شارپرێس:
سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەحەلەب دەڵێت، هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە سەبارەت بە ئاگربەست لە حەلەب بڵاوبوونەوە ناڕاستن و دەکەونە چوارچێوەی زانیاری ناڕاست و فریودانی ڕای گشتی کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی کاردانەوەکان و پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانانەیە کە لەلایەن گروپەکانی دیمەشقەوە ئەنجامدراون.
سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەحەلەب لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەپێچەوانەوە هەموو ئەو هەوڵانەی هێزەکانمان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست شکستیان هێنا بەهۆی پێداگریی گروپەکانی حکومەتی دیمەشق لەسەر پەرەسەندنی سەربازی و ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، هاوکات تۆپباران بەردەوامە و فڕینی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ناوچەی نیشتەجێبووندا بەردەوامن.
ڕونیشیکردەوە، ئەم گروپانە چوار هێرشی یەک لە دوای یەکیان بە کەڵک وەرگرتن لە تانک و زرێپۆش ئەنجامدا، کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بە پاڵپشتی دانیشتوانی گەڕەکەکە بەرپەرچدرانەوە، کە بەرگری لە ژیان و بوونیان دەکەن لە بەرامبەر ئەم هێرشەی کە ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج. دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە پابەندبوونیان بە مانەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان و ڕەتکردنەوەیان بۆ هەر جۆرە ئاوارەبوونی زۆرەملێ، دووپات دەکەنەوە کە ئیرادەی بەرخۆدانیان لە سیاسەتەکانی بۆردومان و گەمارۆدان و هەڕەشەی هێز بەهێزترە.
دەشڵێت، هەوڵدان بۆ سەپاندنی واقیعی سەربازی نوێ لە ڕێگەی پەرەسەندن بێ سزا نابێت و لایەنی هێرشبەر بەرپرسیارێتی تەواوی هەیه لە هەر کاردانەوەیەکی جددی کە ڕەنگە لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ئەم ڕێبازە شەڕانگێزییەدا بێتە ئاراوە.
