سەرۆک پارتێکی سوری: ڕێککەوتنی هەسەدەو دیمەشق لێکتێگەیشتنێکی ئەمنیی کاتییە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنەس جەودە سەرۆکی بزوتنەوەی بونیادی نیشتمانی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) تائێستا لەناوەڕۆکدا تەنیا لێکتێگەیشتنێکی ئەمنیی کاتییە بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی شەڕ، نەک چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر.


جەودە لەلێدوانێکدا بەپێگەی "نۆرس پرێس"ی نزیک لەئیدارەی خۆسەری ڕاگەیاند، ئەو پێیوایە، ئەم ڕێککەوتنە دەروازەیەکی تەسک بۆ شکاندنی بازنەی توندوتیژی دەکاتەوە، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینەی بەستراوەتەوە بەگۆڕینی بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی نیشتمانیی کە پشت بەنامەرکەزییەت‌و فرەیی ببەستێت، ئەمەش وا دەخوازێت هەسەدە لەچوارچێوەی ناوخۆیی‌و سەربازییەوە بەرەو کاراکردنی ڕۆڵی سیاسیی لەسەرتاسەری سوریادا هەنگاوبنێت.

ناوبراو هۆشداریداوە لەوەی، مەترسیی گەورە لەوەدایە ئەم دۆخە تەنها لەسنوری "ئاگربەستێکی سارددا" بمێنێتەوەو کێشەکان بەهەڵپەسێردراوی بمێننەوە، بەتایبەت کە تورکیا وەک بەربەستێکی سەرەکی دەردەکەوێت‌و هەرجۆرە قەوارەیەکی کوردی بەمەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت.

جەودە دەشڵێت، "هەرچەندە ئەمجارە لایەنەکان بەهۆی ناچارییەوە جدیترن، بەڵام پێشبینیدەکات سەرکەوتنێکی لاوەکیی‌و پچڕپچڕ بەدیبێت کە تێیدا کێشە هەستیارەکانی وەک سەرچاوە سروشتییەکان‌و شێوازی حوکمڕانی بەبێ چارەسەر بمێننەوە".

لەکۆتاییدا جەختدەکاتەوە، نەبونی گەرەنتی دەستوریی ڕێککەوتنەکە بەرەو داڕمان دەبات، بەڵام بژاردەی گەڕانەوە بۆ شەڕ بۆ هەمولایەک تێچوی زۆر قورستر دەبێت.