ترەمپ بۆ نەرویج: بەهۆی ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیتان پێنەدام، چیتر بەدیهێنانی ئاشتیم بەلاوە گرنگ نییە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە نامەیەکدا کە دوێنێ دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە یوناس گار ستۆر، سەرۆک وەزیرانی نەرویجی ڕاگەیاندووە کە چیتر خۆی بە پابەند نازانێت تەنیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی کار بکات.

 
لەنامەکەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێی، سەرەڕای ئەوەی گوایە کۆتایی بە زیاتر لە 8 شەڕ هێناوە، ئێستا تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە کە بۆ بەرژەوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان گونجاوە.

 لە بەرامبەردا، سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕوونی کردۆتەوە کە حکومەتەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر بەخشینی خەڵاتەکەدا نییە و لیژنەیەکی سەربەخۆ بڕیاری لەسەر دەدات.

هاوکات ترەمپ دووبارە خواستی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە دانیمارک ناتوانێت ئەو ناوچەیە لە مەترسییەکانی ڕووسیا و چین بپارێزێت، هەروەها گومانی لە شەرعییەتی خاوەندارێتی دانیمارک کردووە و وتویەتی کە مێژووی گەیشتنی کەشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئەوێ هاوشێوەی ئەوانی ترە.