حكومەتی هەرێم داوای حەوت موچە لەبەغدا دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجامداو بڕیاریدا داوای حەوت موچەی نەدراوی فەرمانبەران و بودجەی ئەم ساڵیش لەعێراق بکات، هاوكات، وتەبێژی حكومەت ڕایگەیاند، خۆیان ئامادە دەكەن لەحكومەتی نوێی عێراقدا دەست بەگفتوگۆكان بكرێتەوە.

لەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" ئێمە نەك دوو موچە بەڵكو حەوت موچەمان لای بەغدایەو مەبەستمانە داوای هەر حەوت موچەیە بكەین".

جەختیشی كردەوە،" ئەو حەوت موچەیە هەقی خەڵكی هەرێمی كوردستانەو پێویستە بەغدا بیدات".

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەحكومەتی نوێی عێراقدا دەست بەگفتوگۆكان دەكەینەوەو سەرجەم مەلەفەكانی تایبەت بەخەڵكی كوردستان دەبەینەوە بەغدا".

هاوكات، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،"بڕیاریان داوە گفتوگۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە بێت نەک موچە؛ جگە لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەشەبودجەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیش بکرێت".
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەیشی داوە کە داوا لەعێراق بکات، لە بودجەی ساڵی 2026دا، مافی هەرێمی کوردستان لەدامەزراندن دیاری بکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی داهات و هەناردەكردنەوەی نەوتیش كراوە.