شارپرێس ورده‌كاریى بڕیاره‌كانى ئه‌مڕۆى حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، چه‌ند بڕیارێك دراون كه‌ په‌یوه‌ستن به‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، گرنگترینیان پرسى موچه‌و درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێم‌و بەغدا بۆ ساڵی 2026.


بەگوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس لەسەرچاوەیەکی ئاگاداره‌وه‌ پێیدراوه‌، لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوه‌ به‌درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێم‌و بەغدا بۆ ساڵی 2026.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتى، "پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا باسى موچه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵێ باسكراوه‌و بڕیاردراوه‌ به‌ناردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانى هه‌رێمى كوردستان".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر هێشتنەوەی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم هەروەك خۆی بە120 ملیار دینار".

به‌وته‌ى هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى زانیاریى بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، "لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، باس لەناوەڕۆکی سەردانی وه‌فدى دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ هەولێر کراوەو ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو هەماهەنگییە داراییە کردوە کە لەنێوان هەولێرو بەغدادا دروستبوە".

ئه‌وه‌شى وت، "حکومەتی عێراق جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەگەر حکومەتی هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا لەسەر پابەندییەکان‌و هەماهەنگییە داراییەکان بەردەوامبێت، ئەوا پڕۆسەی ناردنی موچە لەساڵی نوێدا (2026) بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامدەبێت‌و هیچ كێشه‌و گرفت‌و دواكه‌وتنێكى ڕوبه‌ڕوو نابێته‌وه‌".