شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاگرتنی بەشەخۆراك 13 جۆر خەڵك دەگرێتەوەو دەڵێت، سیستمی ئەلیكترۆنی خۆراك كارئاسانییەكە بۆ ڕاگرتنی بەشەخۆراكی ئەو كەسانە.
ستار جابری، بریكاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەئاژانسی عێراقییەی ڕاگەیاند،" بڕیارێكی پێشوو هەیە بەڕاگرتنی بەشەخۆراكی ئەو كەسانەی داهاتیان بەرزەو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە".
ئاماژەشیكرد،"13 جۆر خەڵك هەن كەڕاگرتنی بەشەخۆراك دەیانگرێتەوە لەوانە خاوەن كۆمپانیاكان و ئەندامانی ژوری بازرگانی و یەكێتی پیشەسازان و پزیشكان و دەرمانسازان و ئەو كەسانەی كە موچەیان لەدوو ملیۆن دینار عێراقی زیاترە".
بریكاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕونیشیكردەوە، زۆربەی ئەم بڕیارانە تائێستا جێبەجێ نەكراون و لەسەری ساڵی تازەوە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
جەختیشی كردەوە، سیستمی بەئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك تاڕادەیەكی باش هاوكاریان دەبێت و كارئاسانی تەواوەتی دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە، چەند مانگێكە سیستمی بەئەلیكترۆنیكردنی خۆراك لەعێراق و هەرێمی كوردستان كارا كراوەو زیاتر لە%85 هاوڵاتیان لەسیستمەكە تۆماركراون.