لەگەڵ ئەوەی ناوی مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئێستا بوەتە ناوێکی ئاشنا و بڕیارە دوای هاتنی ساڵی نوێ سەردانی عێراق بکات، بەڵام پێگەی میدڵ ئێست مۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێکدا جموجوڵەکانی پشت پلانەکانی مارک ساڤایا-ی ئاشکراکردووە.
ڕزگاربوون لە شانۆی وەهمەکان
پێگەکە باس لەوەدەکات، ئەگەر ساڤایا بیەوێت لە ئەرکەکەیدا لە عێراق سەرکەوتوو بێت، دەبێت خۆی لەو شتە ڕزگاربکات کە پێی دەوترێت "شانۆی وەهمەکان" و دەبێت بە وردی بزانێت کێ قازانج لە هەڵوێستەکەی دەکات.
پێگە لەندەنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ساڤایا وەک پاداشتێک بۆ دڵسۆزییەکەی بۆ ترەمپ دەستنیشانکراوە بۆ ئەو پۆستەی لە عێراق، نەک لەڕێگەی ئەزموون و بیرکردنەوەی ستراتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، بە زەردەخەنە و دەستێکی درێژەوە دەچێتە کۆشکی گورگەکان، بەڵام ئەزموونەکەی سنووردارە. ئەرکەکەی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و پچڕاندنی پەیوەندییە بەهێزەکانیلەگەڵ تاران، بۆ ئەوەی عێراق لە تاریکی کاریگەریی ئێرانەوە بکێشێتەوە ناو ڕووناکی.
ئەوەی ساڤایا ڕوبەڕویان دەبێتەوە، پێشتر دوژمنەکانیان ناشتووە
ساڤایا لە دۆخێکدایە، هەر دەرگایەک کە تووشی دەبێت تەڵەیەکە. ئەو سەرکردانەی کە ئەو ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دیکتاتۆریەت و لەشکرکێشی و کودەتا و گەمارۆ و شۆڕش و شەڕەکانیان تێپەڕاندووە و دوژمنەکانیان ناشتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەوان وەستای پۆشینی جلوبەرگ بوون، مەدەنیەتەکەیان تەنها شمشێرێکە لە ئاوریشمدا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەمانە نیشتمانپەروەر نین، بەڵکو کۆمەڵێک تەماحکارن. ئەوان ئایدۆلۆژی نین، بەڵکو دەسەڵاتدارن. ئەوان بە ئیمانەوە ناجەنگن، بەڵکو بە سەروەت و سامانەوە. ئەوان وەزیر و پەرلەمانتار نین، بەڵکو سەرکردەی خێڵن بە جلوبەرگی حکومییەوە. فەرماندەیی گروپە میلیشیاکان و فەرمانی ڕفاندن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ساڵی 2003ەوە عێراق تاڵان دەکەن بەڵام وەک هەموو تاوانباران یەک هەڵەی گەورەیان کردووە: شوێنەواری داراییان بەجێهێشتووە".
لە ڕاپۆرتەکەدا پێگە لەندەنیەکە ڕوونی کردوەتەوە کە سامانەکەی گروپە چەکدارەکان لە بەغدا نییە، بەڵکو لە خەزێنەکانی سویسرا و بانکەکانی ئێران و کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و ئەمەریکادا شاراونەتەوە.
پێگەکە پێشنیاز بۆ ساڤایا دەکات میکانیزمێکی گرنگ بەکاربهێنێت، چونکە گروپە چەکدارەکان ترسیان لە سەرباز و بۆمب نییە، بەڵکو لە هەژاری و ئیفلاس بوون دەترسن.
ڕاپۆرتەکە ئەم سیناریۆیەی خستۆتە ڕو و داوا لە ساڤایا دەکات: "لەبەردەمیان دابنیشە، بە شێوەیەکی دیپلۆماسی زەردەخەنە بکە و بەڵگەنامەیەکیان پێشکەش بکە، کە دەسەڵاتی یاسایی تەواو دەدات بە حکومەتی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتنی هەر سەروەت و سامانێک، ئەکاونتێک، یان وەبەرهێنانێک بە ناوی ئەوانەوە، بە ناوی منداڵەکانیان، یان ناوی ئەوانەی لە بازنەکەیاندان". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێیان بڵێن ئەم بەڵگەنامەیە هیچ مانایەکی نییە ئەگەر بەڕاستی بێتاوان بن، سەیری لەرزینی دەستەکانیان بکە، سەیری گرژبوونی دەمامکەکانیان بکەن، ئەوانەی ڕاستگۆن واژۆ دەکەن. بەڵام گەندەڵکاران وەستاون، لە توڕەییدا دەتەقێنەوە، بۆیە ئەم پیاوانە بە شەرەف و باوەڕەوە ناجوڵێن، ترس لە لەدەستدانی هەموو ئەو شتانەی دزیویانە، پاڵنەرێکە بۆیان".
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "پارە تەنها یەکێکە لە چەکەکانیان؛ چەکی دووەمیان فێڵە. ئەوان شارەزان لە زەردەخەنە و باوەشکردن و پیلانگێڕی. ئەوان کۆمەڵێک بەڵێن و خیانەتیان هەیە، خۆدزینەوە پراکتیزە دەکەن".
ساڤایا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارەیەکی دیموکراسی نەنێردراوە، بەڵکو لەگەڵ بازاڕێکدا مامەڵە دەکات کە دڵسۆزی کاڵایەکە و هاوپەیمانییەکان دەخرێنە موزایەدەوە، نیشتمانپەروەری تێیدا ساختە دەکرێت. "ئەگەر ساڤایا بیەوێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر بیەوێت دەستی تاران بشکێنێت، دەبێت ئەو یەک شت بەکاربهێنێت، کە ئەم پیاوانە لێی دەترسن: پارە، نەک ڕاستی، نەک پرەنسیپ، نەک دادپەروەری".
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "دوای پارەکە بکەوە. دەستی بەسەردا بگرە. هەڕەشە بکە تا ئەو کاتەی کڕنوش دەبەن. تەنها ئەو کاتە تەسلیم دەبن. تەنها ئەو کاتە ئیمپراتۆریەتی دزەکان دەلەرزێت".
