شارپرێس:
لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لەپەیامێکی نوێ لەئێکس لەبارەی ڕۆژئاڤا دەڵێت، لەگەڵ ترەمپ و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ قسەم کرد و هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی سوریا بەرز دەنرخێنم، ڕەنگە هەوڵەکانی ترەمپ بەرهەمداربێت لانیکەم بۆ کورتخایەن، لەبەرئەوە ناوچەکەو جیهان پێویستی بە خوێنڕێژی تر لە باکوری سوریا نییە.
لیندسی گراهام لەپەیامەکەیدا دەڵێت، کۆنگرێس لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو لایەنە هەرێمییانەی دژی کوردانی هاوپەیمانمان جوڵە دەكەن.
دەشڵێت، دەبێت سعودیە کاربکات بۆ چاکەو سەقامگیری ناوچەکەو فشار لە حکومەتی سوریا بەکاریبهێنێت بۆ ڕاگرتنی هێرشی سەر کوردو سعودیە دەتوانێت کاریگەری لەسەر حکومەتی سوریا بكات.
سێناتۆرە کۆمارییەکە، ڕەخنەی توندی لە "بێدەنگی" حکومەتی سعودییە گرت بەرامەر بە هێرشەکانی حکومەتی سوریا دژ بە کورد و دەڵێت "کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی هەرێمەکە ڕەفتارەکانیان بگۆڕن و پیاوانە مامەڵە بکەن."
هەروەها گراهام دەڵێت، "بۆ سعودیە: زۆر هەوڵم داوە کاربکەم بۆ ئەوەی ڕێگایەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەتان و ئەمریکا و ناوچەکە دابڕێژم. ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ زۆرێک لەو گۆڕانکاریانەی هەن. بەڵام هێرشی شانشینی یەکگرتووی سعودییە بۆ سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بێدەنگییان سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر کوردەکان دەبێت بگۆڕدرێت."
دەشڵێت، "تکایە تێبگەن من ئەوەندە زیرەکم کە بزانم سعودییە کاریگەری لەسەر حکومەتی سوریا هەیە، هەروەها چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکەم ئەو کاریگەرییە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ناوچەکە زیاتر نەکەوێتە ناو بێسەروبەرییەوە."