عێراق له‌باره‌ى ڕاگرتنى غازى ئێرانه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

عیراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1496 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بارودۆخی لەناکاوو نائاسایی لەناوخۆی ئێراندا بوەتە هۆی ڕاوەستانی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق.


ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لایەنی ئێرانی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە کە بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوو نائاسایی لەناوخۆی ئێراندا هەناردەی غاز بۆ عێراق بەتەواوی ڕادەگرن.

هەموو ساڵێك لەوەرزی زستانداو بەهاتنی شەپۆلی سەرما بۆ ناوچەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆی توشی کورتهێنانی غازو کارەبا دەبێت‌و ئەمەش وادەکات توانای هەناردەکردنی کەم بێتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوە، "لایەنی ئێرانی لەڕێگەی تەلەگرافێکی فەرمییەوە وەزارەتی کارەبای ئاگادارکردوەتەوە لەڕاگرتنی تەواوەتی هەناردەی غاز، ئەوەش بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینینەکراوو نائاسایی لەناوخۆی ئێراندا".

ڕاشیگەیاند، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستیانکردوە بەبەکارهێنانی "سوتەمەنی جێگرەوە" بۆ کارپێکردنی وێستگەکان.

جەختیشیکردەوە، بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایەو وێستگەکان بەردەوامن لەکارکردن سەرەڕای کەمیی غاز، هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان‌و کاتی لوتکەی بەکاربردن بەردەوامن.

عێراق بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی کارەبا پێویستی بەنزیکەی 35 هەزار مێگاوات هەیە، کە یەک لەسەر سێی ئەم بڕە لەڕێگەی غازی هاوردەکراوی ئێرانەوە دابیندەکرێت، هەرچەندە لەمانگی ئاداری 2024دا گرێبەستێکی پێنج ساڵە بۆ هاوردەکردنی ڕۆژانە تا 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز واژۆکراوە، بەڵام قەبارەی هەناردەکە به‌گوێره‌ى پێداویستی ناوخۆی ئێران لەوەرزە جیاوازەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردادێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم بڕانە لەکاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئەو مۆڵەت‌و بەخشینەی هەڵوەشاندوەتەوە کە ڕێگەی بەعێراق دەدا پارەی غازو کارەبای هاوردەکراو بەئێران بدات، ئەمەش وەک بەشێک لەسیاسەتی "فشاری زۆرینە" دژی تاران هەژماردەکرێت.