سازش و دەستکەوتەکان... کێ گەورەترین براوەی مەسقەتە؟

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ساتێکی هەستیاری ناوچەیەکەدا، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیان پێکردەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی دیپلۆماسی کە ماوەیەکی درێژ بوو چاوەڕوان دەکرا، بەتایبەت لە سایەی ترسی بەردەوام لە خزانە ناو جەنگێکی سەربازیی سەرتاسەری.

گەڕی یەکەم و دووەمی ئەم دانوستانە ئەتۆمییانە بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف وەک نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەک وەزیری دەرەوەی ئێران کۆتایی هات و هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکتێگەیشتن بۆ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا هەیە.

عێراقچی ڕایگەیاند کە کەشوهەوای گفتوگۆکان ئەرێنی بووە و جەخت لە بەرژەوەندییەکانی تاران و مافەکانی گەلی ئێران کراوەتەوە، بەڵام هاوکات ئاماژەی بە بوونی جۆرێک لە بێ متمانەیی لە نێوان هەردوولادا کرد چونکە پرۆسەکە هێشتا لە سەرەتادایە.

چاودێران پێیان وایە ئەم دانوستانانە زیاتر هەوڵێکە بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان نەک چارەسەرێکی خێرا، چونکە هێڵە سوورەکان و گوشارەکان لە هەردوولا بەهێزن.

 ڕەزوان قاسم، دامەزرێنەری سەنتەری برۆجن بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە دەستپێکردنی گفتوگۆکان نیشانەی ئەوەیە کە نە دۆناڵد ترەمپ و نە تاران هیچ کامێکیان نایانەوێت بچنە ناو جەنگێکی سەربازییەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە لە عومان لەبری تورکیا و قبوڵکردنی ئاستی بەرزتری پیتاندنی یۆرانیۆم لە 3.5%، بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ ئێران دادەنرێت. واشنتۆنیش ڕەنگە بییەوێت کات بکوژێت تا هەڵبژاردنە نیوەییەکان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی جەنگ کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییەکانی کۆمارییەکان نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی ئەکبەر بەرزونی، شرۆڤەکاری ئێرانی، جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە پێگەی هێزەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە و پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافێکی سیادیی خۆی دەزانێت.

ئەو دەڵێت بەرنامە موشەکییەکەی ئێران هێڵێکی سوورە و جێگەی گفتوگۆ نییە، چونکە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری و هەروەها پەیوەندییە هەرێمییەکانی تاران ناخرێنە سەر مێزی دانوستان. داواکاری سەرەکی ئێرانیش لادانی کردارەکیی سزاکان و وەرگرتنی گەرەنتییە بۆ ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕێککەوتنەکە نەکشێتەوە.

سەعید شاوەردی، شارەزای کاروباری ئێران، تێڕوانینێکی توندتری هەیە و دەڵێت ئەمریکا پێش دانوستانەکان جەنگێکی دەروونی دەستپێکرد بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڕیارەکان هەبێت، بەڵام تاران ئیرادەی خۆی نواند و ڕەتی کردەوە باس لە دۆسیە غەیرە ئەتۆمییەکان بکات.

 ئەو پێی وایە کورتکردنەوەی گفتوگۆکان تەنیا لەسەر مەلەفی ئەتۆمی و دیاریکردنی شوێنەکەی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵگەی پاشەکشەی ئەمریکایە بەرانبەر لایەنێک کە کارتی هێزی بەدەستەوەیە.

 لە کۆتاییدا، شاوەردی پێیوایە سەرکەوتنی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە بەندە بەوەی تا چەند واشنیۆن ئامادەیە دان بە مافە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بنێت و واز لە سیاسەتی هەڕەشە و دەستوەردان بهێنێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی