لەڕۆژئاوا داوادەکرێت مافەکانی کورد لەدەستووردا بچەسپێندرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 163 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەشارەکانی حەسەکە و تل تامر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژاڤا" گردبوونەوەی هاودەنگیی بەرفراوان  کران، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ئازادی بەبێ بەرخۆدان بەدەست ناهێنرێت و خەبات بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت لە ڕووی دەستوورییەوە.

لە چوارچێوەی چالاکییە جەماوەرییەکانی ڕۆژاڤا، بە ئیدانەکردنی هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە یەکگرتوویی کورد، دانیشتوانی شارەکانی حەسەکە و تل تامر لە کانتۆنی جزیرە، دوو گردبوونەوەی هاوپشتییان لە "ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژاڤا" سازکرد.

لە شاری حەسەکە، دانیشتووان لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژاڤا" گردبوونەوەیەکی هاوپشتییان ئەنجامدا و هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی دژی ڕۆژاڤایان شەرمەزار کرد.

هەروەها هێما و پۆستەریان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو: "پەروەردە بە زمانی کوردی مافێکی ڕەوایە"، "ماف و ئازادی ژنان زامنی ژیان و ئازادی لە سوریا" و "گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا ئەرکێکی نیشتمانییە".

 ئاڵدار خەلیل ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ڕایگەیاند کە ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئازادی و خۆڕاگری و بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە باجی ئازادی زۆرە و پێویستی بە خەبات و بەرخۆدانی بەردەوام هەیە، وتی: ئێمە بەرەنگاریان بووینەوە و قوربانی زۆرمان دا لەپێناو چنینەوەی بەرهەمی ئازادی.