هەسەدە و حکومەتی سوریا نزیکبوون لە ڕێککەوتن بەڵام شەیبانی چوە ژوری کۆبونەوەوە و تێکیدا

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6737 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پێگەی ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، هەسەدە و حکومەتی سوریا نزیک بوون لە ڕێکەوتن بەڵام وەزیری دەرەوەی سوریا لەناكاو خۆی كرد بە كۆبونەوەكەداو كۆتایی پێهێنا و شەیبانی لەسەر داوای توركیا تێكیدا.

بەگوێرەی راپۆرتەکە "ئەلمۆنیتۆر"، کۆبونەوەکە کە رۆژی 4ی 1 بە سەرپەرشتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو، شاندێکی کوردی بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سوریا کۆکردەوە و فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت ئامادەی بووە. هەرچەندە دانوستانەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی دەستیپێکرد، تیایدا لێکتێگەیشتنی سەرەتایی كرا سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوپای سوریا، لە ڕێگەی پێکهێنانی فیرقەو لیوا بە سەرۆکایەتی کورد، کەشوهەوای کۆبونەوەکە لە ناکاو گۆڕا.

سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە: ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە لەقۆناغێكی پێشكەوتووی دانیشتنەکاندا چووەتە ژووری کۆبونەوەکەو داوای لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکە و تیمەکەی کردووە بچنە دەرەوە، پاشان لەناکاو کۆتایی دانیشتنەکەی راگەیاندووەو وادەی دانیشتنەکەی بۆ كاتێكی تر دواخستووە.


هەروەك حکومەتی سوریا رەتیکردەوە بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکات و ئەوەی پێیگەیشتوون بەڵگەدار بکرێت، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاماژەیەک داناوە بۆ پاشەکشەی دیمەشق لە لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان.

هەسەدە  شەیبانی تۆمەتبار کرد به جوڵانەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی تورکیا، بەتایبەت كە ئەنكەرە هەر دەقێك رەتدەكاتەوە كە هەسەدە وەك قەوارەیەكی رێكخراو بهێڵێتەوە.

ئەلمۆنیتۆر بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەستێوەردانی شەیبانی خاڵی یەكلاكەرەوە بوو بۆ لەباربردنی دەرفەتێک كە نزیكبوو  بگەنە  چارەسەرێكی سیاسی و، سەرلەنوێ‌ دەرگای لەبەردەم بژاردەیەکی سەربازی کردەوە، لەسەر حیسابی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیری.

بەپەلە