شارپرێس:
به‌گوێره‌ى به‌دواداچونێكى شارپرێس ده‌ركه‌وت، له‌هه‌ر ناوچه‌و جێگه‌یه‌كى كوردستانه‌وه هاوكاریى بۆ ڕۆژئاواى كوردستان كۆبكرێته‌وه، ده‌بێت له‌ڕێگه‌ى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانی‌و به‌لۆگۆى ئه‌و ده‌زگایه‌وه بگه‌یه‌نرێت، سه‌رچاوه‌یه‌كى شارپرێس ده‌ڵێت:"حكومه‌ت ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ى له‌گه‌ڵ ڕۆژئاواى كوردستان كردوه كه هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌باشور كۆبكرێته‌وه، ده‌بێت به‌و شێوازه بگه‌یه‌نرێت".
دواى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك‌و هاوكاریى له‌سه‌رتاسه‌رى باشورى كوردستان بۆ ڕۆژئاواى كوردستان، له‌ده‌روازه‌ى سێماڵكا كاتێك هاوكارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نرێن، ده‌بێت لۆگۆى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانی‌یان لێبدرێت، ئه‌وكات ڕێگه‌ى چونه ڕۆژئاواى كوردستانى پێده‌درێت.
شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ده‌روازه‌كه‌وه زانیویه‌تى، "حکومەتی هەرێم وا هه‌ماهه‌نگى کردوە كه ده‌بێت سه‌رجه‌م هاوکارییەکان بەناوی ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانییەوە بچنە ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، بزانێت چۆن دابەشدەکرێن".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتى، "دواى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ مانگى سورى كوردى له‌ڕۆژئاوا پێیانڕاگه‌یاندین، هه‌ماهه‌نگییه‌كه به‌و شێوه‌یه كراوه كه ئه‌و ده‌زگایه له‌باشوره‌وه ته‌واوى ئه‌و كۆمه‌ك‌و هاوكارییانه بگه‌یه‌نێته لاى ئێمه‌و لێره‌ش به‌هه‌ماهه‌نگى پێكه‌وه، به‌گوێره‌ى ئه‌و لیستانه‌ى ئاماده‌كراون، سه‌رپه‌رشتیى دابه‌شكردنه‌كه‌ى ده‌كه‌ین".
لاى خۆیشیه‌وه ڕابیتەی مرۆیی‌و هانای خێرخوازیی ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "لەفیشخاپورى هەرێم، ڕێگریده‌كرێت لەتیمەکانمان بچنە ڕۆژئاوا بۆ گەیاندنی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوا".
ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیارییانه‌ى كه شارپرێس به‌دواداچونى بۆكردوه‌و بۆى ده‌ركه‌وت، هیچ ڕێكخراوێك كاتێك ده‌یه‌وێت ئه‌و هاوكاریانه‌ى كۆیكردوه‌ته‌وه، ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ ده‌ربازى ڕۆژئاوا بێت، به‌ڵكو ده‌بێت هاوكارییه‌كان به‌ناوو له‌ڕێگه‌ى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانییه‌وه بن.
شكۆ نه‌جمه‌دین یه‌كێك له‌سه‌رپه‌رشتیارانى كه‌مپینه‌كه‌ى شارى كه‌ركوك بۆ شارپرێس قسه‌یكردو ڕایگه‌یاند، "بڕێك پاره‌ى زۆر‌و 15 كامیۆن هاوكاریمان هێناوه‌ته فیشخاپورى هه‌رێم‌و ویستمان به‌ره‌و سێماڵكا له‌دیوى ڕۆژئاوا بپه‌ڕینه‌وه بۆ گه‌یاندنى كۆمه‌ك‌و هاوكارییه‌كان، به‌ڵام له‌سنورى هه‌رێم پێمانڕاگه‌یه‌نرا، كه ئێمه ناتوانین سه‌ربه‌خۆ بچینه ڕۆژئاوا‌و ده‌بێت هاوكارییه‌كانمان ڕاده‌ستى ده‌زگاى خێرخوازیى بارزانى بكه‌ین، ئه‌وه له‌سه‌ر ڕاسپارده‌و بڕیارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان".
