شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوازدەمین ڕۆژدا خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبوو کە لەکاردانەوەی کاسبکارانی بازاڕ لەتاران لەدژی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و قەیرانی ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەکاتێکدا دەوڵەت لەچارەسەرکردنی قەیرانەکان دەستەوەستانە، بەزەبری هێز بەرەنگاری خەڵکی ناڕازی دەبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەماوەی دوازدە ڕۆژی ڕابردوودا 28 پارێزگای ئێران، 150شار و 600 ناوچه و شارۆچکە پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، لەکاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا، تا ئێستا زیاتر له 40 کەس کوژراون، 200 کەسی دیکە بریندارن و 2200 کەسیش دەستبەسەرکراون .
لەمەلکشاهی ئیلام پێکدادانی دژوار لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداو حەوت کەس شەهیدبوون.
لەکاردانەوەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی خوپیشاندەرانی ئیلام و لوڕستان و کرماشان حەوت لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵات مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ بەیانی زوو لەئیلام، کرماشان، سنە، موکریان و ورمێ خەڵک بەگەرموگوڕییەوە مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاندو چەندین ناوچەی دیکەی ئێرانیش بەدەم بانگەوازەکەوە چوون.
هاوڵاتیانی کورد ئەمڕۆ بازاڕ و ناوەندەکانی خوێندنیان داخست و نەچوونە سەر کارەکانیان و خەباتێکی بێ وێنەی مەدەنییان دروستکرد.
ئێستا لەگەڵ سەرکەوتنی مانگرتن لەناوچەکانی لوڕستان و کرماشان و ئیلام و سنوری سنەو سەقزو چەندین شاری ئێران خۆپیشاندان بەردەوامە.
