ئەگەری ڕاکردنی 2000 زیندانیی داعش لەگرتوخانەی ئەقتان هەیە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 129 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن و یەکینەکانی دژەتیرۆر بەردەوامن لەبەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ڕاکردنی نزیکەی 2000 چەکداری داعش کە لەزیندانی ئەقتاون لەشاری ڕەققە دەستبەسەرن، ئەمەش لە ناوەڕاستی هێرشە بەردەوامەکانی چەتەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا کە لە 18ی کانوونی دوەمەوە بۆ سەر زیندانەکەو شەرڤانان دەستی پێکردوە.

 
سەرەڕای بانگەوازە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو هێزانە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە جیهانییەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕاکردنی چەکدارانی داعش لەڕێگەی ئەو هێرشانەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییانە نەدراوەتەوە.

هەروەها زیندانەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بۆردومان کرا کە بوە هۆی پێکەوتنی زیانی ماددی، هاوکات لەگەڵ هەوڵی دەستبەسەرکراوەکان بۆ نانەوەی پشێوی لەناو زیندانەکەدا، بەڵام زۆر بەخێرایی کۆنترۆڵ کرایەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ دوشەممە شەهیدبونی ژمارەیەک لە شەڕڤانانی خۆی لەئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە زیندانی ئەقتان یەکێکە لەگرنگترین ناوەندەکانی ڕاگرتنی ئەندامانی داعش لەناوچەکەدا.

ئەمڕۆش هێزە بەرگریکارەکانی ناو زیندانەکە داوایان لەڕای گشتیی جیهان کرد بەپەلە بجوڵێن و هۆشدارییان دا لەهەوڵی هەڵکوتانە سەرو هێرشی توند، هەروەها جەختیان کردەوە کە پەیمان بە گەلەکەیان دەدەن کە بەهەر نرخێک بێت لەتیرۆر دەیانپارێزن.