بۆچی ئێران رازیی نەبوو لەتورکیا دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا بکات؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە زاری دیپلۆماتکارێکی عەرەبییەوە ئاشکرایکردووە کە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەدەچێت، بەڵام چوارچێوەی گشتیی کۆبونەوەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. 

ئەم هەواڵە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو شوێنی دانوستانەکان هێشتا دیاری نەکراوە، چاودێران هۆکاری ئەم داواکارییەی ئێران بۆ چەند خاڵێک دەگێڕنەوە، لە سەروویانەوە گەرەنتی کردنی ئەوەی کە دانوستانەکان دووقۆڵی بن و دوور بن لە کاریگەریی هێزە هەرێمییەکانی دیکە، بەتایبەت ئیسرائیل. هەروەها تاران دەیەوێت ڕێگری لە تورکیا بکات لەوەی ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت و ببێتە چەقێکی سەرەکی لە سیستەمی هەرێمایەتییدا.

سەرچاوە دیپلۆماتییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیار دراوە شوێنی کۆبونەوەکە لە ئەستەنبوڵەوە بۆ مەسقەت بگوازرێتەوە. بەرپرسێکی عەرەبی ئاگادار دەڵێت ئەم گۆڕانکارییە لەسەر داوای ئێران بووە، چونکە تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی تەنیا باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکرێت، لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت دۆسیەی دیکەی وەک بەرنامەی موشەکیی و دارودەستەکانی لە ناوچەکە بخاتە ناو بەرنامەی کارەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسیش جەختی کردۆتەوە کە ئیدارەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی شوێنەکە داوە و ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئاستی بەشداری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو دانوستانانەدا دەکرێت.
ئامانجی سەرەکیی ئێران لەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە دانوستانەکان بە ناڕاستەوخۆ و دوور لە چاوی چاودێرانی وڵاتانی وەک قەتەر، ئیمارات، سعوودیە، میسر و پاکستان بمێنێتەوە، کە بڕیار بوو لە ئەستەنبوڵ ئامادە بن. تاران دەترسێت بەشداریی ئەو وڵاتانە فشارەکان زیاد بکات بۆ باسکرنی پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵڵا و حوسییەکان.

لە ڕووی سیاسیی ناوخۆییەوە، سەرکردایەتیی ئێران دەتوانێت دانوستانە ئەتۆمییەکان وەک بابەتێکی تەکنیکی بە گەلەکەی بفرۆشێتەوە، بەڵام باسکردنی موشەک و هاوپەیمانە هەرێمییەکان وەک پاشەکشە لە هێزی ستراتیژی و بەرگریی دەردەکەوێت کە بابەتێکی زۆر هەستیارە. 
جگە لەوەش، عومان وەک نێوەندگیرێکی جێی متمانە و خاوەن ئەزموون لە نێوان واشنتۆن و تاران دەبینرێت و دوورە لەو بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییانەی کە تورکیا هەیەتی. بەم هەنگاوە، ئێران هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوونە چەقی نێوەندگیریی و فراوانکردنی بازنەی گفتوگۆکان پوچەڵ دەکاتەوە.