نوسینی یۆرۆنیوز فارسی
وەرگێڕان لەفارسییەوە: حەمەدەمین سلێمان
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی لە وتارێکی تێروتەسەلدا بە لەبەرچاوگرتنی داڕمان و نەمانی سیستەمی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەک، کە پەیمانە ئەتۆمییەکانی ئێستا تێیاندا یان بەسەرچوون یان لە سەروبەندی نەماندان یان پەسند نەکراون، وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە لەگەڵ مەترسیدارتربوونی ژینگەی ئاسایشی جیهانی، وڵاتی دواتر کە دەبێتە ئەتۆمی کامە دەبێت ؟
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ بەقەڵەمی ئەلێکس ئالفیرازمی دەنووسێت هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکان لە جیۆپۆلەتیکی جیهاندا، وڵاتانی وەک ژاپۆن و سعودیە بە جددی بیر لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەنەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین ساڵە ڕۆڵی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئەم وڵاتانە جێبەجێ کردووە. گومانەکان سەبارەت بە متمانەپێکردنی واشنتن وەک هاوبەشێکی ئەمنی لە زیادبووندایە. لە هەمان کاتدا، دیمەنی هەڕەشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپتر بووە.
چین و کۆریای باکوور هەڵسوکەوتی ئیستیفزازی زیاتر نیشاندەدەنو هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی جبەخانە ئەتۆمییەکانیان دەستپێکردووە.
ئێران هێشتا هێزێکی دوژمنکارانە و ناسەقامگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە و سەرەڕای هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە مانگی حوزەیرانی 2025، دەستبەرداری خواستە ئەتۆمیەکانی نەبووە. لە ئەنجامدا مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەر ماوە. لە لەو نێوەندەدا، تورکیا و پۆڵەندا توانای ئەوەیان هەیە ببنە هێزی ئەتۆمی .
لە ئێستادا نۆ وڵات لەوانە ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و بەریتانیا و فەڕەنسا کە بە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ناسراون و هەروەها هیندستان و پاکستان و کۆریای باکوور و ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمین. بەڵام کام وڵات دەبێتە وڵاتی داهاتووی ئەتۆمیی ؟
ئێران، "گەورەترین هەڕەشەی نا ئەتۆمیی بۆ جیهان"
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ دەنووسێت کە ئێران بە گەورەترین هەڕەشەی نا ئەتۆمیی بۆ سەر جیهان دادەنرێت. ئەو وڵاتە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دوژمنکارانەوە بەڕێوە دەبرێت کە بەدوای لاواز کردنی سیستەمی جیهانییەوەیە. تاران هەروەها تۆمەتبارکراوە بە هەناردەکردنی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و هەڕەشە کردن لە وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی تێکدان و بەکارهێنانی گوشار و هێز .
پیاوانی ئاینیی فەرمانڕەوا بەسەر تاران هەروەها پاڵپشتی ئابووری، سیاسی و سەربازی خۆیان بۆ کارەکتەرانی وێرانکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک حەماس، حیزبوڵڵا ، حوسییەکان و گروپە ئیسلامگەراکانی تر بەردەوامیی پێدەدەن کە دەبنە هۆی وێرانیی و ترس دروستکردن لە نێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا .
ئێران لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە، چەندجار لەڕووی سەربازییەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕووبەڕووبوەتەوە.
تاران ئامانجەکانی خۆی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە. سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بەدوای لەناوبردنی ئیسرائیلەوەیە. هەروەک ئایەتوڵڵا خامنەیی گوتوویەتی: "تەنها ڕێگا چارەسەر بۆ کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوبردن و سڕینەوەی ڕژێمی زایۆنییە".
بەگوێرەی لێدوانی سەرکردەکانی ئێران، ئەگەر تاران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەگەری زۆرە کە لە دژی دوژمنەکانی خۆی بەکاری بهێنێت .
بەگوتەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی و ستراتیجیی لە واشنتن، ئێران گەورەترین و هەمەجۆرترین جبەخانەی مووشەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە .
ئەو جبەخانەی بەتەواوی نزیکەی سێ ههزار مووشەکی بالستیکی لەخۆ دەگرێت کە مەودایان لەنێوان 300 بۆ شهش ههزار کیلۆمەتردایە، بابەتێک کە دەریدەخات ئێران توانای بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لە سەتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپای ڕۆژ ئاوادا هەیە .
زۆرێک لەو مووشەکانە توانای دووفاقەیان هەیە، لەوانە مووشەکی بالیستیکی مەودا ناوەند شەهاب3 کە لەساڵی 2003وه دەستیپێکردووەو مەودای نێوان 800 بۆ ههزارو 300 کیلۆمەتری هەیە .
سەتەلایت هەڵگری سیمورغ لە بنەڕەتدا بە مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕ دادەنرێت کە دەتوانێت شارەکانی وەک لەندەن و پاریس و بەرلین بکاتە ئامانج .
دووفاقی بوونی ئەو موشەکە بە مانای ئەوەیە کە "شەهاب3" دەتوانێت هەم کڵاوەی ئاسایی و هەم کڵاوی ئەتۆمی هەڵبگرێت. مووشەکەکانی تری وەک سیجیلیش توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، مووشەکی مانگە دەستکردی سیمۆرغ بە مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕ دادەنرێت کە دەتوانێت شارەکانی وەک لەندەن، پاریس یان بەرلین بکاتە ئامانج .
سەرباری هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ماددە پەرتبووەکان لە ئاستی چەکوچۆڵدا، وەک یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، توانا مووشەکییەکانی سوپا نیشاندەری ئارەزووی ئێرانە بۆ هەبوونی چەکی ئەتۆمی. بوونی سیستەمەکانی هەڵدانی ئەتۆمی ئاماژەی ئەوەیە کە ئێران لە ڕابردوودا بەرنامەگەلێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبووە و هەروەها بەدوای ئەو ڕێگاوەیە .
ستراتیژی "ناڕوونی حیسابکراو"ی ئێران
ئێران لەبەرانبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆیدا ستراتیژی "ناڕوونیی حیسابکراو"ی گرتۆتەبەر و لە ڕابردوودا لە هەڕەشەی چەککردنی توانا ئەتۆمییە شاراوەکانی خۆیدا بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کەڵکی وەرگرتووە.
بۆ نموونە لەساڵی 2015 ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕوسیا، چین و ئەڵمانیا بۆ وەستاندنی هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، پلانی کاری هاوبەشیان(بەرجام) واژۆ کرد .
بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، ئاستی پیتاندنی ئێران بۆ 3.67 لەسەد سنووردار کراوو لەبەرامبەردا، ئیمتیازاتەکانی وەک ئازادکردنی پارە بلۆک کراوەکان، کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان و گەڕانەوەی ئێران بۆ سیستەمی بانکیی جیهانی پێدرا .
لە ساڵی 2018، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی(بەرجام) کشایەوە، کە ئێران ئەوەی بە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەزانی. (بەرجام) لەئۆکتۆبەری 2025 بەسەرچوو و لەئێستادا هیچ چوارچێوەیەکی کرداری ڕوون نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامە ناوکیەکەی ئێران .
شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوش نیوەشەودا" ستراتیژی ناڕوونی تارانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و لەوانەیە حساباتی ئەتۆمی ئێرانی گۆڕیبێت. لەگەڵ زیادبوونی فشاری ناوخۆیی و هەڕەشە دەرەکییەکان، هاندانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی بەربەستی ئەتۆمی خۆماڵی زیادیکردووە .
ئێران، پێچەوانەی وڵاتانی تری ئەو لیستە، بە وڵاتێکی دوورخراوەوە دادەنرێت و بە هەندێک پەیماننامەی ڕێگر لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پابەند نیە. لە ئەنجامدا، ئێران مەترسیدارترین هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکانە لە نێو ئەو وڵاتانەی کە بە جێی لێکۆڵینەوە دادەنرێت و ئەگەری ئەوەی کە هێشتا بەدوای چەکە ئەتۆمییەکانەوە بێت هێشتا بەرزە .
عه رەبستانی سعودیهو کێبڕکێ لەگەڵ ناوەکیی بوونی ئێران
تارمایی ئەتۆمیی بوونی ئێران ئاسۆی ستراتیژی سعودیەی بە توندی لەژێر کاریگەریی داناوە. ئەم دوو وڵاتە لە کێشمەکشدا بۆ هەژموونی ناوچەکە لەکێبڕکێیەکدا گیریان خواردووە .
بۆ ریاز، پشتیوانی ئێران لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەرانسەری ناوچەکە، بەتایبەتی لە یەمەن، نیگەرانییەکی ستراتیژی دێرین بووە. ئەو دوو وڵاتە لانی کەم لە ساڵی 2011وە لە یەمەندا لە شەڕی بەوەکالەتدا ڕووبەڕووبووتەنەوە. شەڕە بە وەکالەتەکانی گرووپیی نێوان ئەو دوو وڵاتەش لە عێراق و لوبنان و سوریا ڕوویداوە .
هەروەها تێگەیشتنی ریاز بۆ هەڕەشەی تاران بەهۆی توانا موشەکییە فراوانەکانی ئەو وڵاتە شیعەوە توند دەبێت. مووشەکەکانی ئێران هەڕەشە لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی سعودیە دەکەن. لە ئەنجامدا محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ئارەزووی خۆی بۆ پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکان بۆ بەربەستگرتن لە ئێران دەربڕیوە .
لە ڕابردوودا، محەمەد بن سەلمان بە ڕوونی ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، سعودیەکانش دەبێت بەدەستی بهێنن. محەمەد بن سەلمان لە ساڵی 2018وە ئەو بابەتەی پاراستووە و ڕابردووی سعودیە لە پرۆژەکانی چەکی ئەتۆمی لانیکەم بۆ دەیەی ساڵانی حەفتاکان دەگەڕێتەوە .
پهیوەندی نزیکی ناوەکیی پاکستان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە
پاکستان، کە هێزی ئەتۆمییە لەگەڵ پەیوەندییە دیپلۆماسی و بەرگریە نزیکەکانی لەگەڵ سعودیە، بۆ پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییەکانی یارمەتی لە ریاز وەرگرت .
وەک ڤیکرام سود، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری هندستانیش ڕایگەیاند "ڕۆڵێک کە سعودیە لە ساڵانی سەرەتادا لە پەرەپێدانی بۆمبی پاکستان لە دەیەی 1970 گێڕای، بە تەواوی زانراوە" .
ئیسلام ئاباد یەکەم تەقینەوەی چەکەکانی ناوەکی خۆی لەساڵی 1998 ئەنجامدا کە بەشی سەرەکی ئەوە بە هۆی پارەی سعودیەوە بوو. عەبدولقادر خان، باوکی بۆمبی پاکستانی، قاچاخچی کەرەستەکانی ئەتۆمی و زانای سەرکێش هەروەها لە ڕژێمی سعودیە نزیک بوو و شڕۆڤەکاران پێیان وایە کە تۆڕە ئەتۆمییەکەی ئەو لەلایەن ڕیازەوە پارەی بۆ دابین کراوە و داوای لێکرابوو تا لە پەرەپێدانی بۆمب هاوکاری ڕیاز بکات .
سوود لە ساڵی 2010دا نووسیبووی: "لە کاتێکدا کە تەواوی جیهان باس لە خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات، پرسی پەیوەندیی ئەتۆمیی سعودیە و پاکستان هەرگیز نەسەلمێنرا، بەڵام هەرگیز بە تەواوی ناڕوون نەبوو". لەڕووی لۆژیکییەوە، دەبوایە سعودیه بژاردەی یەکەم و جێی ڕێزلێنانی پاکستان بوایە. هەرچەند هیچ بەڵگەیەکی بڕواپێکراو لەبابەت ئامانجی سعودیه بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی چەکی ناوەکی لەئارادا نیە، بەڵام ئەو چیرۆکە هێشتا سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕادەکێشێت .
ڕێککەوتنی 123ى سعودیە لەگەڵ واشنتۆن و "هەڵهاتنی ئەتۆمی"
ئەگەر سەیری ئەمڕۆ بکەین دەتوانین بڵێین لێدوانەکانی محەمەد بن سەلمان بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە سعودییەکان بیر لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەکەنەوە. محەمەد بن سەلمان لە سەفەری ئەو دوایەی خۆیدا بۆ واشنتۆن، لە بابەتی ڕێککەوتنێکی وزەی ئەتۆمی مەدەنیی لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆی کرد. ڕێککەوتنی (123) کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا، ڕێگە خۆشکەرە بۆ هەناردەکردنی ڕیاکتۆری ئەتۆمی، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و سووتەمەنی لە ئەمریکاوە .
لەگەڵ وشکبوونی مەرەکەبی ڕێککەوتنی هاوکاری ئەتۆمی ئەو دواییەی نێوان سعودیە و ئەمەریکا، ریاز دەتوانێت بەم زووانە توانای "دەربازبوونی ئەتۆمی" بەدەست بهێنێت. ئەم شانشینە لە ئێستادا زانیاری تەکنیکی پێویستی بۆ پەرەپێدانی بۆمبی هەیە و بەم زووانە ژێرخانی پێویست بۆ پڕچەککردنی بەرنامەی ئەتۆمی لە داهاتوودا بەدەست دێنێت .
لەو ڕێککەوتنە دا هاتووە بە مەرجێکی گرنگ، ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا هاوبەشی هەڵبژێردراوی سعودیە دەبن لە هاوکاری ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیدا، بەڵام ریاز دەبێت پابەند بێت بە ستانداردە بەهێزەکانی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی. لە ڕاستیدا، ئەمریکا پێشتر نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە تواناکانی شکاندنی ئەتۆمی سعودیە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵێی سوورە .
ئێمیلی دی، توێژەر نووسیویەتی: "بۆ سنووردارکردنی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، واشنتن هێشتا پێداگری لەسەر "ستانداردی زێڕین" دەکات کە پیتاندن و دووبارە پرۆسیسکردن قەدەغە دەکات .
ڕیاز پێی وایە دەبێت ڕێگەی بدرێت یۆرانیۆم بپیتێنێت. لە ئێستادا ریاز یەدەگی بەرچاوی یۆرانیۆمی هەیە کە دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پیتاندنی خێرا بکات. سعودیە وڵاتێکی ئەتۆمی شاراوە نییە، بەڵام دەتوانێت بەو زوانە ببێت بە یەکێک لەوان .
پلانی ئەمەریکا بۆ جێگیرکردنی ویستگەی ئەتۆمیی ڕیاکتۆر لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەیلولی 2028 ناکەوێتە کار. لەگەڵ ئەوەشدا، سعودیە هێشتا دەتوانێت پەنا بۆ پاکستان ببات بۆ یارمەتی ئەتۆمی و ڕاپۆرتەکان لەسەر کڕینی مووشەکی ئامادەکراو بە کڵاوەی ئەتۆمی لەلایەن ریاز لە ئیسلام ئاباد هێشتا بڵاو دەبێتەوە .
پاکستان دەتوانێت بە تێپەڕینی کات شاهین سێ بداتە سعودیە بۆ ئەوەی لەگەڵ مووشەکی بالستیکی مامناوەندی چینی تێکەڵ ببێت. ئەگەری ئەوە هەیە کە پاکستانییەکان کڵاوەی ئەتۆمی خۆیان بە مووشەکەکانیانەوە ببەستن تا ئەوەی هەوڵ بدەن مووشەکێکی هاوشێوە بەڵام جیاوازی چینی بگۆڕن .
بەو بیرۆکەیە، مەترسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە سعودیە لە ئاستی مامناوەند دایە، ئەوان ڕەنگە لەگەڵ چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆیان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن تا لە ماوەیێکی کورت و مامناوەندا پەیوەندی بەهێزی سعودیه و ئەمریکا نەخاتە مەترسییەوە. جگە لەوەش، بەرنامەی مۆدرێنکردنی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی سعودییە پەیوەستە بە پشتیوانی ئەمریکا و نێودەوڵەتییەوە. سعودیە بە دەستگەیشتن بە چەکی ناوەکیی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران دەکات کە چەندین ساڵە هەوڵی ڕاکێشانیان بۆ وەبەرهێنانی سیاسی و دارایی تەرخان کردووە .
سەرەڕای ئەوەش ، سعودیە هەروەها پەیمانی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی مۆر کردوە، لەبەرانبەر ئەوە بەپێی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی سەرشانیەتی لەبەرانبەر فراوان بوونی تواناکانی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمیی بەرگری بکات. بەڵام ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، هەموو گرەوەکان هەڵدەوەشێنەوە و بۆمبی سعودیە دەبێتە ئەگەرێکی مەترسیدار .
بۆیە، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت وشیار بن و بەردەوام بە بیری شازادەی جێنشینی سعودیە بهێننەوە کە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەتوندی قەدەغەکراوە، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایە ئەو بڕیار دەدات دەستگەیشتنی خێرا بە جبەخانەی ئەتۆمی لە بەرژەوەندی ئەو دایە یان نا .
ژاپۆن و ئەگەری به ناوەکی بوون به مەترسی چین
لەگەڵ ئەوەی کە ژینگەی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گرژیی کەمترە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ژینگەی ئەمنی ئەوێ بە خێرایی لە گۆڕاندایە و ئاسایشی ئاسیا بە هۆکاری جۆراوجۆر مەترسیدارە. یەکەم، ناوچەی ئاسیا و پاسیفیک ئەتۆمییترین ناوچەی جیهانە و لەگەڵ هیندستان و پاکستان، شەش وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی بە ناوچە و بەرژەوەندیی ستراتیژیی گرنگ لەوێ کار دەکەن .
سێ وڵاتی گەورەی ئەتۆمیی چین، ڕووسیا و ئەمریکا بەشێوەیەکی چالاکانە کێبڕکێی باڵادەستی لە ناوچەکەدا دەکەن و کۆریای باکوور دەوڵەتێکی سەر کێشە و بەشێوەیێکی ئاسایی تاقیکردنەوەی مووشەکی لە دەریای ڕۆژهەڵاتی خۆیدا ئەنجام دەدات. کۆریای باکوور دوایین جار لە ساڵی 2017 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا و هەڕەشەی کردوە کە تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکاتەوە .
چین گەورەترین هێزی دەریایی لهجیهاندا هەیه
دووەم: چین لە دوای هاتنە سەرکاری شی جینپینگ لە ساڵی 2012وه تواناکانی چەکی ئەتۆمی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. کاتێک سەرۆک شی دەسەڵاتی گرتە دەست، چین 250 کڵاوەی ئەتۆمی هەبوو. ئێستا 600 کڵاوەی هەیەو بەوتەی پنتاگۆن مەزەندە دەکرێت تا ساڵی 2035، ههزارو 500 کڵاوەی ئەتۆمیی هەبێت. بەرنامەی پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی چین هیچ نیشانەیەکی خاوبوونەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا نیشان نادات. هەروەها گەورەترین هێزی دەریایی لە جیهاندا هەیە کە پێش ئەمریکا دەکەوێت و خاوەنی سەکۆکانی دەریاییە کە توانای هەڵدانی کڵاوە ئەتۆمییەکانیان هەیە .
ژێردەریاییە ئەتۆمییەکانی جۆری جین لەدروستکراوی چین لە هەوڵدا بۆ زیادکردنی توانای مانەوەی ڕێگری ئەتۆمی خۆیان، گەشتەکانی ڕێگری بەردەوام لە دەریادا ئەنجام دەدەن. زیادبوونی زیاتری توانای مانەوە، چین چالاک دەکات تا لە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئەو وڵاتە، هێرشی ئەتۆمی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات. ئەو توانایە بە توانای هێرشی دووەم ناسراوە و بنەمای دۆخێکە کە بە "وێرانکاریی حەتمیی هەردوولا/MAD" ناسراوە، بارودۆخێک کە توانای ئەوە دەدات بە وڵاتێک بەرگەی یەکەم هێرشی ئەتۆمی بگرێت و تۆڵە بکاتەوە .
جەنگی جیهانی داهاتوو ڕەنگە لەگەرووی تایوان دەست پێبکات
سێیەم: نیگەرانیی زۆر لەمەڕ پلانەکانی چین لە بابەت تایوان هەیە، بەجۆرێک کە سەرۆک شی فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە ئامادەبن و بتوانن تا ساڵی 2027 لەڕێگای گەرووی تایوان دەست بەسەر ئەو دوورگەیەدا بگرن. پێدەچێت جەنگی جیهانی داهاتوو ڕەنگە لەو ناوچەیەدا دەست پێبکات و بۆ وڵاتانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور کە بەردەوام گرفتاری نێو ئاگری ناکۆکی ناوچەیین، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تادێت وەک باشترین بژاردە سەیر دەکرێت بۆ بەرگریکردنێکی باوەڕپێکراو لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی خۆیان، لە ئەگەری دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیێکی تەواو لە نێوان چین و ئەمریکا لەسەر تایوان یان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دیکە لە دەریای باشووری چین .
تاکە کێشە ئەو کاتەیە کە ژاپۆن چەکی ئەتۆمی بەدەستدەهێنێت
وەک بیلاهاری کاوسیکان، باڵیۆزی سەنگافورە بە ئاشکرا ڕایگەیاند ئیدی کێشەکە ئەوە نییە کە ئایا ژاپۆن و کۆریای باشوور لە نێو هاوپەیمانیی ئەمریکادا بەربەستە ئەتۆمییەکانی سەربەخۆ بەدەست دەهێنن یان نا، بەڵکو کەی دەبێت .
سانائە تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ژاپۆن ڕایگەیاندووە کە تۆکیۆ بە شێوەیێکی چالاک بیر لە بژاردەی ئەتۆمیی دەکاتەوە. حکومەتەکەی ئەو لێکۆڵینەوە لە سیاسەتە ئەتۆمییەکانی ژاپۆن دەکات. ژاپۆن لەساڵی 1967 بە سێ بنەما (نەبوون، دروستنەکردن،هاوردەنەکردن)ی چەکی ئەتۆمیی پابەند بووە، بەڵام ئێستا ئەو بنەمایانە کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. لە ئێستادا مشتومڕێکی گشتی لە ژاپۆن لە بابەت ئایە تۆکیۆ دەبێت تیۆری ئەو سێ (نە) ڕاست بکاتەوە یان وەلا بنێت لە ئارادایە .
ژاپۆن بە قوڵی لە نیازەکانی چین، بە تایبەت لە بواری ئەتۆمیی نیگەرانە. کۆریای باکوریش بەهۆی بەرنامەی ناوەکیی و مووشەکیی خۆی، لەلایەن تۆکیۆ وەک هەڕەشەیێکی جددی لەسەر ئاسایشی خۆی لەبەرچاو دەگیرێت .
جێگیرکردنی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن
چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ڕابردوودا لە ژاپۆن جێگیر بوون. بنکەیەکی ئەمریکی لە دوورگەی ئۆکیناوا تا ساڵی 1972 چەکی ئەتۆمی تێدابوو. ئەگەری زۆری هەیە کە ئەمریکا بەو زوانە بتوانێت دووبارە ئەو چەکانە لە وڵاتی خۆرهەڵاتی درەوشاوە جێگیر بکات تا هەوڵەکان بۆ بەربەستی چین بەهێز بکات. هەڵوێستی ئەمریکا لە گۆڕاندایە و بە دوای ئەولەویەت دانە بە بەربەستی چین لەبەردەوامی دەستکەوتە ستراتیجییەکان لە ئاسیا و زەریای هێمن .
"ئێمە سوپایەک دروست دەکەین کە توانای بەرپەرچدانەوەی دەست درێژیی لە هەر شوێنێکی زنجیرەی دوورگەکانی یەکەمدا هەبێت".
لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەی ترەمپدا کە لە دیسێمبەری 2025 بڵاوکرایەوە، هاتووە: "ئێمە سوپایێک دروست دەکەین کە توانای بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی لە هەر شوێنێکی زنجیرەی دوورگەکانی یەکەمدا هەبێت". لەو بەڵگەنامە ستراتیجییەدا هاتووە کە ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن "پتەو و بەهێز" دەکات و "دۆخی وشیارانە"ی وەک ئامرازی سەرەکی ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا دەستنیشان کردووە. قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئەوە دەردەخات کە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن پێشوازی لێدەکرێت .
کڵاوەی ئەتۆمی باوەڕپێنەکراوی ئەمریکا لەکۆتاییدا دەتوانێت ژاپۆن ناچار بکات واز لە سیاسەتی دێرینی "سێ نەخێر" بهێنێت و بەخێرایی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبێکی سەربەخۆ بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی تیم کێلی و جۆن گیدی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بنەمای "سێ نەخێر" بە ناواقیعی وەسف کردووە و ئەو بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە "لەوانەیە ئەمریکا بۆ بەرگرتن لە ڕکابەرەکانی پێویستی بە هێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت بۆ ژاپۆن". لەگەڵ ئەوەشدا، کڵاوەی ئەتۆمی باوەڕپێنەکراوی ئەمریکا لەوانەیە لە کۆتاییدا ژاپۆن ناچار بکات واز لە سیاسەتی دێرینی "سێ نەخێر" بهێنێت و بەخێرایی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبێکی سەربەخۆ ئەنجامبدات.
تاکە شتێک کە ژاپۆن کەمی هەیە، سەکۆی هەڵدانی ئەتۆمییە کە توانای هەڵدانی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە
لەئێستادا ژاپۆن هەموو ژێرخانە پێویستەکانی بۆ چەکدارکردنی توانا ئەتۆمییەکانی خۆی هەیە. تاکە شتێک کە کەمی هەیە، سەکۆی هەڵدانی ئەتۆمییە کە توانای هەڵدانی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژاپۆن بەهۆی بنکە پیشەسازییە پێشکەوتووەکەیەوە، دەتوانێت ناتەواویی سەکۆکانی هەڵدانی خۆی لەماوەیەکی تاڕادەیەک کورتدا قەرەبوو بکاتەوە .
نایتۆ، شرۆڤەکاری ژاپۆنی لەگەڵ داننان بە لێهاتوویی تەکنیکی و تەکنەلۆژیی ژاپۆندا ڕایگەیاند: " ژاپۆن توانای ئامێرسازیی و بەرهەمهێنانی پێشکەوتووی هەیە کە ئەوەش توانای دەداتێ تا بەشەکانی چەک و مەودایێکی فراوان لە سیستەمەکانی هەڵدانی بەهێز وەکو موشەکەکانی مام ناوەند، کەشتی، ژێر دەریایی و فڕۆکە بەرهەم بێنێت" .
ئیرادەی سیاسی تاکە شتە کە دەتوانێت ژاپۆن بگۆڕێت بۆ دەیەمین هێزی ئەتۆمی، 80 ساڵ دوای ئەوەی بوو بە یەکەم و تاکە هێز کە بە چەکی ئەتۆمی هێرشی کرایە سەر .
ژاپۆن هەروەها یەدەگی گەورەی پلۆتۆنیۆمی هەیە کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوە ئەتۆمییەکان بەکار بهێنرێت. بەگوتەی نایتۆ، ئەگەر ژاپۆن یەدەگی پلۆتۆنیۆمی خۆی بپیتێنێت، ئەوا بۆ دروستکردنی ههزار بۆمب بێ کەم و زیاد دەبێت. ئەوەی ئەتۆمیی بوون لە نا ئەتۆمیی بوون لە دوورگەکانی ژاپۆن جیا دەکاتەوە، کردارەکانی ئیرادەی سیاسییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا ژاپۆن دوای 80 ساڵ لە بوون بە یەکەم و تاکە هێز کە بە چەکی ئەتۆمی هێرشی دەکرێتە سەر دەبێتە دەیەمین هێزی ئەتۆمیی یان نا .
ڕای گشتيی ژاپۆن و مەسەلەی ئەتۆمیی بوون
لە کاتێکدا کە ژاپۆن بە ئەگەری زۆرەوە دەتوانێت جارێکی تر میوانداری چەکە ئەتۆمییە تاکتیکیەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی خۆی بکات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا پەرۆشی ناوخۆیی بۆ پەرەپێدانی توانای چەکە ئەتۆمییەکانی سەربەخۆ هەیە یان نا. وەک دیموکراسییەکی گەشەکردوو، خەڵکی دەبێت پشتگیریی لە هەوڵی بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمیی بکەن. ڕای گشتی لە ژاپۆن لەسەر ئەم بابەتە کۆک نیین، بەڵام وەک رابردوو لەگەڵ بیرۆکەی جیگیر کردنی چەکە ئەتۆمییەکان لەسەر خاکی ژاپۆن دژ نین. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی گشتی لە ساڵی 2024، شەست لە سەدی بەشداربووان پێیان وایە بەربەستی فراوانی ئەمریکا بابەتێکی پراگماتییە. پرسیاری ئەوەی کە ئایا ژاپۆن دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، پەیوەستە بە تێگەیشتنی گشتی لە ڕۆڵی چەکی ئەتۆمیی لە سەلامەتتر کردنی وڵاتەکە لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی چین و کۆریای باکوور .
وادیارە یادەوەری هیرۆشیما و ناکازاکی، شوێنێک کە 110 ههزار کەس بەهۆی دوو بۆمبی ئەتۆمی لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئەمریکاوە کوژران، بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. گفتووگۆکان هێشتا لە ڕای گشتی ژاپۆندا بەردەوامن .
کۆریای باشوور و ڕازی بوونی حەفتا لە سەدی خەڵکی بۆ بە ئەتۆمیی بوون
کۆریای باشوور وەک ژاپۆن وڵاتێکی دیموکراسییە و سەرکردە سیاسییەکان بۆ بنیاتنانی توانای چەکە ئەتۆمییەکان پێویستیان بە مۆڵەتی خەڵک هەیە. بۆ ئەو مەبەستە، ڕای گشتیی لایەنگری بەربەستێکی ئەتۆمیی سەربەخۆیە و زیاد لە حەفتا لە سەدەی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ بیرۆکەی توانایێکی خۆماڵیی کاردانەوەی ئەرێنییان پیشانداوە .
لە ئێستادا، دوورە کە کۆریای باشوور بۆمبێک بەدەست بهێنێت،بەڵام هەلومەرجێکی لەبار هەیە کە بڵاو بوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان، کۆریای باشور بۆ ئەگەرێکی دیایکراو لە ئایندەدا بگۆڕێت. بە تایبەت ئەگەر پیونگ یانگ چاو نەترسانە، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی دراوسێکەی سیئۆل توند بکات .
پۆڵەنداو داواکاریی چوونە ژێر چەتری ئەتۆمیی
شەڕ لە ئۆکرانیا بۆ وڵاتی پۆڵەندای دراوسێ، سەرلەنوێ سەرنجی خستووەتەوە سەر پێویستی دامەزراندنی سەنگەری بەرگری بەهێزتر. لە مانگی ئاداری 2025، دۆناڵد توسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا نیازی وڵاتەکەی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پەیوەندیدار بە ئەتۆمیی ڕاگەیاند .
پۆڵەندا کە لە بەدەست هێنانی توانای چەکە ئەتۆمییەکانی خۆی دواکەوتووە، بە دوای قوڵ کردنەوەی ڕێککەوتننامەکانی هاریکاریی ئەمنییەوەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە بە چوونە ژێر چەتری ئەتۆمیی فەڕەنسا یان ئەمریکا دەبێت. سەرۆک وەزیران توسک ڕایگەیاند: "ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە پۆڵەندا دەبێت بە دوای مۆدێرنترین تواناکانی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمیی و چەکە ئاساییەکانی مۆدێرنەوە بێت. ئەمە کێبڕکێیە بۆ ئاسایش، نەک جەنگ".
پۆڵەندا وەک ئەندامێکی ناتۆ، لە ڕووی تەکنیکییەوە گەرەنتی بەربەستی فراوانی ئەتۆمیی بەدەست دەهێنێت و لە ئێستادا بێ بەشە لە دۆخی پێویست بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی سەربەخۆی .
تورکیاو نیگەرانیی لەبەئەتۆمیی بوونی ئێران و ئیسرائیل
تورکیا ڕاڕاترین ئەندامی ناتۆیە و زۆر جار یەکگرتوویی هاوپەیمانەتییەکە لاواز دەکات. تورکیا بە ئاماژە بە هەڕەشەی ئێران، وەک سعودیە، ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆیدا، هەوڵ دەدات توانایەکی ئەتۆمی سەربەخۆ بەدەست بهێنێت. تورکیا هەروەها نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل دەربڕیوە. ڕەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "ئێمە ئیسرائیل لە نزیکی خۆمانە، نزیکی وەک دراوسێیێک. ئەوان بە هەبوونی چەکە ئەتۆمییەکان، وڵاتانی دی دەترسێن" .
50 چەکی ئەتۆمی تاکتیکی ئەمریکا لەتورکیا جێگیرکراون
لەئێستادا، 50 چەکی ئەتۆمی تاکتیکی ئەمەریکا لە تورکیا جێگیرکراون کە نیشانی دەدات ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکانی خۆی پێویستی بە بۆمبی تورکیا نیە. مەگەر دوو بەرکیێکی توند لە نێوان تورکیە و هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆدا، وەک چوونە دەرەوەی تورکیا لەو یەکێتییە، ڕووبدات. بۆیە بۆمبی ئەتۆمیی تورکیا ئەگەرێکی دوورە .
هەرچەندە پشتیوانی خەڵک بۆ بەربەستی ئەتۆمی خۆماڵی زۆرە، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسی ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونی خێرا لەو ئاڕاستەیەدا .
