شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا لەنوێترین لێدوانیدا هۆشدارییدایە ئێران کە ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکنەکەون، ئەوا توشی ڕوداوی زۆر خراپ دەبن، ئێرانیش هۆشداریدهداتو ڕایدهگهیهنێت، "كهشتیه جهنگیهكانى ئهمریكا ئێستا لهکەنداوی عەدەن لەگەڵ ژێردەریاییەکانی یاوەری جێگیربونه".
دۆناڵد ترەمپ لەکۆشکی سپی بەپەیامنێرانی ڕاگەیاند، "هەر ئێستا گەلەکەشتییەکانمان بەرەو ئێران بەڕێوەن، گەورەترینو باشترین فڕۆکەهەڵگرەکانمان بەڕێگهوەن، وەک ئەوەی بۆ ڤەنزۆیلامان ناردو تەنانەت گەورەتریش، بهڵام جارێ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەئارادایە، ئەگەر بتوانین ڕێکبکەوین زۆرباشە، ئەگەر ڕێکنەکەوین شتی خراپ ڕوو دەدات".
لهوبارهیهوه ئاژانسی هەواڵی فارس، بەپشتبەستن بەسەرچاوەیەکی هەواڵگری ئێرانیی بڵاویكردوهتهوه، "کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی "ئەبراهام لینکۆڵن" لەئێستادا لەنزیک کەنداوی عەدەن لەگەڵ ژێردەریاییەکانی یاوەریی جێگیر بونه".
دوابەدوای قسەکانی ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپاردوە بوار بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ئەمریکا خۆشبکات".
مەسعود پزیشکیان لەنوسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، "بەسەرنجدان بەداوای وڵاتانی دۆستمان لەناوچەکە بۆ وڵامدانەوەی پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەدانوستان، فەرمانم داوەتە وەزیری دەرەوە لەئەگەری بونی کەشێکی گونجاوو بەدور لەهەڕەشەو داواکاریی ناڕەوا، بوار بۆ دانوستانی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای سەربڵندییو حیکمەتو لەچوارچێوەی بەرژهوەندیی نیشتمانیدا خۆشبکات".
بڕیارە ڕۆژی هەینی، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستیف ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئیستەنبوڵ کۆببێتەوەو لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دانوستان بکەن.
