شارپرێس:
دوای سوپاسالاری عێراق، وەزیری بەرگری وڵاتەكەش گەیشتە سەر سنورەكانی سوریاو ڕایگەیاند، كەلەئامادەباشی تەواودان و هاوڵاتیان دڵنیادەكەنەوە كەدۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە.
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لەوەزارەتی بەرگری عێراق بەئاژانسی عێراقییەی ڕاگەیاند،" دوای ئەوەی كۆتاییمان بەئەركی ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێنا لە بنەكەی سەربازی عەین ئەسەد، ئێستا هیچ ڕاوێژكارێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەموو بنكە سەربازییەكانی عێراق بونیان نییە".
وتیشی،" ڕاوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها لەبنكەی سەربازی هەولێر بونیان ماوەو كارێكی گەورە لەئارادایە بۆ كۆتایی پێهێنانی ئەركەكانیان و بەجێهێشتنی هەولێریش".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،" ڕێنادەین هیچ جۆرە هەڕەشەیەک و جموجوڵی داعش ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات".
هەر ئەمڕۆ عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق گەیشتە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ سوریا و هێزەکانی سوپای عێراقی بەسەر کردەوە.
ئەمە لەكاتێدایە، هەسەدە پێشتر ڕایگەیاند، لەئەنجامی هێرشی گروپەکانی سەر بە دیمەشق کۆنتڕۆڵی بەندیخانەی شەدادەیان لە باشوری حەسەکە لەدەستداوە كەهەزاران زیندانیكراوی داعشی تێدایە.