا، لە
کاتێکدا لە پشت پەردەوە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ خەریکی ڕازیکردنی ترەمپ و داڕشتنی مامەڵەیەکی
ئاشتی دەبن.
کاردانەوەی ناوخۆیی ئۆکڕانیا و
ئەگەری ڕەتکردنەوەی پلانی ترەمپ:
بۆ تێگەیشتن لە کاردانەوەی
ناوخۆیی ئۆکڕانیا و ئەگەری ڕەتکردنەوەی پلانی ترەمپ، دەبێت سەیری قوڵایی
کۆمەڵگە سوپای ئۆکرانیا بکەین کە
پێشبینییەکان ئەم جۆرەن:
١. کاردانەوەی ناوخۆیی ئۆکڕانیا
(سوپا و خەڵک) ئۆکڕانییەکان لە ئێستادا لە نێوان دوو هەستی دژبەیەکدا دەژین:
ماندووبوونی جەنگ و ترس لە تەسلیمبوون. فەرماندە سەربازییەکانی ئۆکڕانیا، بەتایبەت
ئەو نەوە نوێیەی کە لە مەیدانی جەنگدا پێگەیشتوون، کشانەوەی ئەمریکا وەک
"خەیانەتێکی مێژوویی" دەبینن. ئەگەر زێلینیسکی ڕازی بێت بە پلانی ترەمپ
بۆ بەخشینی خاک، ئەگەری هەیە درز بکەوێتە نێوان سەرکردایەتی سیاسی و سوپا. ڕەنکە
هەندێک لە فەرماندە ناسیۆنالیستەکان بڵێن: "ئێمە بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان
خوێنمان داوە، نەک بۆ ئەوەی لە واشنتۆنەوە بڕیاری فرۆشتنی بدرێت." لەسەر
ئاستی شەقامیش، لە کاتێکدا بەشێک لە خەڵک بەهۆی وێرانکاری و نەبوونی کارەبا و
وزەوە دەناڵێنن، و لەم زستانەدا تینووی ئاشتین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی
ئۆکڕانییەکان دەترسن لەوەی هەر ئاشتییەک بە مەرجەکانی پۆتین، تەنها "پشوویەک"
بێت بۆ ڕووسیا تا جارێکی تر بەهێزتر هێرش بکاتەوە سەریان.
٢. ئەگەر ئۆکڕانیا پلانی ترەمپ
ڕەتبکاتەوە دەکرێ چی ڕووبدات؟ ئەگەر زێلینیسکی بڵێت "نەخێر" بۆ فشاری تڕەمپ، ئەوا؛
هاوکارییەکانی واشنتۆن دەوەستن و بەمەش جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە.
لەدۆخێکی لەوجۆرەشدا؛ پۆتین بە بینینی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا، هێرشەکانی
چڕتر دەکاتەوە بۆ داگیرکردنی شارە گەورەکانی وەک "خارکیڤ" و
"زاپرۆژیا" تا پێش ئەوەی ئەورووپا بتوانێت جێگەی ئەمریکا پڕبکاتەوە.
٣. سیناریۆی "ئاشتییەکی تاڵ" ئەگەری هەرە بەهێز
ئەوەیە کە ئۆکڕانیا نەتوانێت بە تەواوی پلانەکەی تڕەمپ ڕەتیبکاتەوە و نەشێت بە
تەواوی قبوڵی بکات. بۆیە ڕەنگە پەنا ببەنە بەر ئاگربەستێکی کاتی، کە بریتییە لە
ڕاگرتنی شەڕ بەبێ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی فەرمی خاک، وەک ئیمزاکردنی
ڕێککەوتننامەیەکی ناچارکراو، بۆ گۆڕینی جەنگەکە بۆ "ململانێیەکی
بەستوو"هاوشێوەی دۆخی هەردوو کۆریاکە، کە تێیدا جەنگ دەوەستێت بەڵام ئاشتی
بەدی نایەت.
ڕەنگە ئۆکڕانیا داوا بکات لە
بەرامبەر بێبەشبوون لە ناتۆ، وڵاتانی ئەورووپا (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا)
ڕێککەوتنی بەرگری هاوبەشی لەگەڵ ئیمزا بکەن. هەرچۆنێک بێت "کاتی دیپلۆماسی
بەزۆر" هاتووە. جەنگەکە چیتر تەنها لە سەنگەرەکاندا نییە، بەڵکو لە پەیوەندییە
تەلەفۆنییەکانی نێوان مار-ئە-لاگۆ (شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ)، کرێملین و برۆکسێل
و کیێڤ-دایە.
ستراتیژیی ڤلادیمێر پۆتین و
درزی ئەمریکا-ئەورووپا: قووڵایی ستراتیژیی ڤلادیمێر پۆتین و ئەو درزە گەورەیەی کە لە نێوان ئەمریکا
و ئەورووپادا دروست بووە:
١. ئایا ڕووسیا بە "ئاگربەست"
ڕازی دەبێت؟ پۆتین کە خۆی وەک سەرکەوتووی جەنگەکە دەبینێت، بۆچوونی ئەو بۆ ئاشتی
جیاوازە. مەرجە نەگۆڕەکانی ڕووسیا ئەوەیە کە تەنها بەوە ڕازی نابێت کە خاکەکەی
لەدەستدا بێت. پۆتین داوای "بێلایەنبوونی تەواوی ئۆکڕانیا" دەکات، بە
واتای ئەوەی ئۆکڕانیا نەبێتە ئەندامی ناتۆ و هیچ چەکێکی پێشکەوتووی ڕۆژئاوای تێدا
نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە ڕووسیا بە فەرمی دەستبەرداری داوای ڕووخانی زێلینیسکی
بێت، بەڵام فشار دەکات بۆ هەڵبژاردنی نوێ کە تێیدا کەسایەتییەکی نزیک لە مۆسکۆ یان
لایەنێکی "بێلایەن" بێتە سەر کار (گۆڕینی ڕژێم). پۆتین بەباشی وشیارە
بەوەی کە ترەمپ پەلەیەتی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بۆیە ڕەنگە مەرجەکانی قورستر
بکات تا زۆرترین ئیمتیاز لە واشنتۆن وەربگرێت، وەک لادانی سزاکانی سەر ڕووسیا و
دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە لکاندنی ناوچە داگیرکراوەکان.
لووتکەی
ئەلاسکا و دیپلۆماسیی پشت پەردە: بەبۆچوونی من، کۆبوونەوەی لووتکەی (ئەلاسکا) لە نێوان
ترەمپ و پۆتین، کە بەبێ ڕەزامەندی ئەورووپا و تەنانەت بەبێ ئاگاداری سەرۆکی
ئۆکرانیا بەڕێوەچوو، سەرەتای وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو. زنجیرەیەک جووڵەی
گوماناوی وەک ناردنی نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ مۆسکۆ، پەیوەندییە تەلەفۆنییە
چڕەکان، و دواجار گەشتەکەی نوێنەرانی کرێملین بۆ فلۆریدا، هەموویان یەک پاکێجن و
یەک ڕاستی دەسەلمێنن؛ ئامادەکاری بۆ "ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر" لە
ئارادایە. ئەم جموجۆڵانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە پۆتین و ترەمپ دەیانەوێت لە
دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا، ڕاستەوخۆ "مامەڵە
گەورەکە" لە نێوان خۆیاندا ئەنجام بدەن و چارەنووسی کیشوەرەکە بە تەنیا دیاری
بکەن.
مەترسی
هەڵوەشانەوەی ناتۆ و دابەشبوونی ڕۆژئاوا: ئەمە ترسناکترین سیناریۆیە کە ئەورووپا
لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەگەر ئیدارەی ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا
نەگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش، ئەگەری پاشەکشەی کردەیی ئەمریکا لە ناتۆ یان
بێبایەخکردنی پەیماننامەکە لە ئارادایە. ترەمپ بە لۆژیکی "پاراستن بەرامبەر
پارە" هەڕەشەی ئەوە دەکات کە واشنتۆن چیدی نابێتە پاسەوانی کیشوەرێک کە
بودجەی سەربازیی خۆی دابین ناکات. ڕێککەوتنی دووقۆڵیی ترەمپ و پۆتین بەبێ
لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی برۆکسل، مانا و کاریگەریی ناتۆ لەناو دەبات. لە
بەرامبەر ئەم بێهیواییەدا، ڕەنگە هێزە گەورەکانی وەک فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا
و پۆڵەندا هەوڵ بدەن هاوپەیمانییەکی سەربازی "ئەورووپی پەتی" دروست
بکەن. ئەمەش ڕۆژئاوا بۆ دوو جەمسەری لاواز دابەش دەکات: جەمسەری
"ئەمریکا-بەریتانیا" و جەمسەری "ئەورووپای کیشوەر". ئەم
بۆشاییە ئەمنییەش دەبێتە هاندەر بۆ ڕووسیا تا لە ساڵانی داهاتوودا تاقیکردنەوەی
سەربازی (Provocation) لەسەر وڵاتانی باڵتیک، وەک لیتوانیا و ئیستۆنیا ئەنجام بدات و
سنووری هێزی خۆی تاقی بکاتەوە.
سێگۆشەی
جەنگی ساردی نوێ و نەخشەی نوێی جیهان: جیهان لەبەردەم سەردەمێکی نوێی جەنگی
سارددایە، بەڵام ئەمجارەیان ململانێکان سێ جەمسەرییە: لە لایەک ڕووسیا و چین کە بە هاوئاهەنگییەکی قووڵ هەوڵی گۆڕینی ڕیشەیی سیستەمی جیهانی دەدەن؛ لە لایەکی
تر ئەمریکای ترەمپ کە بە لۆژیکی "گۆشەگیریی ئابووری" دەیەوێت لە
کێشە نێودەوڵەتییەکان بکشێتەوە و تەنها بەرژەوەندییە داراییەکانی خۆی بپارێزێت؛ و
لە نێوانیشیاندا ئەورووپای گەمارۆدراو کە لە نێوان چەقۆی هەڕەشەکانی ڕووسیا
و پشتگوێخستنی ئەمریکادا، شەڕی دۆزینەوەی ناسنامەیەکی سەربازی سەربەخۆ دەکات.
هەرچەندە
ئاماژەکان زیاتر بەرەو ئەوە دەچن کە جەنگی ئۆکرانیا لە ڕووی سەربازییەوە بەرەو
"ساردبوونەوە" یان چەقبەستوویی بڕوات، بەڵام جەنگە ڕاستەقینەکە لە ناو
جەرگەی ماڵی ڕۆژئاوادا (نێوان واشنتۆن و برۆکسل) تازە دەستی پێکردووە. بڕوای من
ئەم دابەشبوونە ستراتیژییەی نێوان دوو کەناری ئەتڵەسی، گەورەترین دەستکەوتی
سیاسییە کە پۆتین لەم سێ ساڵەی جەنگدا چاوەڕێی کردبێت.
چین؛
تەماشاکارە زیرەکەکەی پشت زریانەکە: لەکاتێکدا جەمسەری ڕۆژئاوا سەرقاڵی
کێشە ناوخۆییەکانیەتی، جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵات بە وردی و وردەکارییەوە چاودێری
دۆخەکە دەکەن. لەم نێوەندەدا ڕۆڵی چین یەکجار گرنگ و یەکلاکەرەوەیە؛ پەکین زۆر
زیرەکانە چاودێری جووڵەکانی ترەمپ و پۆتین دەکات، چونکە دەرەنجامی جەنگی ئۆکرانیا
بۆ چین تەنها دۆسیەیەکی ئەورووپی نییە، بەڵکو "تاقیگەیەکە" بۆ
خوێندنەوەی ئیرادەی ئەمریکا. دەرەنجامی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ هاوسەنگیی هێز لە
دەریای چینی باشوور دیاری دەکات و دەبێتە نەخشەی ڕێگا بۆ مامەڵەکردنی پەکین لەگەڵ پرسی
تایوان. چین دەیەوێت بزانێت ئایا "لۆژیکی مامەڵەگەریی ترەمپ"
ئامادەیە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی لە ئاسیاش بفرۆشێت لە بەرامبەر دەستکەوتی
ئابووری کورتخایەندا؟
تەڵەی چین؛ لە مۆتەکەی
تایوانەوە بۆ ئیمپراتۆرییەتی گومرگی ترەمپ:
١. ئۆکرانیا وەک
تاقیگەی تایوان: گەورەترین دڵەڕاوکێی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا ئەوەیە کە ترەمپ
سیاسەتی "بازرگانیی ترس" لە ئۆکرانیاوە بگوێزێتەوە بۆ تایوان. ئەگەر
ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە گۆڕینی ئۆکرانیا بۆ "ململانێیەکی بەستوو" (Frozen Conflict) لە بەرامبەر
دەستکەوتی ئابووری، ئەمە دەبێتە "نەخشە ڕێگەیەک" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ
تایوان. پەیامی چین بۆ تایوان لێرەدا ڕوونە: "ئەمریکا ئامادەیە
هاوپەیمانەکانی بفرۆشێت ئەگەر مامەڵەیەکی باشتر لە ئارادا بێت."
٢. پێچەوانەکردنەوەی
هێنری کیسینجەر؛ ترس و دەرفەت: پەکین لە سیناریۆیەک دەترسێت کە تێیدا ترەمپ
"پێچەوانەی کیسینجەر" بجوڵێتەوە؛ واتە ڕووسیا لە چین دووربخاتەوە.
ترەمپی بازرگان ڕەنگە بە پۆتین بڵێت: "ئۆکرانیات پێ دەدەم، بە مەرجێک
پەیوەندییەکانت لەگەڵ چین سارد بکەیتەوە." ئەمە بۆ چین کارەساتبار دەبێت
چونکە هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی لەدەست دەدات. لە بەرامبەردا، چین وەک
"بونیاتنەرێکی بێلایەن" ئامادەیە بە قەرزی درێژخایەن ئۆکرانیا ئاوەدان
بکاتەوە و هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بچەسپێنێت.
٣. هاوپەیمانیی
"بێ سنوور" و پاراستنی ڕووسیا: هەرچەندە چین چەکی کوشندەی ڕاستەوخۆی
نەداوەتە مۆسکۆ، بەڵام بە دابینکردنی پارچەی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژیای درۆن،
بووەتە "شاخوێنی ئابووری و پیشەسازی" کە سوپای ڕووسیای بەپێوە
هێشتووەتەوە.
٤. ئامانجە
کۆتاییەکە؛ جەنگی ساردی نوێ دژی پەکین: ستراتیژیی ترەمپ ڕوونە:
"کوژاندنەوەی" ئاگری ئۆکرانیا بە هەر نرخێک بێت، تا بتوانێت تەواوی هێزی
سەربازی و ئابووریی ئەمریکا بەرەو چین ئاڕاستە بکات. بۆ واشنتۆن، چین ڕکابەری
ڕاستەقینەیە، نەک ڕووسیا. پێشبینی دەکرێت لە ٢٠٢٦دا ترەمپ "گەورەترین جەنگی
گومرگی" دژی کاڵا چینییەکان ڕابگەیەنێت. بۆیە بەرژەوەندیی چین لەوەدایە جەنگی
ئۆکرانیا بەجۆرێک کۆتایی بێت کە ڕووسیا وەک "دڕکێک" لە جەستەی
ئەورووپادا بمێنێتەوە و سەرنجی ئەمریکا هەمیشە لەسەر ئەورووپا بێت نەک ئاسیا.
کۆبەندی هاوکێشەکە: جیهان
لەبەردەم بڕیارە سەختەکاندا لە کۆبەندی ئەم شیکارییەدا دەتوانین
بڵێین؛ ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژوویی یەکلاکەرەوەداین. ئۆکرانیا ئێستا بووەتە
قوربانی ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی واشنتۆن و لۆژیکی مامەڵەگەریی
ترەمپ. لە بەرامبەردا، ڕووسیا بە زیرەکییەوە هەوڵ دەدات شکستی ستراتیژیی خۆی لە
مەیدانی جەنگدا، بگۆڕێت بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە
درزەکانی ناو ناتۆ. لەم نێوەندەدا، ئەورووپا لە ناو جەرگەی قەیرانێکی قووڵی
ناسنامەدایە؛ یان دەبێت ڕێگەی سەخت و پڕ تێچووی "سەربەخۆیی سەربازی"
هەڵبژێرێت، یان ببێتە پاشکۆیەکی بێبڕیار لە ناو کاروانەکەی ترەمپدا. هاوکات چین
وەک "تەماشاکارێکی زیرەک" و پشوو درێژ، چاوەڕێی ساتەوەختی داڕمانی
یەکپارچەیی ڕۆژئاوا دەکات تاوەکو نەک هەر پرسی تایوان یەکلا بکاتەوە، بەڵکو
سیستەمی جیهانی نوێ بە ئارەزووی "پەکین" دابڕێژێتەوە.
هاوپەیمانیی
تاران-پیۆنگ یانگ؛ شاخوێنی سوپای ڕووسیا: بۆ تەواوکردنی ئەم وێنە ئاڵۆزە، نابێت
ڕۆڵی "هاوپەیمانە دەرەکییەکان" نادیدە بگرین کە بوونە هۆکاری مانەوەی
ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگدا و ئێستا چاوەڕێی پاداشتە ستراتیژییەکانیانن. مانەوەی
مۆسکۆ لە جەنگێکی درێژخایەندا، تا ڕادەیەکی زۆر قەرزاری ئەو هاوپەیمانییە
سێقۆڵییەیە کە لەگەڵ تاران و پیۆنگ یانگ دروستی کردووە. کۆریای باکوور بە
ڕەوانەکردنی هەزاران سەرباز و ملیۆنان قەدیفەی تۆپ، و ئێران بە دابینکردنی
تەکنەلۆژیای درۆن و مووشەکی بالیستی، بوونەتە "شاخوێنی" نۆژەنکردنەوەی
سوپای ڕووسیا. ئەم هاوکارییە تەنها ئاڵوگۆڕێکی سەربازیی سادە نییە، بەڵکو
ستراتیژییەتێکی قووڵترە؛ ئەم وڵاتانە لە بەرامبەر پشتیوانییەکانیان، چاویان لە
تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەتۆمی، سیستەمی مانگی دەستکرد و فڕۆکەی جەنگیی ڕووسییە.
ئەمەش گەورەترین ئاڵێنگاری بۆ ئیدارەی ترەمپ دروست دەکات؛ چونکە هەر مامەڵەیەک
لەگەڵ پۆتین، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و کۆریای باکوور لە ئاسیا. لێرەدا پۆتین "کارتی ئێران و کۆریا"
وەک ئامرازێکی گوشار دژی واشنتۆن بەکاردەهێنێت تا سازشی زۆرتر لە دۆسیەی
ئۆکرانیادا بەدەستبهێنێت.
لە
دەرەنجامدا، جەنگی ئۆکرانیا چیتر تەنها ململانێیەک نییە لەسەر خاک، بەڵکو
کێبڕکێیەکە لەسەر ئەوەی "کێ جیهان بەڕێوە دەبات؟". لە کاتێکدا ترەمپ
دەیەوێت بە "پارە و مامەڵە" کێشەکان کۆتایی پێ بهێنێت، جەمسەرەکانی تری
وەک ڕووسیا، چین و ئێران هەوڵی گۆڕینی "هێز و هەژموونی جیهانی" دەدەن.
ئۆکرانیا لە ناوەڕاستی ئەم زریانەدا ماوەتەوە و چارەنووسی بەستراوەتەوە بەوەی کە
ئایا ئەورووپا دەوێرێت بەبێ ئەمریکا ئەرکی پاراستنی ئەو وڵاتە بگرێتە ئەستۆ یان
نا.
داهاتووی ڤلادیمێر زێلینیسکی:
وەک قوربانی مامەڵە سیاسییەکان:
داهاتووی ڤلادیمێر زێلینیسکی
وەک سەرۆک، تەنانەت ژیانیشی لە مەترسیدارترین قۆناغدایە. ئەو لە نێوان بەرداشی
فشاری تڕەمپ و پۆتین، و تووڕەیی ناوخۆیی ئۆکڕانیادایە. لێرەدا چارەنووسی سیاسی ئەو
دەکرێ بەشێوەیە بێت:
١. ئەگەر زێلینیسکی ناچار بکرێت واژۆ
لەسەر ڕێککەوتنێک بکات کە تێیدا ٢٠٪ی خاکی ئۆکڕانیا بە فەرمی یان بە
کردەیی بدرێت بە ڕووسیا، ڕووبەڕووی چەندین تەحەددی دەبێتەوە. لایەنە نەتەوەییە
توندڕەوەکان و بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکان ڕەنگە زێلینیسکی بە
"تەسلیمبوو" ناوبەرن، کە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری سیاسی
لە ناو کیێڤ (تۆمەتی خیانەت). هەروەها، زێلینیسکی
کە سێ ساڵە وەک سمبولی خۆڕاگری جیهانی دەردەکەوێت، ئەگەر بچێتە ژێر باری مەرجەکانی
ترەمپ، ئەو وێنەیەی دەشکێت و دەبێتە سەرکردەیەک کە نەیتوانی بەڵێنەکانی بۆ گێڕانەوەی
تەواوی خاکەکە بباتە سەر (داڕمانی وێنەی "پاڵەوان").
٢. سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە (٢٠٢٦). لە ئۆکڕانیا بەهۆی
باری نائاسایی جەنگەوە هەڵبژاردن ڕاگیراوە. بەڵام ئەگەر ئاگربەست ڕووبدات، فشاری
ناوخۆیی و دەرەکی (بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاوە) زیاد دەکات بۆ ئەنجامدانی
هەڵبژاردن. کەسایەتییە سەربازییەکانی وەک ڤالێری زالوزنی (فەرماندەی پێشووی سوپا)
کە جەماوەرییەکی زۆری هەیە، دەبنە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کورسییەکەی زێلینیسکی
(ڕکابەرە نوێیەکان). ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە زێلینیسکی دوای ئیمزاکردنی
ڕێککەوتنەکە، خۆی دەستبەرداری دەسەڵات بێت یان لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت، هاوشێوەی
وینستۆن چەرچڵ دوای سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانی دووەمدا، هەرچەندە بە پاڵەوان
ناودەبرا، لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاندی، چونکە دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش ئەو تەنها
تەرکیزی لەسەر جەنگ بوو. لەکاتێکدا خەڵکەکەی داوای بووژانەوە و ژیانیان دەکرد.
٣. ئایا زێلینیسکی دەبێتە
"قوربانی" مامەڵەکەی ترەمپ و پۆتین؟ لەکاتێکدا، ترەمپ و پۆتین هەردووکیان
زێلینیسکی وەک "کۆسپ" دەبینن لەبەردەم مامەڵە و بەرژەوەندییەکانیاندا.
بۆ ترەمپ، زێلینیسکی کەسێکە کە "بەردەوام داوای پارە دەکات" و توندڕەوە
لە مەرجەکانیدا، بۆیە ترەمپ پێی باشە سەرکردەیەکی "پراگماتیتر" لە کیێڤ
ببینێت کە ئامادەی سازش بێت. بۆ پۆتین-یش، زێلینیسکی کە سمبولی شکستی پلانی
ڕووسیایە بۆ داگیرکردنی خێرای ئۆکڕانیا، بۆیە پۆتین هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی
لە هەر ڕێککەوتنێکدا زێلینیسکی لە دەسەڵات نەمێنێت یان بێهێز بکرێت تەنانەت ئەگەر
تیرۆرکردنیشی بێت. بۆیە پێدەچێت ئێستا زێلینیسکی لە "تەنیاترین" کاتی
خۆیدابێت. ئەو دەزانێت کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکات، وڵاتەکەی بەهۆی بڕانی
هاوکارییەکانی واشنتۆنەوە دەڕوخێت، و ئەگەر ڕێککەوتنیش بکات، داهاتووی سیاسی خۆی و
یەکپارچەیی خاکەکەی دەخاتە مەترسییەوە.
لە
کۆتاییدا، جەنگی ئۆکرانیا تەنها ململانێیەک نییە لەسەر سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو
وێناکردنەوەی ئەو پرسیارە کۆنەیە: "ئایا دادپەروەری هێز بەرهەم دەهێنێت،
یان هێز دادپەروەری پێناسە دەکاتەوە؟"
ئەوەی
دەیبینین، تاقیگەیەکی گەورەیە بۆ تێپەڕین لە سەردەمی "ئایدیۆلۆژیاکان"
بەرەو سەردەمی "پراگماتیزمی ڕووت". کاتێک ترەمپ جەنگ وەک ژمارەیەک لە
دەفتەری ژمێریاریدا دەبینێت، و پۆتین وەک گەڕانەوە بۆ شکۆمەندییەکی دێرین، و چین
وەک دەرفەتێک بۆ داڕشتنەوەی نەزمێکی نوێی جیهانی و تاقیکردنەوەی لاوازییەکانی
ڕۆژئاوا؛ لێرەدا ئۆکرانییەکان دەبنە ئەو قوربانییەی کە لە نێوان "بەرژەوەندیی
گەورەکان" و "ویژدانی مرۆیی"دا جێماون.
مێژوو
پێمان دەڵێت کە "ئاشتییەک بەبێ دادپەروەری، تەنها کاتێکی دیاریکراوە بۆ
جەنگی داهاتوو." ئەگەر ڕێککەوتنەکانی ساڵی ٢٠٢٦ لەسەر بنەمای فرۆشتنی
مافی گەلان و گۆڕینەوەی خاک بە ئاسایشی کاتی بێت، ئەوا جیهان نەک ئاشتەوایی، بەڵکو
لاپەڕەیەکی نوێ لە جەنگێکی سارد دەستپێدەکات کە تێیدا مرۆڤ تەنها ئامرازێکە لە
یارییەکی گەورەی شەترەنجی دەسەڵاتدارە گەورەکاندا.
وەک
فەیلەسوفێک دەڵێت: "هەمیشە دەسەڵاتداران جەنگەکان هەڵدەگیرسێنن، بەڵام
ئەوە خەڵکی سادەیە کە دەبێت مێژووی دوای جەنگ بنووسنەوە." پرسیارە
جەوهەرییەکە بۆ ساڵانی داهاتوو ئەوە دەبێت: ئایا مرۆڤایەتی لەم تاقیکردنەوەیەدا
بەهای "پێکەوەژیان" هەڵدەبژێرێت، یان تەسلیمی "لۆژیکی هێز" و
پێشەنگایەتیی قازانجی بێموڕاڵ دەبێت؟
