شارپرێس:
کۆشکی سپی
لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە بڕیاری
کشانەوەی ئەمریکای لە 35 ڕێکخراوی دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و 31 دامەزراوەی سەر
بەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە واژۆ کردووە، بەو پێیەی کارەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییە
نیشتمانییەکانی ئەمریکادا ناگونجێن.
هەرچەندە کۆشکی سپی ناوی ڕێکخراوەکان ئاشکرا نەکردووە،
بەڵام ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو لایەنانە برەو بە سیاسەتی توندی کەشوهەوا و ئەجێندای
جیهانیی دەدەن کە زیان بە سەروەریی و ئابووریی ئەمریکا دەگەیەنێت.
ئەم هەنگاوە دوای پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دێت بۆ
کەمکردنەوەی خەرجییەکانی باجدەرانی ئەمریکی لەو شوێنانەی کە کاراییان کەمە.
ترەمپ لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەوە لە
چوارچێوەی دروشمی "ئەمریکا لەپێش هەمووان" هەوڵی بڕینی بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکانی
داوە و پێشتریش لە یونسکۆ و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کشاوەتەوە و پلانی بۆ جێهێشتنی ڕێکخراوی
تەندرووستیی جیهانی و ڕێککەوتنی پاریس هەیە.
ئەم سیاسەتانە
بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان و سنووردارکردنی چالاکییەکانی وەک
کۆمیسیۆنی پەنابەران و بەرنامەی خۆراکی جیهانی.