شارپرێس:
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات کە هەڕەشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2025ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئاڵۆزتر بووە.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە، داعش و لقەکانی نەک هەر لە عێراق و سووریا بەردەوامن لە هێرشەکانیان، بەڵکو دەسەڵاتی خۆیان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا و ناوچەی ساحلی ئەفریقیا بەرفراوانتر کردووە.
لە ئەفغانستانیش، "داعشی خوراسان" وەک یەکێک لە مەترسیدارترین گروپەکان دەمێنێتەوە کە هێرشەکانیان گەیشتووەتە شوێنە دوورەکانی وەک ئوسترالیا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە داعش شێوازی کارکردنی خۆی نوێ کردۆتەوە و ئێستا سوود لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک دراوە دیجیتاڵییەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیرەکیی دەستکرد وەردەگرێت بۆ پەرەپێدانی توندڕەوی و ڕاوکردنی گەنجان و منداڵان.
هاوکات کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کەمپی هۆل لە سەرەتای ساڵی 2026، تەحەددییەکی مرۆیی و ئەمنیی نوێی دروست کردووە، بەتایبەت کە هەزاران ژن و منداڵی بیانی لەوێدا ماونەتەوە و وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.
ئەم دۆخە وای کردووە ئەمریکا دەست بکات بە گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی ڕاکردن یان سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە.