هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

 پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان  هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك دەستپێكرد.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ناوەندی دیالۆگی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجامدا لەسەر خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی نوێ و ئەو رەوشەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان چاوەڕوانیەتی.

بە وتەی سەرچاوەكان ئامانج لەم كۆبوونەوەیە فراوانكردنی ناوەندی دیالۆگە بۆ هاوپەیمانێتییەكی فراوانی ئەم پارتانە لەچوارچێوەی  كاری هاوبەشی سەربازی و میدیایی و رێكخراوەیی و جەماوەریی و خۆسازدان بۆ قۆناغەكانی داهاتوو، هەروەها ئامادەیی تەواو بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێك لەكاتێكی هەستیاردا.

ئەو سەرچاوانە لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەم حیزبانە ئاماژە بەوە دەكەن، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی چڕوپڕكراوە لەبارەی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە، چاوەڕێدەكرێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لایەنەكان گفتوگۆی زیاتر و پێشنیار و رای دیكە ئامادە بكەن بۆ پرۆژەكە.

لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەرچاوەیەكی دیكە باس لە بوونی ناكۆكی نێوان لایەنەكان دەكەن لەسەر پرۆژەی هاوپەیمانێتیی بۆ لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام چاوەڕێدەكرێت لە ماوەی داهاتوودا بگەن بە چوارچێوەیەكی فراوانتر بۆ كاری هاوبەش كەمتر لە هاوپەیمانی لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی ناكۆكییەكانیان كە لە  چەند بوارێكدا هەر لایەنە و پێداگری لەسەر بیروبۆچوونی خۆی دەكات.