شارپرێس:
سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی لەپەیامێكى پشتگیریدا بۆ كوردانی ڕۆژئاوا دەڵێت،" ئەوەی لەڕۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت جێگەی قبوڵكردن نیەو دەبێت كۆتایی بەو بەربەریەته بەرامبەر كورد بهێنرێت".
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی، لەپەیجی فەرمی خۆی پەیامێكی بۆ پشتیوانی كوردانی ڕۆژئاواو ئیدانەكردنی كارەكانی حكومەتی سوریا بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند،" ئەوەی لەسوریاو ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت مایەی قبوڵ نییەو دەبێت بوەستێنرێت".
سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت،" ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەم کردەوە بەربەرییانەیە بەرامبەر بەگەلی کورد دەکەین". جەخت دەكاتەوە، كە گەلی کورد بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی ناکات.
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا نوسیویەتی،" ڕۆژئاوا هەزاران کوڕو کچی خۆی لەدەستدا لەشەڕی دژی داعشدا، بەرگری لەجیهان کردو لەبەرامبەردا باجێکی گەورەیدا، ئەوان شایەنی رێزو کەرامەت و پاراستنی ڕاستەقینەن".
بافڵ تاڵەبانی داواش لەولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو گەلی ئەمریکا دەکات بەبێ دودڵی و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەرقەرارکردنی سەقامگیری.