شارپرێس:
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستان، عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی دەڵێت، زیاتر لە (٣،٧٥٠) هاووڵاتی مەدەنی و خەڵکی ناڕازی بەتەنیا لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی دەورووبەریان کۆمەڵکوژکراون.
کامەران عوسمان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت،سەرنجی تەواوەتی کوردانی باشور و باکوری کوردستان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕبۆتەوە. خۆپێشاندانی گەورە و هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری مەزن بۆ ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت. ئەمانە هەموویان هەڵوێست و ڕاسانی باڵان و جێگەی دەستخۆشین. بەڵام، ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات زۆر گەورە ترە لەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت. هیچ هێزێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە مەدەنییان بپارێزێت. میدیا و ڕێکخراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین تاوەکو پێشێلکارییەکان تۆمار و ڕوماڵ بکەن.
هەروەها کامەران عوسمان ڕایگەیاند، گرنگە، تەوقی ملی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشکێندرێت و کوردانی ئەم پارچەیەی نیشتیمان، بێ هاوسۆزی جێنەهێڵدرێن و لە بێدەنگی دنیادا کۆمەڵکوژ نەکرێن.