چیرۆكى دوو گه‌نجى ڕۆژئاوا له‌زیندانه‌كانى هه‌ولێره‌وه‌ دڵى هه‌موان ده‌كات به‌ئاو

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تراژیدیای دۆخى دوو گەنجى وڵاتپارێزی خەڵکی ڕۆژئاوا لەزیندانى هەولێر دڵى هه‌موان ده‌كات به‌ئاو، دوو گەنجى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان بەتۆمەتى یارمەتیدانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) هەریەکەو 15 ساڵ سزایان بەسەرداسەپێنراوە، ئێستاش دور لەخێزانەکانیان بێخەبەر‌و پەرێشانن‌و لەبارێکی زۆر خراپدان‌و لەدوری ڕۆژئاوا جەرگیان دەسوتێ‌و هەناویان گڕدەگرێ.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شارپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى نێو چاكسازى گه‌ورانى هه‌ولێره‌وه‌ پێیدراوه‌، چیرۆكى ئه‌و دوو گه‌نجه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان كاریگه‌ریى كردوه‌ته‌سه‌ر ته‌واوى گیراوانى دیكه‌و هه‌موان دڵ پڕن له‌لایه‌ك بۆ ڕۆژئاواى نیشتمان‌و له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ بۆ ئه‌و دوو گه‌نجه‌ى ڕۆژئاوا، كه‌ ساڵانێك چه‌كى به‌رگرییان له‌شان بوه‌و ئێستاش به‌تۆمه‌تى هاوكاریكردنى حزبێكى كوردى، له‌لایه‌ن حزبێكى كوردیه‌وه‌ ده‌ستگیركراون‌و ساڵانێكى زۆریش سزادراون.

سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ شارپرێس باسى له‌وه‌كرد، هەردوکیان هەست بەپەراوێزی دەکەن، لەنێوان ناڵ‌و بزماردا ناڵەیانە، لەلایەک کەس لەدۆسیەکەیان ناپرسێتەوەو خۆی بەخاوەنیان ناکات‌و لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌ لەلایه‌ن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە لەژێر ئەشکەنجەو سزادانێکی تونددان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئەوان دەپڕسن بەڕاستى بۆچی لەزیندانن؟! مەگەر بەرپرسانی هەرێم پشتیوانى خەباتى ڕۆژئاوا ناکەن؟! مەگەر بۆ پڕۆسەى ئاشتیش لەگەڵ په‌كه‌كه‌ نین؟، بەم دوالیزم‌و دوفاقیە سیاسییە گڕی له‌ژیان‌و دڵیان به‌رداوه‌".

وه‌كو وتى، "ئه‌و دوو گه‌نجه‌ یەکێکیان ناوى (محه‌مه‌د جه‌میل حه‌مو)یە، ناسراو بەوەڵات، وەڵات چەند ڕۆژێکە لەبێخەبەری خانەوادەکەیدا نانى نەخواردوە، تەنها ئەوکاتە کەمێک ئاگرى دڵی دامرکا کە زانى براکەى زیندوەو لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەدیلی لەشێخ مەقسود دەرکەوت کە لەژێر دەستى چەتەکانى جۆلانیدایە".

وەڵات کە خەڵکى عەفرینەو خانەوادەکەى لەشارى حەلەب‌و گەڕەکی شێخ مەقسود دادەنیشن، ئێستا نازانن ئاخۆ دایک‌و باوکى ماون یاخود کوژراون، ڕۆژانە بەخەم‌و خەفەتێکی زۆرەوە لەناو زیندانى چاکسازى هەولێر بەدیار تەلەفۆنەوە دادەنیشێ، هەزار بارە پەنجە بەدوگمەکانى تەلەفۆنەوە دەنێت بۆ سۆراغ‌و خەبەرێک لەخێزانى، بەڵام بێئەنجام سەری لەناو کۆشى دەنێت‌و فرمێسک لەچاوەکانى گیر دەبن‌و کزو مەلول لەسوچێکدا دادەنیشێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "تەنها جارێک پیاوێکی نەناسی عەرەب بەدەنگێکى گڕ هاتە وەڵام‌و هەر ئەوەندەى وت، کە خێزانەکەى سەلامەتەو یەکسەر تەلەفۆنیشی به‌سه‌ردا داخسته‌وه‌و ئیتر هەر ئەوەندە، تینویه‌تى ڕۆحى وەڵات بەوە نەشکا، ئێستا لەچاوەڕوانى زانینی چارەنوسی خێزانى‌و هه‌واڵێك له‌گەڕەکەکەى شێخ مەقسود کە سەردەمانێک لەگەڵ هاوڕێ شەڕڤانەکانیدا چەکی شەرەفى هەڵگرتبوو، پەرێشان‌و خەمبارە".

گەنجەکەى دیكه‌ى ڕۆژئاوا هەر لەهەمان زینداندا ناوى (سیپان ئیسماعیل شێخ موس)ەو خەڵکى حەسەکەیە، هەمیشە بەدیار تەلەفۆنەوە دەست لەسەر دڵ، دۆشداماوەو دادەنیشێ‌و نزا بۆ خێزانەکەى دەکات کە نەکەونە ژێر زەبری بێبەزەییانه‌ى چەتەکانى شام‌و بەکرێگیراوانى تورکیا.

سیپان خێزاندارەو دوو منداڵى هەیە، پێشمەرگەى زێڕەڤانى بوو لەهەرێم بەتۆمەتى "تەسریب" دزە پێکردنى ڤیدیۆیەک لەسەر بارەگاکانى تورکیاو لەشکری ڕۆژ لەدێرەلۆک بۆ هەسەدە، بێڕەحمانە 15 ساڵ سزایان بەسەردا بڕی.

وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ وتى، "ئێستا خێزانەکەى لەگەڵ باوکى دەژین لەحەسەکە کە چەند کیلۆمەتر بەمەسافەیەکى کەم چەتەکانى جۆلانى لێن‌و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، لەدوا پەیوەندی تەلەفۆنیدا منداڵەکانى وتبویان، "ئێمە لەناو دەمى تیمساحداین‌و لەئان‌و ساتى مان‌و نەمانداین، زۆر دەترسین بمانکوژن‌و نەتبینینەوە".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "وەڵات‌و سیپان دوو گەنجى تازە پێگەیشتوى خوێنگەرمى وڵاتن‌و خۆزگە دەخوازن ئێستا لەچەپەری بەرگریى نیشتمانیدا بونایە نەک لەناو زیندانى دەسەڵاتێکی کوردی تەمەنیان بەزیان بچێ، لەنێوان بێخەبەری لەخێزانەکانیان‌و خەمی خاک‌و نیشتماندا، درامایەکى خەمناک‌و حاڵەتێکی ناخ هەژێنن، دەیان هاوڕێی دیكه‌یان لەزیندانەکانى هەولێرو دهۆکدا بەهەمان تۆمەت گیراون، گەنجانى هەروەک لە(شێلادزێ، ئاکرێ، زاخۆ، دهۆک، بەروارى، برادۆست، شنگال هەتا وەکو ڕۆژئاواو باکوریش)".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ڕونیكرده‌وه‌، "ئەم گەنجانە سیخوڕییان بۆ وڵاتى بێگانە نەکردوەو که‌واسورى بەرلەشکەرى دوژمن نەبونە، هەمویان ڕۆڵەى نیشتمانێکی زامدارن، پڕسی خاک‌و ناسنامەی نیشتمان‌و نەتەوەیی‌و مرۆڤایەتى تۆمەتیانە!، گەلۆ کاتى ئەوەنییە دەسه‌ڵاتى باشور خۆى لەم دووئالیزمە ڕزگاربکات‌و دەرگاى زیندان بەڕویاندا بکاتەوە؟! لەجیاتى بەفێڕۆدانى تەمەنیان‌و ئەشکەنجەدانیان، دەرفەتى بەرگریى نیشتمانى لەدەست داعش‌و چەتەکانى دوژمن پێیان بدات".

بەپەلە