کەوتنی کۆبانی، مژدەی لەدایک بوونی داعشێکی نوێ دەبێت

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 45 جار خوێندراوه‌ته‌وه

٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٦ – مایکل ڕوبین
لە ٧ی شوباتی ١٩٨٤، چەند مانگێک دوای تەقاندنەوەى بارهەڵگرەکان لە لایەن حزبوڵڵا لە ساڵی ١٩٨٣ بە پێگەیەکى هێزى دەریایی ئەمریکا، سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا دووبارە بڵاوە پێدەکرێنەوە، سەرەتا دەگەڕێنرێنەوە بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکان، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بگەڕێنرێنەوە بۆ نیشتیمان. ڕەنگە ڕیگان کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئاشتیپارێزی بە پێویست بینیبێت بە لەبەرچاوگرتنی شکستهێنان لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی تائیفی لوبنان و توندوتیژی میلیشیاکان، تەنانەت دوای دەرکردنی ڕێکخراوى ڕزگارى خوازى فەڵەستینی. بەڵام ئەو کشانەوەیە لەگەڵ ڕووداوی بڵاک هۆک داون لە سۆماڵ، وایکرد ئوسامە بن لادن دامەزرێنەری قاعیدە بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەمریکا پڵنگی کاغەزییە و تیرۆر دەتوانێت سەرکەوتوو بێت. بن لادن لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا بە نائومێدی و زەلیلى و شکستخواردوویی، لەگەڵ کوژراوەکانى ناوچەکەی بەجێهێشت. وێنەکانی زەلیلکردنی ڕۆژئاوا زیاتر هانى توندڕەوی دەدەن.
هەر لەبەر ئەمەشە بڕیارەکەی سەرۆک جۆ بایدن بۆ ڕاگەیاندنی نیازی کشانەوە لە ئەفغانستان لە 11ی سێپتێمبەردا زۆر سەیر بوو. هەر بەروارێکی تربوایە باشتر دەبوو، بەڵام بایدن یان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جەیک سولیڤان، پێیانوابوو کە کۆتاییهێنان بە درێژترین شەڕی ئەمریکا هەر لەو ڕۆژەی کە دەستی پێکرد، هەڵگری ئاماژەیەکى دیاریکراوە. ئەم هەڵبژاردنە ئەوەى دەرخست کە چەندە لە پەیوەندی لەگەڵ واقیع دووربوون. دیارى کردنى ئەو بەروارە گۆڕینی ١١ی سێپتێمبەر بوو بۆ سەرکەوتنی دووەمی ئیسلامییەکان، کە بۆى هەبوو زیاتر هانى جیهادییەکان بدات بە قەبارەیەک کە زۆر زیاتر دەبوو لەوەى کە تەنانەت ڕفێنەرەکانی قاعیدەش خۆیان پێشبینیان دەکرد. خۆشبەختانە دەنگە پێگەیشتووترەکان بایدن و سولیڤانیان ڕازی کرد کە بەروارەکە بگۆڕن و کشانەوەکە مانگێک پێشتر ئەنجامبدەن لە ڕۆژێکدا کە هیچ گرنگییەکی نەبوو. هەرچەندە بایدن شکستی هێنا لە بەڕێوەبردنی کشانەوەکە، و تاڵیبان ئیدیعای سەرکەوتنی کرد، بەڵام دیمەنەکانی خۆهەڵواسینى ئەفغانییەکان بە فڕۆکە بەرزبووەکانەوە زۆر خراپتر دەبوون ئەگەر لە ساڵیادی هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانیدا ڕوویان دابا. 
ئەمڕۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە سەرکەوتنێکی سیمبولى دیکە بە دەوڵەتی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی ببەخشێت کە کەمتر نییە لەو سەرکەوتنەی کە بایدن و سولیڤان نزیک بوو بیبەخشن بە قاعیدە. کرۆکى پرسەکە خیانەتکردنى ترەمپ و تۆم باراکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە کاتێکدا کە سوپای نوێی سوریا و میلیشیا جیهادییە هاوپەیمانەکانی، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ داگیرکردنى ئەو ناوچانەکەى کە کوردەکان بەڕێوەى دەبەن.
هەم دەوڵەتی ئیسلامی و هەم توندڕەوەکان کە بڕبڕەی پشتی سوپای نوێی سوریا پێکدەهێنن، ڕقیان لە کوردەکانی سوریایە کە هێزەکانى سوریاى دیموکرات پێک دەهێنن. ئەمەش بە پلەی یەکەم لەبەر ئەوەیە کە کورد لە سەردەمێکدا داعشی تێکشکاند کە تورکیا بە بێدەنگی پشتیوانی لە بەناو خەلافەتەکەى دەکرد و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسعوود بەرزانی لە دوورەوە وەستابوو، بەو هیوایەی داعش بتوانێت یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییە کوردەکانی لەناو ببات. دووەم: لەبەرئەوەی هێزە کوردییەکان مافی یەکسان بوون بە ژنان دەبەخشن، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی جیهادییەکان جەستەی ژنە شەڕڤانەکان دەشێوێنن و لە سەربانەکانەوە فڕێیان دەدەنە خوارەوە. لە کاتێکدا تۆم باراک بەڵێنی بە ئەحمەد شەرع دەدات بۆ یەکخستنی کوردەکان لەناو سوپای نوێی سوریا لەسەر ئاستى تاک، بەڵام ژنان بە شایستەی ئەو کارە نازانێت.
بەرخۆدانی کورد لە شکاندنی گەمارۆی کۆبانی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە خاڵی وەرچەرخان بوو لە شەڕەکەدا و سەرەتای داڕمانی کۆنترۆڵی خاکی داعش بوو. بۆیە پێشڕەوی ئەمڕۆی سوپای سوریا بۆ سەر کۆبانی زۆر گرنگە. میلیشیا جیهادییەکانی دڵسۆزى شەرع لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە پیسکردنی گۆڕی ئەو شەڕکەرانەى کە دوانزە ساڵ لەمەوبەر لەو شەڕانەدا دژ بە داعش گیانیان لەدەستدا.
ئەگەر کوێربوونی تۆم باراک بەرامبەر بە سروشتی ڕاستەقینەی سوپای شەرع و تامەزرۆیی بۆ ڕازیکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ببێتە هۆی ئەوەی سوپای نوێی سوریا کۆبانی بگرێت، بەدڵنیاییەوە دوو دەرئەنجامى لێدەکەوێتەوە:
یەکەم: کۆمەڵکوژیی، ڕەنگە شەرع ڕیشی بتاشێت و قات لەبەر بکات، بەڵام ئەوانەی سەرکردایەتییان دەکات ئەم دیسیپلین و خۆگرتنەیان نییە. ئەوەی ڕەنگە کورد لە کۆبانی ڕووبەڕووی ببێتەوە ئەگەر سوپای شەرع بچێتە ناوەوە، دەتوانێت بە ئاسانی لە کۆمەڵکوژیی سرێبرینیکای ساڵی ١٩٩٥ بچێت، کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەیری دەکرد و ڕێگەی بە سڕبەکان دا هەشت هەزار پیاو و کوڕی بۆسنی سەربڕن.
دەرئەنجامی دووەم: ئیسلامییەکان، ڕووخانی کۆبانی وەک تۆڵەی شکستی داعش و نیشانەی دووبارە لە دایکبوونەوەى ئەو ڕێکخراوە دەبینن. ئامادەیی ترەمپ و تۆم باراک بۆ ڕێگەدان بە سوپای سوریا بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بە زۆر، لەبری ئەوەی سوریای نوێ ئاسایش و سەقامگیرتر بکات، دەتوانێت ببێتە هاندەرى دروستبوونى شەپۆلێکی گەورەتری تیرۆر، نەک تەنها لە سوریا بەڵکو زۆر دوور لە سنوورەکانى سوریاش.