حزبى ده‌عوه‌ هاته‌ده‌نگ‌و وه‌ڵامى تره‌مپ ده‌داته‌وه‌

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حزبى دەعوەی ئیسلامی به‌گێڕانه‌وه‌ى ئایه‌تێك له‌سوره‌تى (النحل)ى قورئان، وه‌ڵامى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "نوری مالیکی کەسایەتیەکی سیاسیی نیشتمانیی‌و خاوه‌ن پایەی پڕۆسەی سیاسییە"، ده‌شڵێت، "لەژێر هەلومەرجى سەختدا بەرپرسیارێتی قورسی لەئەستۆگرتوه‌ کە عێراق لەدوای ساڵی 2003 پێیدا تێپه‌ڕیى".


به‌گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و ئایه‌ته‌ى له‌قورئاندا باسى ئارامگرتن ده‌كات حزبى ده‌عوه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "گەورەترین هاوپه‌یمانیى په‌رله‌مانیى، بەمومارەسەی مافە دەستوریی‌و دیموکراسیەکەی خۆی، ئیختیاری یاسایی‌و سیاسیی خۆی بەکارهێنا بۆ کاندیدکردنی هەرکەسێک کە بەگونجاوی بزانێت بۆ سەرۆکایەتیی حكومه‌ت‌و پێکهێنانی كابینه‌ى نوێ، هیواداربوو ئەو پرۆسە دەستورییە لەڕۆژی سێشەممەدا بەردەوامبێت، ئەگەر دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوانەخرابا".

حزبى ده‌عوه‌ ده‌ڵێت، "نوری مالیکی کەسایەتیەکی سیاسیی نیشتمانی‌و خاوه‌ن پایەی پڕۆسەی سیاسییە، لەژێر ئەو هەلومەرجە سەختەدا بەرپرسیارێتی قورسی لەئەستۆ گرت کە عێراق لەدوای ساڵی 2003 پێیدا تێپه‌ڕیى، ئه‌وكات ئاسایش‌و سەقامگیریی دامەزراندو دەسەڵاتی دەوڵەتی گەڕاندەوە بەبێئەوەی پشت بەئەجێندایەکی دیاریكراوى تەسکی سیاسیی یان ئایدیۆلۆژی ببەستێت".

ئه‌وه‌ش به‌بیرده‌هێنێته‌وه‌، "لەکاتێکدا تیرۆریستان بەئازادی لەشەقامەکانی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراقدا دەسوڕانەوەو هه‌موانیش شایەتحاڵی کەوتنی ڕۆژانەی سەدان قوربانی بێتاوان بوین".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ڕێزگرتن لەسەروەریی‌و سەربەخۆیی عێراق له‌هه‌موو شت پێویستتره‌، چونكه‌ عێراق‌و بڕیارى خه‌ڵكه‌كه‌ى پێویستی بەڕێزگرتنه‌، پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ش واته‌ دەستوەردانی هەرلایەنێک یان وڵاتێک لەکاروباری ناوخۆی عێراق لەڕێگەی هەڕەشەوە، ئەمە لای عێراقیەکان‌و هێزە نەتەوەییەکانیان قبوڵکراو نییە".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت، "ئێمە پێمانوایە بڕیارێكى دروستمانداوه‌ وه‌كو گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى له‌باره‌ى كاندیدى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌و هیوادارین هیچ كه‌لێنێك له‌ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ماندا دروست نه‌بێت، هاوكات بانگەواز ده‌كه‌ین بۆ هەموو هێزە سیاسییە نیازپاکەکان لەهەموو پێکهاتەکان، تاوه‌كو بەرگریى لەبڕیاردانی سەربەخۆی نیشتمانیی عێراق بكه‌ن‌و چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیش پێویسته‌ بەرپرسیارێتی خۆی لەبەردەم خەڵکدا هەڵبگرێت سەبارەت بەم دەستێوەردانە ئاشکرایە کە ڕای گشتیی وروژاندوەو پێشینەیەکی مەترسیداره‌ کە پرەنسیپی سەروەریی تێکدەدات‌و بڕیاردانی نیشتمانیش لاوازدەکات".

ئه‌م په‌یامه‌ى حزبى ده‌عوه‌ دوای‌ ئه‌وه‌دێت، دۆناڵد  تره‌مپ سەرۆكی ئەمریكا له‌پلاتفۆڕمی (تروس سۆشیال) ڕایگه‌یاندبوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی مالیكی بۆ ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌و واشنتۆن ناچارده‌كات ته‌واوی هاوكارییه‌ سه‌ربازیی‌و ئابورییه‌كانی بۆ عێراق ڕابگرێت، ئه‌مه‌ش وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و شكستێكی هه‌میشه‌یی ده‌بات.