هه‌سه‌ده‌: 11 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆبانێ مه‌ترسیدارترین‌و دڕنده‌ترین گروپى تیرۆریستى له‌ناوبرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2546 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

️فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ساڵیادی ئازادكردنی كۆبانێ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "11 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆبانێ مه‌ترسیدارترین‌و دڕنده‌ترین گروپى تیرۆریستى له‌ناوبرد"، ده‌شڵێت، "بەئامانجکردنی کۆبانی لەمڕۆدا هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ڕەمزی سەرکەوتن بەسەر داعشدا".


هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە11یه‌مین ساڵیادى ڕزگارکردنى کۆبانێ لەدەست گروپى تیرۆریستى داعش‌و وەستانەوەى کورد دژى ئەو گروپە مەترسیدارە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوەو ڕایگه‌یاند، "شەڕی کۆبانێ بەهەموو مانایەک تەنها بەرگریکردن لەشارێک نەبوو، بەڵکو بەرگریکردن بوو لەبەها مرۆییەکان‌و مافی گەلان، بۆ ژیان‌و ئازادیی‌و کەرامەت، لەساتێکی مێژویی سەرەکیدا، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دژی پڕۆژەیەکی جینۆسایدی سیستماتیک وەستانەوە، بەمەش زەمینەیان بۆ ئازادکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی سوریا خۆشکردو کۆتایی بەفراوانبونی ئەو گروپەى لەناوچەکەدا هێنا".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لەم یادە گرنگەدا، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەوپەڕی ڕێزەوە یادی شەهیدانی شەڕی کۆبانێ‌و هەموو شەهیدانی شەڕی داعش دەکاتەوە، کە لەبەرگریکردن لەئازادیی‌و کەرامەت‌و پێکەوە ژیان گیانیان بەختکرد، سڵاو لەخەباتکارەکانی دەکات، بەژن‌و پیاوەوە، کە قورسایی ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە مێژوییەیان لەئەستۆگرت".

باس لەوەشکراوە، "بێگومان سەرکەوتنی کۆبانێ سەلماندی داعش تەنها ڕێکخراوێکی سەربازی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی تاریکە، کە مرۆڤایەتی‌و بەهاکانی‌و داهاتوی کردوەتە ئامانج، هەروەها شکستەکەی داعش لەکۆبانێ تەنها شکستێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو شکستێکی فیکریی‌و ئەخلاقی بوو، کە بناغەکانی شکاندو لۆژیکی لەسەر بنەمای تیرۆرو ترس شکاند، بەمشێوەیە کۆبانێ کۆتایی بۆ داعش دیاریکردو پەیامێکی دەنگدانەوەی بۆ جیهان نارد، کە توندڕەوی ناتوانێت بەرگەی ئیرادەی گەلانی ئازادبگرێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەمڕۆ دوای 11 ساڵ لەو سەرکەوتنە مێژوییە، کۆبانێ جارێکی دیکە دەکەوێتەبەر هێرش‌و گەمارۆو فشاری بێوچان لەهەوڵی ئاشکرا بۆ تێکدانی ئیرادەی گەلەکەیی‌و ناسەقامگیرکردنی ئەو سەقامگیرییەی کە بەقوربانیدانی بێئەندازە بەدەستهاتوە، بەئامانجکردنی کۆبانێ ئەمڕۆ هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ڕەمزی سەرکەوتن بەسەر داعشداو هەوڵێکە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ورد لەشارێک کە پڕۆژەکەی شکاند، ناکرێ لەهەوڵی تێکدانی پڕۆژەی سەقامگیریی‌و کردنەوەی دەرگای ئاژاوەو گەڕانەوەی تیرۆر داببڕدرێت".

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە، "11 ساڵ پێش ئێستا کۆبانێ لەدەستی چەتەکانى داعش ڕزگارکرا، ئەمەش وەک یەکێک لەگرنگترین ساتەکانی مێژوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزمی جیهانی بوو، ئەم سەرکەوتنە مێژوییە سەرەتای داڕمانی ڕاستەقینەی مەترسیدارترین‌و دڕندەترین ڕێکخراوی چەتەیی جیهانی مۆدێرن بوو، ناسیبێتی‌و ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەی ئاشکراکرد، کە ئیرادەی گەلانی ئازادو ڕێکخراو توانای لەنابردنى چەتەکانى هەیە، گرنگ نییە بەربەستەکانیش هەرچییەک بێت، گرنگ شکستپێهێنانی پڕۆژەکانی تاریکییە".

هەسەدە پابەندبونی تەواوی خۆیان بەدرێژەدان بەشەڕی داعش دوپاتدەکەنەوە، هۆشداریدەدەن لەوەی هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا مەترسی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئاسایشی ناوچەو نێودەوڵەتی دروستدەکات‌و دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ ڕێکخراوە چەتەییەکان دەڕەخسێنێت بۆ دوبارە گروپ کردنەوە‌و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ فەرماندەیی گشتیی هەسەدە پەیامێکی ڕون بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت‌و ده‌ڵێت، "پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر داعش‌و دەستەبەرکردنی ئاسایش‌و سەقامگیریی ئەو ناوچانەی کە لەم شەڕەدا باجێکی وا قورسیانداوە، هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی ئەخلاقی‌و یاساییە، بێدەنگی سەبارەت بەدۆخی کۆبانێ دژایەتی ئەو قوربانیدانانەیە کە بۆ تێکشکاندنی تیرۆر دراون، کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر تێکدەدات".

لەکۆتاییدا هه‌سه‌ده‌ دەڵێت، "کۆبانێ وەک سیمبولی هەمیشەیی خۆڕاگری دەمێنێتەوەو ئەو سەرکەوتنەی کە 11 ساڵ لەمەوبەر بەدەستهاتبوو، تەنها یادەوەرییەک نییە بۆ وەبیرهێنانەوە، بەڵکو پابەندبونێکی نوێبوە بۆ بەرگریکردن لەئازادیی‌و پاراستنی دەستکەوتەکانی شەهیدان‌و بونیادنانی ئایندەیەکی سەقامگیرو دیموکراسی بۆ هەموو خەڵکی سوریا".

لەڕۆژێکى وەک ئەمڕۆو لەساڵی 2015 کورد لەهەرچوار بەشی کوردستان‌و جیهان یەکیانگرت بەمەبەستى تێکشکاندن‌و لەناوبردنى چەتەکانى داعش، هەر لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانى کوردستان بڕیاریدا هێزى پێشمەرگە بنێرێت بۆ ڕۆژئاواى کوردستان بۆ پاڵپشتى لەهێزە کوردییەکان، دواجار پێکەوە توانییان کۆبانێ ڕزگاربکەن.

بەپەلە