رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی دەستپێكردنی هێرشی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 614 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جارێكی دیكە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتەوە قۆناغێكی مەترسیدارەوە بەهۆی ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەم نزیكانە.

ئەمڕۆ ئەمریكا رایگەیاند كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن و چەند كەشتی دیكەی هاوڕێی گەیشتنە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

كاربەدەستانی سەربازی ئێران دەڵێن، ئەم كەشتیگەلە نەك قەڵغان نابێت، بەڵكو دەبێتە ئامانجی هێزەكانمان.

سەرچاوە سەربازییەكانی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن، بە وردی چاودێری جوڵەكان لە ناوچەكەدا دەكەن، هەر جوڵەیەكی دوژمنكارانە لەدژیان دەبێتە راگەیاندنی جەنگی گەورە.

ئەوە لەكاتێكدایە حوسییەكانی یەمەن هۆشداری دەستپێكردنەوەی هێرشی سەر كەشتییەكان دەدەن و گروپە شیعەكانی عێراقیش دەڵێن لەكاتی هێرشدا بەرگری لە ئێران دەكەن.

ئیماراتی عەرەبی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند رێگانادەن بواری وشكانی و ئاسمانی و دەریاییان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێندرێت.

ئەمریكا هێزێكی گەورەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردووەتەوە و ئیسرائیلیش لەئەوپەڕی ئامادەباشیدایە، دەسەڵاتدارانی ئێرانیش دەڵێن بۆ هەموو سیناریۆیەك ئامادەن.

سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن ئاماژەكان بۆ نزیكبوونەوەی هێرشەكەی ترەمپ بۆ سەر ئێران دەركەوتوون و لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لە هێڵە ئاسمانییەكان گەشتەكانیان بۆ ئیسرائیل و ئێران و بەشێكی وڵاتانی كەنداو راگرتووە.