کەنداڵ جودی- شارپرێس
بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە ڕایدەگەیەنێت، وەک چۆن کۆبانێ بەرگری لە خۆی کرد، شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەرگری لە خۆیان دەکەن و دەڵێت: "دەبێت ئەم هێرشە بۆ سەر هەردوو گەڕەکەکە ڕابگیرێت، ئەگەر شەڕەکە نەوەستێت، کاریگەری لەسەر هەموو سوریا دەبێت".
ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی مەسەدە لە پێکهاتەی عەرەبی ڕیاز دێرار سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە تەمەنی زۆریان بەخشیوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و هەروەک چۆن کۆبانێ بەرگری لە خۆی کرد، شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەرگری لە خۆیان دەکەن و هەموو خەونەکانی دەستگرتن بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا لەنێودەبەن.
دێرار ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە ئەزموونێکە بۆ هەموو گەلی سوریا، ئایا ئەم لۆژیکە تیرۆرە قبوڵ دەکەن؟ یان بەرگری لە خۆیان دەکەن.
دێرار ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی کاتی دیمەشقیش لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە؛ پابەند دەبێت بە نیشتمانپەروەری ڕاستەقینە و بنیاتنانی دەوڵەت لە ڕێگەی گفتوگۆ و فرەچەشنییەوە یان نا، "ئێستا تۆنی ڕقاوی ئەم حکومەتە و دوورکەوتنەوە لە ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو ڕوون بووەتەوە".
لە کۆتاییدا دێرار ڕایگەیاند، دەبێت شەڕەکە ڕابگیرێت، ئەگەر ڕانەگیرێت کاریگەری لەسەر هەموو سوریا دەبێت.
