شارپرێس:
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی لەپەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و دەڵێت،" ڕوداوەکانی حەلەب و بەئامانجگرتنی کورد لویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا لەبارەی ڕوداوەکانی حەلەب، ڕایگەیاند، ڕوداوەکانی حەلەب و بەئامانجگرتنی کورد لەپێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد،"شەڕو توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات، هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت رێگە بەپاکتاوی ڕەگەزی بدات، پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە".
مەسرور بارزانی وتیشی، "هیوادارین هەموو لایەک، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاوڵاتیان بپارێزن و بۆ چارەسەری کێشەکان، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن، هەروەها هیوادارین سیستەمی حوکمرانی ئێستای سوریا لە ئاستی بەرپرسیاریەتی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا بێت".