شارپرێس:
ئه‌و تیرۆریسته‌ى به‌شداربوو له‌تیرۆركردنى هه‌ڤرین
خه‌ڵه‌ف‌و وێنه‌ى ساتى تیرۆركردنه‌كه‌شى تۆماركرد، به‌بڕیارى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع
پۆستێكى باڵاى ڕۆشنبیریى پێدراو كرایه به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ڕۆشنبیریى‌و ڕاگه‌یاندن
له‌پارێزگاى دێره‌زور.
به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى، "سەرەڕای ڕوخانی
ڕژێمی تاوانبار بەشار ئەسەد لە 8ی کانونی دووەمی 2024، دوای دەیان ساڵ لەتاوان‌و پێشێلکاریی
بەرامبەر بەسورییەکان کە توشی ئازار‌و ناخۆشی بون، به‌ڵام کەوتنى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش
ئازادیی‌و دادپەروەریی بۆ سورییەکان نەهێنا، به‌ڵكو له‌جێگه‌ى ڕژێمێكى سته‌مكارو
خوێن‌ڕێژ، هه‌مان عه‌قڵیه‌ت ده‌سه‌ڵاتى گرته‌وه‌ده‌ست".
ئه‌وان ده‌ڵێن، "بگره مه‌ترسیدارتریش
هاته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه تێكه‌ڵه‌یه له‌گروپه سه‌له‌فیه جیهادیى‌و تیرۆریستیه‌كانى
وه‌ك نوسره‌و ئه‌نسارسوننه‌و داعش‌و ته‌حریر شام، به‌شێكیش له‌و گروپانه‌ى وه‌زاره‌تى
به‌رگریى سوریا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ڕاسته‌وخۆ فه‌رمان له‌حكومه‌تى توركیا وه‌رده‌گرن،
هه‌روه‌ك چۆن دواى هاتنى ئه‌و گروپانه په‌لامارى عه‌له‌وى‌و دروزه‌كان دراو ئێستاش
په‌لامارى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ده‌ن".
چەند مانگێک دوای ڕوخانی ڕژێم‌و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکان،
سه‌رۆكى سوریا‌و وەزارەتی بەرگرییەکەی، پەلەیانکرد بۆ دانانی تاوانبارانی جەنگی وەک
(محەممەد ئەلجاسم ناسراو به ئەبو ئەمشە، حاتم ئەبو شەقراو سەیفه‌دین بولاد ئەبوبەکر)
بۆ سەرکردایەتیکردنی فیرقە لەسوپای بەناو سوپای سوریا، کە پێشتر هەیانبوه له‌وانه،
هەزاران تاوانی دژ بەسورییەکان بەگشتیی‌و کورد بەتایبەتی ئەنجامداوە، دیارترینیان
تیرۆرکردنی سیاسەتمەداری کورد هه‌ڤرین خەڵەف بوو.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى شارپرێس، یه‌كێك له‌وكه‌سانه‌ى
چه‌ند ڕۆژێكه پۆستێكى باڵاى وه‌رگرتوه به‌بڕیارى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع، حارس ڕباح-ه
كه كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رى ڕۆشنبیریى‌و ڕاگه‌یاندن له‌پارێزگاى دێره‌زورى سوریا.
حارس ڕباح كێیه؟
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست
شارپرێس كه‌وتون، ئه‌وكه‌سه لاى سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان،
به‌تیرۆریستێكى دیار ناسراوه‌و ته‌مه‌نیشى 31 ساڵه‌و له‌بنه‌ڕه‌تدا خەڵکی پارێزگاى
دێرەزۆره.
ئه‌و له‌پلاتفۆڕمه‌كانى تایبه‌ت به‌حكومه‌ته‌كه‌ى
شه‌رع بانگەشەی ئەوەدەکات، چالاکوان‌و کەسایەتییەکی دیارى میدیاییەو بەمشێوەیەش لەلایەن
کەناڵ‌و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشتده‌كرێت، به‌ڵام شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه،
لەلایەن توركیا‌و قه‌ته‌ره‌وه پارەیان بۆ
دابیندەکرێت، به‌فه‌رمیش چه‌كدارێكى تیرۆریستى گروپى (ئەحرار ئەلشەرقیە)یه کە لەلیستی
سزاکانی ئەمریکادا ناویان هاتوە.
هۆكارى ئه‌وه‌ش كه ناوى له‌و لیسته‌دا هه‌یه،
بەهۆی ئەو تاوانانه‌وه‌یه بەرامبەر سورییەکان ئەنجامیانداوە، لەوانە کوشتن،
بازرگانیکردن بەمرۆڤ، ڕفاندن، ئه‌وه جگە لەتیرۆرکردنی سیاسەتمەدارانى كورد به‌تایبه‌تیش
هه‌ڤرین خەڵەف سکرتێری گشتیی پارتی سوریای ئایندە لەمانگی تشرینی یەکەمى ساڵى
2019دا.
حارس ڕباح گرتەیەکی ڤیدیۆیی تیرۆركردنى سیاسەتمەداری
کورد هه‌ڤرین خەڵەفى تۆماركردوه‌و سوكایه‌تى به‌گه‌لى كورد‌و سه‌ركه‌وتنى گروپه‌كه‌ى
خۆى واته (ئه‌حرار شه‌رقیه) ده‌كات، ئه‌مه جگه له‌چه‌ندین دیمه‌نى دیكه كه
به‌ده‌ستى خۆى گوله‌بارانى ژماره‌یه‌ك كه‌سى نه‌ناسراو ده‌كات له‌سنوره‌كانى توركیا‌و
ڕۆژئاواى كوردستان.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، ئه‌و تیرۆریسته دێره‌زوریه،
ساڵی 2015 خۆى گه‌یاندوه‌ته ئه‌ڵمانیاو له‌شارى لوفرستادت نیشته‌جێبوه‌و داواى
مافى په‌نابه‌ریى كردوه، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى حكومه‌تى به‌رلین وه‌ڵامى داواكه‌ى
بداته‌وه، ئه‌ڵمانیاى به‌ره‌و سوریا به‌جێهێشتوه‌و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیكردوه به‌داعش‌و
لەوێنەیەکیشدا لەگەڵ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ده‌ركه‌وتوه کە ئاڵاى داعشیان بەرزکردوه‌تەوە
بەهەڵدانی پەنجەی ئاماژەیان.
