کارەبای سلێمانی: بەهۆی پرۆژەی روناکییەوە خواست لەسەر کارەبا بەڕێژەی 42% کەمبوەتەوە

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە مانگی 12ی ساڵی 2024دا، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەتێکڕایی 1912 مێگاوات بوە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕوناکی لە مانگی 12ی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا بۆ 1107 مێگاوات دابەزیوە.

ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد،" لە مانگی 12ی ساڵی 2024دا، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەتێکڕایی 1912 مێگاوات بوە، لەو کاتەدا ڕۆژانە تەنها هەشت کاتژمێر و 31 خولەک کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرا."

ئەوەشیخستەڕوو، ئەمساڵ و دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕوناکی، لە مانگی 12دا خواست بۆ 1107 مێگاوات دابەزیوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە خواست لەسەر کارەبا بە ڕێژەی 42% کەمی کردووە.

بەپێی وتەی غالب محەمەد، ئەمساڵ تێکڕای پێدانی کارەبا بۆ 14 کاتژمێر زیادیکردوە، جیا لەو شوێنانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕوناکیدان و کارەبایان 24 کاتژمێرییە.

لەبارەی هۆکاری کەمبونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت،  "ئێستا هاوڵاتیان زۆر هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن، هەروەها كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستەم و تۆڕی كارەبا  سەقامگیرتر دەبێت و خواست كەم دەبێتەوە ".