- تیۆریزەکردنی پەیوەندی
نێوان جەستە و نووسین -
شوان ئەحمەد
گەر جاران وەک وەرزشێکی
جەستەیی یاخود ئەزموونێکی ڕوحانی سەیری پیادەڕۆیی(پیاسەکردن) کرابێت، ئەوا لە ئێستادا
وەک ئەکتێکی فەلسەفی باسدەکرێت.
فردریک گروی ئەکادیمیست
و فەلسەفەکاری فەرەنسی کە خاوەنی چەند بەرهەمێکی فیکرییە، لەوانە:(میشێل فوکۆ)، (یاخیبوون)،
لە کتێبێکی تایبەت و سەربەخۆی دیکەیدا( پیادەڕۆیی فەلسەفەیە یان فەلسەفەی پیادەڕۆیی)،
ئەو پرسە دەکاتە بابەتی قسە لەسەرکردنێکی چڕوپڕ و هەڵوێستەی لەسەر دەکات.
کتێبەکە (٣٠٢) لاپەڕەیەو
لە پاریس بڵاوکراوەتەوە. لەلایەن سەعید بوکرامییەوە
وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە وەشانخانەی(معنى) چاپکراوە. فردریک گرو دەیەوێت
بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بچێت:(ئایا مرۆڤ دەتوانێت بە پێیەکانی بیر بکاتەوە؟).
گەر تا عەیامێکی زۆر
بۆ ئێمەومانان شوێنی گونجاو و دروستی بیرکردنەوەی مرۆڤ مێشک و کەللە سەری بووبێت، ئەوا
لەگەڵ ئەم فەلسەفەکارە فەرەنسییەدا پنتێکی دیکە و جەمسەر و جێگەیەکی تر بۆ ئەو ئەکتە
دەدۆزینەوە و پێیەکانمان وەک چاوگ و ئامرازێکی دیکەی بیرکردنەوە، قوت دەبنەوە.
کتێبەکە لە ناواخنیدا
پیاهەڵدان و ستایشکردنی جوڵە و بزوتن و پیادەڕۆییە، وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ژیاندۆستی
و تەندروست باشی و وەک فریادڕەس و چارەسەری زۆر گرفت و ئەکتێکی فەلسەفی ئەرێنیانە و
...... هتد.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی
دیدوبۆچونەکانی و بەرچاوڕونی پێدانی زیاتر بە خوێنەران، فردریک گرو سەفەرێکی ورد بە
ناو کایەی ئەدەب و هونەر و فەلسەفە و مێژوودا دەکات و نمونە گەلێکی گرنگمان، لەو بارەیەوە
بەردەست دەخات. هەر لە( ئیمانوێل کانت و ژان ژاک ڕۆسۆ و فردریک نیتشەوە، بۆ ئارتۆر
ڕامبۆ و مارتن هایدیگەر و مەهاتما غاندی و .... هتد).
ئەو لەو بڕوا و قەناعەتەوە
دەست پێدەکات کە مرۆڤ تەنیا و تەنیا هەر بە سەر و مێشکی بیرناکاتەوە، بەڵکو بیرکردنەوە
پرۆسێسێکە بە تەواوی جەستە ئەنجام دەدرێت. ئەوەشی ئەم قەناعەتە تۆخدەکاتەوە ئەوەیە
پەیامبەران و زۆرێک لە عاریفە گەورەکان پیادەڕۆبوون. وەک چۆن داهێنەرانی بوارەکانی
هونەر و ئەدەب و فەلسەفەش، دەرگیری ئەوەبوون.
ئاخر ئێمە دەزانین
مەزنە فەیلەسووفێکی وەک فردریک نیتشە بە ڕێ ڕۆشتنەوە نەبوایە، نەیدەتوانی بیربکاتەوە
و بفەلسەفێنێ. هاوکات کەسێکی وەک ژان ژاک ڕۆسۆ لە کتێبی(ئێمیل)دا جەخت لەوە دەکاتەوە
کە پیادەڕۆیی ئازادانە و خۆ ویستانە لە ئامێزی سروشتدا، چاکترین و ناوازەترین میکانیزمێکە
بۆ خۆ پەروەردەکردنی مرۆڤ.
نیتشە وەک دیارترین
پیادەڕۆ لە مێژووی هزردا، سەفەرە بێشومارەکانی بە ناوچە شاخاوی و هەرێمە چەپەک و دورەدەستەکاندا، دەکردە ئامراز و تێشوویەک
بۆ بیرکردنەوە. ئەو مرۆڤێک بوو تەنها لەگەڵ سێبەرەکەی خۆیدا سەفەری دەکرد و دەگەڕا
و دەیگوزەراند و بە دۆڵ و چیا بڵندەکاندا هەڵدەزنا.
لە کایەی سیاسیشدا
مەهاتما غاندی نمونەیەکی دیکەی پیادەڕۆکانی ناو مێژووە کە توانی بە(ڕێپێوانی خوێ) و
شێوازێکی ناتوندوتیژانە، گەلەکەی بە ئامانجی سەربەخۆیی بگەیەنێ و لە بندەستەیی کۆلۆنیالیزمی
بەریتانی دەریان بێنێ.
پیادەڕۆکانی کۆمەڵگەی
ئێمە گەر حەزیشیان بە فەلسەفە نەبێت، لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا ئەو هەستەیان بۆ
دروست دەبێت، کاتێک بە ناو سروشتدا ملی ڕێدەگرن و پیاسە دەکەن، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن
لە فەلسەفەکارییەوە نزیکن و خۆبەخۆ ئەکتێکی فەلسەفیانە ئەنجام دەدەن.
