شارپرێس:
له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێرى داهاتودا شەپۆلێکی نوێی
بەفرو باران سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان دەگرێتەوەو شاره‌زایانى كه‌شناسیش ڕایده‌گه‌یه‌نن،
"ئەمجارە ئەگەری دروستبونی لافاو لەچه‌ند شوێنێك هه‌یه، به‌ڵام زۆرترین بڕى
باران، لەسنوری دهۆک ده‌بێت".
شاره‌زایانى كه‌شناسى ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، شەپۆلێكى
نوێی بەفرو باران ڕۆژی هەینی 9ی مانگ دەستپێدەکات تا 11ی مانگ بەردەوامدەبێت، بەو
هۆیەوە پلەکانی گەرما بۆ سفرو ژێر سفری پلەی سیلیزی دادەبەزێت، لە 12ی مانگ کەشوهەوا
ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی بەفربارینەکە پلەکانی گەرما زوو دانابەزێت.
شاره‌زایانى كه‌شناسى ئه‌وه‌یان ڕونكردوهتهوه،
کاریگەریی شەپۆلێکی دەریای سپی ناوەڕاست دێتەسەر هەرێمی کوردستان، لەشەودا
بارانبارین لەناو شارەکانو لەتەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمیش بەفربارین دەستپێدەکاتەوە،
زۆرترین ڕێژەی بەفربارینیش لەسنوری پارێزگای دهۆک دەبێت‌و ڕۆژی شەممە بارانی بەلێزمە
دەبارێت، بهپێویستزانراوه، هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاریی بکەن، چونکە
ئەگەری دروستبونی لافاو لەهەندێ ناوچە هەیە.
لاى خۆیشیه‌وه هه‌ڤاڵ سدیق گهڵۆزى به‌شارپرێسى وت، "پێشبینیدەکرێت له‌و شه‌پۆله‌ى ڕوو له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، بارانبارین له‌هه‌ندێك ناوچه بگاته (50 بۆ 80) ملیمه‌تر، لەهەندێك ناوچەى دیكه‌ش ڕێژەكه له‌و بڕه زیاتر تێپەڕدهکات بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکان ئەگەری دروستبوونی لافاوو دروستبونی هەوری سوپەرسێڵ کراوە".
به‌وته‌ى شاره‌زایان، کەمترین ڕێژەی بارانبارین
لەگەرمیان دەبێت، بەڵام ئەمساڵ لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم نزیکەی سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو
بارانباریوە، بۆیە لەهیچ ناوچەیەک مەترسی کەمبارینو وشکەساڵی نییە، پێشبینیدەکرێت،
ساڵی داهاتوو زۆر زیاتر لەڕێژەی ئەمساڵ باران ببارێت.