شارپرێس:
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشدارییەکی توند دەدەن
لەوەی کە دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ و پەرەسەندنی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای
کوردستان، هەڕەشەیەکی جدییە بۆ فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی هەسەدە، لە ماوەی یەک هەفتەدا
سێ جار خاڵە سەربازییەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "بایرەکتار"
کراونەتە ئامانج، لەوانە هێرشەکەی سەر گوندی ئەلبوعاسی لە دەوروبەری تەبقە کە بووەتە
هۆی برینداربوونی چەند شەڕڤانێک و هێرشێکی تر بۆ سەر خاڵێکی سەربازیی لە شاری مەسکەنە
لەڕۆژهەڵاتی حەلەب.
هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی
جۆری "ئاکنجی" بۆ بۆردومانکردنی کێڵگەی ئەلسەورە لە باشووری تەبقە، یەکەمین
پێشێلکاریی ئاشکرای ڕێککەوتنی هێورکردنەوەیە کە لە دوای شەڕی بەنداوی تشرینەوە واژۆ
کرابوو.
ئەوەش هاتووە: ئەم کردەوانە و بەردەوامیی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان
و درۆنە خۆکوژەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی وەک دێر حافر، نیشانەی سووربوونی ئەنقەرەیە
لەسەر پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی.
هەسەدە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بەڵگەیی پاشماوەی مووشەکەکان،
داوا لە ڕای گشتیی دەکات لەم پەرەسەندنە مەترسیدارە بکۆڵنەوە کە هەموو تێگەیشتنە ئەمنییەکانی
پێشوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.