شارپرێس:
راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند رژێمی ئێران تەمەنی چەند رۆژێكی ماوە، ئەوەش دوای ئامادەكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا دێت بۆ ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران لە داهاتوویەكی نزیكدا.
فریدریچ میرتس راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەم رژێمە ناتوانێت بمێنێتەوە لە دەسەڵاتدا بەبێ توندوتیژی و تیرۆر دژی گەلەكەی، بۆیە ئەم رژێمە چەند رۆژێكی ماوە.
دەشڵێت، بابەتەكە رەنگە چەند هەفتەیەك بێت، بەڵام لەكۆتایدا رەوایەتی نامێنێت ئەم دەسەڵاتە.
هاوكات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت هێزەكانمان لەئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك و ئەزموونی شەڕی دوازدە رۆژەش ئەوەی سەلماند كە وەڵامدانەوەی ئێران چەند قورسە.
دەشڵێت ئێمە هەموو كاتێك بۆ رێككەوتنێكی دادپەروەری ئەتۆمی ئامادەبووین دوور لە هەڕەشە و توندوتیژی و گوشار، لەكاتێكدا هیچ جێگایەك بۆ چەكی ئەتۆمی لە پرۆگرامی ئێمەدا نییە.
هەروەها نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات، وەڵامی ئێران بێ پێشینە دەبێت لە ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی ئەمریكادا.
كاربەدەستانی ئەمریكی لەپێشیانەوە دۆناڵد ترەمپ جەخت لەوە دەكەنەوە هێزی گەورە و بێشوماریان رووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و تەنها كاتێكی كەم لەپێشدا ماوە چاوەڕێدەكرێت تا رۆژی هەینی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت.
هەروەها واشنتن زیاتر لەوەش داوا لە ئێرانییەكان دەكەن تا درەنگ نەبووە بەدەمیانەوە بچن بۆ گەیشتن بەرێككەوتن بۆ خۆلادان لە هێرشی سەربازی، بەڵام وەك شارەزایانی دۆخەكە دەڵێن، مەرجی سەرەكی ئەمریكاییەكان راگرتنی پرۆگرامی ئەتۆمی و ومووشەكییە بۆ راگرتنی پلانی هێرشی سەر ئێران، مەرجێك كە بە ئەگەری زۆرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە رەت دەكرێتەوە، بۆیە رەنگە بەرە بەرە لە دەستپێكردنی هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر ئێران نزیك ببینەوە.
