شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، چەکدارەکانی دیمەشق هێرشیان کردە سەر گوندی باقلە لە باشووری چەل ئاغا، بە بەکارهێنانی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ.
هەسەدە ڕایگەیاند، ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ کۆکردنەوەی هێز و هێرشی ئەم چەکدارانە بۆ سەر گوندەکانی قاسمیە و زەرکوتەک لە ڕۆژئاوای کۆبانێ، جگە لە تۆپبارانکردنی دەوروبەری گوندی سەفا لە باشووری چەل ئاغا، کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بەردەوامە لەسەر چەند بەرەیەک.
لەڕاگەیەنراوێکی هەسەدەدا هاتووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنەکان و بەرزکردنەوەی گرژی و ناچارکردنی هێزەکانمان بۆ بەکارهێنانی مافی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە شەڕڤانان و گەلەکەمانە.