شارپرێس:
یه‌كێك له‌و فه‌رمانده باڵایانه‌ى ڕۆژانێك له‌ناو وه‌زاره‌تى به‌رگریى‌و گروپه‌كه‌ى شه‌رع باڵا ده‌ست‌و بڕیارده‌ربون، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌رچى ڕوده‌دات له‌ناو ئه‌و گروپه‌و حوكمڕانیه‌كه‌ى شه‌رع هه‌موى بۆ ڕاى گشتیى ئاشكراكرد، ده‌ڵێت، "هه‌ر پێنجشه‌ممه دێت، یه‌ك له‌دواى یه‌ك، به‌رپرسه باڵاكان‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان، به‌ره‌و ناوچه كه‌ناراویه‌كانى سوریا ده‌چن‌و شه‌ویان له‌وێ له‌گه‌ڵ كچان‌و ژنان ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه".
عەبدولفەتاح محه‌مه‌د شێخ ئه‌و فه‌رمانده باڵایه‌ى گروپه‌كه‌ى شه‌رع‌و هاوكات یه‌كێك له‌فه‌رمانده سه‌ربازییه باڵاكانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى-ش بوو، دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى، چه‌ندین گه‌نده‌ڵى ئیداریى‌و ئابڕوچونى ناو ته‌حریر شام (گروپه‌كه شه‌رع)ى ئاشكراكرد.
بەوتەی ئەو شێخە کە لەکاتی شەڕی سوریا‌و دوای شەڕی سوریا-یش لەحکومەتی دیمه‌شق‌و لەدامودەزگا باڵاکانی سەربازیی‌و ئیداریی لەچوارچێوەی ده‌سته‌ى تەحریر شام کاریکردوەو كه‌سێكى دیاربوه، "گەندەڵی دارایی‌و کەڵەکەبونی سامانی کەسی‌و دامەزراندنی لەسەر بنەمای لایەنگریی‌و نەبونی لێهاتویی، پێکهاتەی ناوخۆیی گروپه‌كه‌ى بە شێوەیەکی جددی لاوازکردوەو ژیانى خه‌ڵكیش تادێت قورس‌و قورستتر ده‌بێت له‌سوریا".
عەبدولفەتاح محه‌مه‌د شێخ
عه‌بدولفه‌تاح جه‌ختده‌كاته‌وه، "سەرکردەکان لەده‌سته‌ى تەحریر شام بەبەردەوامی لەناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانیانەوە بۆ ناوچە کەنارییەکان گەشتدەکەن، لەوێ ژیانێکی گرانبەهاو خۆش دەژین كاتێك ده‌چن پاره‌یه‌كى زۆرى ده‌وڵه‌تیش ده‌به‌ن‌و له‌وێ خه‌رجیده‌كه‌ن، ئەو سەردانانەش زۆربه‌ى جار، ئێوارانی پێنجشەممان ئەنجامدەدرێن، بەئاهەنگگێڕانی درەنگانی شەوو پەیوەندیی لەگەڵ كچان‌و ژنان به‌سه‌رده‌به‌ن، كاتێكیش ئه‌وه‌م به‌چاوى خۆم بینى، توشی شۆک بوم".
ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه، "ژماره‌یه‌ك لەسەرکردەکانى ناو ته‌حریر شام، هەموو مانگێک پەنا بۆ هاوسەرگیریی‌و جیابونەوە دەبەن بۆ ئەوەی خۆیان لەلێپرسینەوەی ئەخلاقی بپارێزن، گەندەڵی دارایی‌ش هه‌ر باسناكرێت لەناو گروپه‌كه‌دا، ته‌نانه‌ت لەماوه‌ى یەک ساڵدا گەیشتە ئاستێک کە هاوتایە لەگەڵ ئەوەی ڕژێمەکەی حافز ئەسەد لە20 ساڵدا بەدەستیهێنا".
زانیارییه‌كى گرنگیش ئاشكراده‌كات له‌باره‌ى گه‌نده‌ڵى‌و دزینى پاره له‌لایه‌ن به‌رپرسانى باڵاى گروپه‌كه‌ى شه‌رعه‌وه‌و وتویه‌تى، "کۆمەڵەی (سوریا ـ قەتەر، بڕى
85 ملیۆن دۆلاری ته‌رخانكرد بۆ دروستكردنى نەخۆشخانەو تاقیگه‌یه‌كى پێشكه‌وتوو بۆ زانکۆی حەما، بەڵام دوای وردبینی لەلایەن لیژنەیه‌كى شاره‌زاوه، دەرکەوت ئه‌و پڕۆژه‌یه تێچوه‌كه‌ى ته‌نها 31 ملیۆن دۆلار بوه، به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه ته‌واوى 85 ملیۆن دیناره‌كه له‌پڕۆژه‌كه‌دا خه‌رجكراوه".
هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى عەبدولفەتاح محه‌مه‌د شێخ ڕایگه‌یاندوه ده‌ڵێت، "پارە کۆکرایەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو بینایانەی کە بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی 2023 زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام پاره‌یه‌كى زۆریش كۆكرایه‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خه‌رجنه‌كراو بۆ بابه‌تى تایبه‌ت‌و شتى دیكه خه‌رجكرا كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ده‌وڵه‌ت‌و حوكمڕانییه‌وه نه‌بوو".
به‌رده‌وامده‌بێت‌و ئاشكرایكردوه، "ئه‌وكه‌سانه‌ى داده‌مه‌زرێن‌و دواتر ده‌بنه به‌رپرسى باڵاى ده‌سته‌ى تەحریر شام، لەسەر بنەمای پەیوەندی خێزانی‌و خێڵەکییه، بۆ نمونە بەرپرسێکی هەواڵگریی بەناوی ئەبو عەبدوڵڵای حورانى دەستی بەسەر نیوەی زەویەکانی سەر ڕێگه‌ی سەیدە زەینەب‌و فڕۆکەخانەى دیمه‌شقدا گرتوە، ئه‌وه جگە لەژماره‌یه‌كى زۆر ڤێلاو موڵکى گرانبه‌ها، به‌شێكیشى بەسەر هاوکارەکانیدا دابەشکردوە".
هه‌ر له‌زانیارییه‌كانیدا باسى بنه‌ماڵه‌ى شه‌رع‌و شه‌یبانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سوریا ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ته‌واوى خێزان‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ى جولانی‌و ئەلدوروبی لەڤێلا زۆر گرانبه‌هاكاندان له‌گه‌ڕه‌كى مالكى‌و هه‌روه‌ها ئه‌سعه‌د شەیبانی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ش، زۆربەی هه‌ره زۆرى خێزان‌و ده‌توانم بڵێم نیوەی خێڵەکەشی هێناوه‌ته دیمه‌شق‌و سه‌رباریى دامه‌زراندنیان، له‌ڤێلاو شوقە زۆر گرانبه‌هاكان لەگەڕەکەکانی یافورو پڕۆژەی دومەرو مێززە نیشته‌جێى كردون‌و پاره‌یه‌كى ئێجگار زۆریشیان پێده‌درێت".
وه‌كو شێخه‌كه وتویه‌تى، "گفتوگۆکانی نێوان سەرکردە پلە دوەکانی ته‌حریر شام-یش زۆرجار لەدەوری ئۆتۆمبێله گرانبه‌هاكان ده‌سوڕێته‌وه، جیاکارییەکی ئاشکرا لەناو وەزارەتەکانی بەرگریی‌و دەرەوەو ڕاگه‌یاندندا ئەنجامدەدرێت، بۆ نمونه ئەوکەسانەی بڕوانامەیان نییە، موچەی مانگانه‌یان دەگاتە هه‌زارو 100 دۆلار، به‌ڵام ئەوانەی بڕوانامەو ئەزمونیان هەیە، له 400 دۆلار زیاتریان پێ‌نادرێت".
باسى له‌ژیانى خەڵکى ئاسایى كردوه‌و ته‌ئكید ده‌كاته‌وه، ژیانى خه‌ڵك له‌سوریا لەوپه‌ڕى هەژاریی‌و بێدەسەڵاتیدایه، زیاتر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، "خه‌ڵك له‌وپه‌ڕى خراپى‌و سه‌ركرده‌و به‌رپرسه باڵا‌و پله دوه‌كانى ته‌حریر شام-یش له‌وپه‌ڕى خۆشی‌دا ده‌ژین، چونكه پاره‌یه‌كى زۆر له‌بازرگانه دیاره‌كانى سوریا وه‌رده‌گرن له‌به‌رامبه‌ر ڕێگه‌دا به‌كاركردنیان، ته‌نانه‌ت خه‌رجییه كه‌سیه‌كانیشیان‌و خه‌رجى گروپه‌كانیشیان، چونكه زۆربه‌ى سه‌ركرده پله یه‌كه‌كانى ته‌حریر شام، گروپى چه‌كدارى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، له‌و بازرگانانه ده‌سه‌نن".
ده‌شڵێت، "سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌سوریاو له‌ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى جۆلانى، له‌ده‌ستى پێنج كۆمپانیادان، ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ن كه پاره ده‌ده‌ن به‌كه‌سانى پله یه‌كى ناو گروپه‌كه، له‌كاتێكدا هیچ چه‌كدارێكى سوریاى ئێستا، موچه‌ى مانگانه‌ى ناگاته 250 دۆلار، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه هیچیان له‌و سه‌ربازانه نه خاوه‌نى ئۆتۆمبێل‌و نه خاوه‌نى خانوشن، ئه‌مه سه‌رباریى ئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆر له‌برینداره‌كانی گروپه‌كه له‌كه‌مپه‌كاندا توشى شێرپه‌نجه بون‌و به‌شێكیشیان بیناییان له‌ده‌ستداوه‌و كه‌س لێیان ناپرسێته‌وه".
جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه، "ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانى به‌وردى ئاگاداریى هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه له‌ناو گروپه‌كه‌یى‌و حكومه‌ته‌كه‌یدا ڕوو ده‌ده‌ن، به‌ڵام تائێستا سزاى هیچ كه‌سێكى نه‌داوه‌و ئاماده‌ش نییه دوریان بخاته‌وه، ته‌نانه‌ت هاتوه كه‌سێكى كردوه به‌بەرپرسی ئاسایشی شاری ڕەققە، له‌كاتێكدا پێشتر پاسه‌وانى به‌رپرسێك بوه‌و بڕوانامەی سەرەتاییشى نییە".
زانیارییه‌كانى عەبدولفەتاح محه‌مه‌د شێخ ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ت، گه‌نده‌ڵییه‌ى زۆر‌و ئابڕوچونێكى گه‌وره له‌ناو حكومه‌ت‌و گروپه‌كه‌ى جۆلانیدا هه‌یه‌و هیچ كه‌سیش لێپرسینه‌وه‌ى نه‌كردوه‌و ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه له‌داهاتویه‌كى نزیكدا ته‌قینه‌وه‌ى گه‌وره‌ى ناڕه‌زایی له‌دیمه‌شقه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات.
