دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستبەرداگرتنی بڕێكی زۆری ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاماری کارو چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەساڵی 2025دا بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، چەندین بازرگانیان دەستگیركردوە.


دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستەبەسەراگرتنی بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاندو دەڵێت، لەهەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەڕەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، لە ڕێکەوتی 1ـی حوزەیرانی 2025 تا 23ـی کانونی یەکەمی 2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە توانرا دەیان کەس بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان کە ژمارەیەکیان بازرگانی بیانی و نێودەوڵەتین و دەیان کەسی دیکەش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکرێن.

دەشڵێت، لەماوەی ساڵی 2025 دا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بەهاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، چەندین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتویان ئەنجامداوە.
 
ئەوەشی خستەڕوو،هەر یەكێك لەو كەسانە دەستگیركراون پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراون.
 
دەزگایی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئەو مادە هۆشبەرانەی ئاشکراکرد کە دەستیان بەسەردا گیراوە، کە 671 کیلۆ و 364 گرام بوە، کە پێکهاتون لەکریستاڵ، تلیاک، کۆکاین، ماریجوانا، هیرۆین، حەشیش، حەبی کاپتاگۆن. 6000 دانە دەرزی ئیفیدرێن و 3253 شیت حەبی ترامادۆڵ..
  
دەزگاكە ئاماژەی بەوەشداوە، کە لەچالاکییەکی هاوبەشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر بڕی 197 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دا گیراوەو لەبەر ئەوەی شوێنی دەستبەسەرداگرتنەکە لەدەرەوەی هەرێم بوە، دۆسیە یاساییەکەش لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختیش دەكاتەوە داواکارن لەهاوڵاتییان خۆیان بەدور بگرن لەبەکارهێنانی ئەم جۆرە ماددانەو هاوکارو هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان بکەن لەهەر زانیارییەک لەبارەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.