وه‌فدى ئیمراڵى‌و وه‌زیرى دادى توركیا كاتژمێرو نیوێك كۆبونه‌وه‌..زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

کوردستان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆبونەوەی وه‌فدى ئیمڕاڵی لەگەڵ وەزیری دادى توركیا کۆتاییهات، ئه‌ندامێكى وه‌فده‌كه‌ش ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت، "سوپاسى وه‌زیرى دادو تیمه‌كه‌ى ده‌كه‌ین".


وه‌فدى ئیمڕاڵی لەگەڵ یەڵماز تونج وەزیری داد ماوەی كاتژمێرو نیوێك كۆبونه‌وه‌، دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش میدحه‌ت سانجەر ئەندامی وه‌فدى ئیمڕاڵی‌و به‌شدار له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ڕۆژنامەوانانى وت، "کۆبونەوەیەکی هەمەلایەنەو گرنگمان لەگەڵ وەزیری داد ئەنجامداو زانیاریی گرنگمان ئاڵوگۆڕ کرد".

ده‌شڵێت، "زانیمان کە ئامادەکارییەکی بەرفراوان دەکەن‌و لەم چوارچێوەیەشدا پێشنیازەکانی خۆمان ئاڕاستە کرد، ئامانجی ئێمە دەستبەرکردنی ئاشتییە لەڕێگەی یاساوەو هەمیشەییکردنیەتی لەسەر بنەمای دادپەروەری".

وتیشى، "له‌و ڕوه‌وه‌ سوپاس‌و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی وەزیری دادو تیمەکەی كرد".

لاى خۆیشیه‌وه‌ پەروین بوڵدان ئه‌ندامى وه‌فدى ئیمراڵى قسه‌یكردو وتى، "تاووتوێی ڕێسا یاساییەکان سەبارەت بەپڕۆسەی ئاشتی، دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان، ئەو زیندانییانەی ماوەی حوکمەکانیان کۆتاییهاتوە، بەڵام تائێستا ئازادنەکراون‌و یەکسانی لەسزادانمان کرد".

ئه‌وه‌شى وت، "لەسەر ئەو بنەمایە کارو پەیوەندیی‌و گفتوگۆکانمان بەردەوامدەبێت، لەئەنجامیشدا بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەرەو ئاشتی، دادپەروەریی‌و دیموکراسی هەنگاوبنێت، پێویستمان بەهەوڵ‌و کاری هاوبەشە بەیەکەوە".

دوابەدوای ئەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییە، زانرا وه‌فدى ئیمراڵى بیناى وه‌زاره‌تى دادى به‌جێهێشتوه‌و ڕاسته‌وخۆ چونه‌ته‌ لاى نومان کورتولموش سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیاو ئێستا له‌كۆبونه‌وه‌دان.