هێرش و بێڕێزی بەلەیلا زانا ناکۆکیەکی توندی لێدەکەوێتەوەو رەنگە سەربکێشێت بۆ بابەتی سیاسی

ڤیدێۆ

22/12/2025‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناڕەزاییەکان لەدژی یانەی بورسا سپۆر تادێت ڕوو لەزیادبون دەکات و کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.

رۆژی ١٧ی دیسەمبەری ئەمساڵ لەکۆتا ساتەکانی یاری نێوان یانەی وەرزشی بورسا سپۆرو سۆما سپۆر کەیەکەمیان یانەیەکی تورکی و دوەمیان یانەیەکی باکوری کوردستانە، دروشم و قسەی نەشیاو بۆ ماوەیەک لەلایەن هەوادارانی بورسا سپۆر لەدژی سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا بەرز بوویەوە و ئەمەش ناڕازیەتییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرزوو ئەم بابەتە کاردانەوەی لێکەوتەوەو بوو بە باسێکی گەرم لەمیدیا ناوخۆییەکانی تورکیاو پەرلەمان .

کاردانەوەکان بەرفراوان بوون و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاران قسەی لەبارەوە کراو داواکرا بەرێوەبەرێتی یانەکەو هەواداران کە بێرێزیەکەیان ئەنجامداوە بەفەرمی داوای لێبوردن لەلەیلا زانا بکەن و کۆتایی بەو گوتارە بهێنن.

دوابەدوای کاردانەوەکان ئەنەس چەلیک سەرۆکی یانەی بۆرسا سپۆر هێرشیکردەسەر ئەوکەسانەی رەخنەیان لەهەڵوێستەکان گرتوەو وتی ئەوەی ڕویداوە تەنها چەند دەستەواژە و دروشمێک بوە و لەلایەن بەشێک لە هەوادارانمانەوە وتراوەتەوە و ماوەیەکی کەمیشی خایاندوە، ئەو کەسانەی هێڕشدەکەنەسەر یانەکەمان ئەجێندای شاراوەیان هەیەو بۆ بابەتی سیاسی کەیسەکە دەجوڵێنن.

دۆسیەی بیرێزی کردنەکە لەچوارچێوەی یانەکان و وەرزشکاران چوە دەرەوەو لەکاردانەوەی ئەو هێرشانەدا پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی وتی، "زۆر بە کورتی دەڵێم لەیلا زانا کەرامەتمانەو دەیپارێزین".

لەهەمانکاتیشدا هەریەک لەیانەکانی "وان سپۆر،ئامەد سپۆرو باتمان سپۆر" پشتگیری خۆیان بۆ لەیلا زانا دەربڕی و رایانگەیاند ئەوەی ڕویداوە دور بوە لەگیانی وەرزشی و قبوڵکردنی جیاوازیی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی وڵات .

ئەگەرچی سەرۆکی یانەی بورسا سپۆر هێرشیکردەسەر ڕەخنەگران و پشتیوانی لەهەڵەی هاندەرانی یانەکەی کرد، بەپێچەوانەوە فاروق چەلیک پەرلەمانتاری ئاکپارتی و  باوکی ئەنەس چەلیک سەرۆکی یانەکە رایگەیاند ئەم کردەوانە قبوڵناکرێن، من لەجێگەی کوڕەکەم داوای لێبوردن لەسۆما سپۆرو لەیلا زانا دەکەم هیوادارم ڕووداوی لەمشێوەیە دوبارە نەبێتەوە .

کاردانەوە دوو لایەکان گۆرەپانی وەزشی و سیاسی تێپەراندوەو گەشتۆتە بواری بازرگانیی و کۆمپانیای ئوڵوداغی تورکی کە کۆمپانیایەکی گەورەی بواری بەرهەمهێنان و بازرگانییکردنی خۆراک و وشکەمەنییە و لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەییەکی گەورەی هەیەو کاڵاکانی لەبازارەکانی کوردستاندا فرۆشێکی زۆریان هەیە، پشتیوانی خۆی بۆ یانەی بۆرسا سپۆر دەربڕی و دژایەتی لەیلا زانای ڕاگەیاندو لەبەشێک لەبەرهەمەکانی نوسیویەتی " وەک چیا لەپشتت دەوەستین بورسا سپۆر".

لە کاردانەوەی بێرێزییەکان بەلەیلا زانا لەلایەن هاندەرانی بورسا سپۆرەوە وەزیری وەرزش و لاوانی تورکیا رایگەیاند ئەوانەی کارەکەیان کردوە سزای توند دەدرێن و لەیلا زانا هیچ پەیوەندیەکی بەکایەی وەرزشەوە نییە تا تێکەڵ بەململانێ و کێبرکێی نێوان یانە وەرزشییەکان بکرێت.